شاندێکی TBI لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەبانکیکردنی مووچە کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سبەی شاندێکی بانکی بازرگانیی عێراق (تی بی ئای) لە هەولێر لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە. بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق بە رووداوی گوت، گرفتەکانی مووچەی مانگی چوار چارەسەر دەبن و پارەکە دەنێردرێت.
فازل نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی: "سبەی یەکشەممە شاندێکی بانکی TBI لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە".
فازل نەبی گوتی: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دانیشتنەکاندا لە بەغدا نزیکبوونەوەی دروستکردووە بۆ چارەسەری بەجێکردنی مووچە لە رێگەی بانکی TBIیەوە. بەڕێوەبەری گشتیی بانکی TBI پێی گوتم کە سەرۆکوەزیرانی عێراق گوشاری کردووە بەبانکیکردنی مووچە تەواو بکەین. وەک بەڕێوەبەرەکەی TBI گوتی، سوودانی رایگەیاندووە نایانەوێت مووچەی هەرێمی کوردستان رابگیرێت."
لەبارەی پڕۆژەی هەژماری منەوە فازل نەبی رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا عێراق رەزامەندیی لەسەر پڕۆژەی هەژماری من نەداوە. بەجێکردنی مووچە لە رێگەی بانکی TBIیەوە ئاسانترە و بەڕێوەبەری گشتیی بانکی TBI پێی گوتم، ئەگەر پێویست بکات 500 فەرمانبەر دەنێرمە کوردستان بۆ ئەو بابەتە."
فازڵ نەبی دەڵێت: "گوشارێک لەسەر وەزارەتی دارایی عێراق هەیە کە ئەگەر دەست بەجێکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان نەکرێت، ئەوا ناردنی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان رادەگرن"؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەو گوشارەی هەیە گرفت بۆ مووچەی مانگی چوار دروست ناکات و مووچەی مانگی چوار دەنێردرێت، بەڵام ئەگەر چارەسەر نەکرێت، گرفت بۆ مووچەی مانگەکانی دیکە دروست دەکات".
فازڵ نەبی باسی لەوەشکرد: "عێراق داوای داهاتی نەوتی و نانەوتی لە هەرێمی کوردستان دەکات، ئەوەش یەکێکە لە گرفتەکانی بەردەم مووچەی مانگی چوار. عێراق داوای 905 ملیاری دینار داهاتی نێوخۆی دوو مانگ لە هەرێمی کوردستان دەکات".