رێبەر ئەحمەد: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران زۆر نابەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ پرسی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان دەکات

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی حکومەتی فیدراڵیی عێراق، بەوە تۆمەتبار دەکات، کە ''زۆر نابەرپرسانە'' مامەڵە لەگەڵ پرسی پەنابەران لە هەرێمی کوردستان دەکات؛ ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانی خێرخواز لە دابینکردنی خزمەتگوزاریی پەنابەران، هاوکاری هەرێمی کوردستان بن. 
 
رۆژی پێنجشەممە 05-04-2023، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی کردنەوەی ناوەندی تۆمارکردن و پاراستنی پەنابەران لە شاری هەولێر، رایگەیاند ''ناوەندی تۆمارکردن و پاراستنی پەنابەران کە ئەمڕۆ دەکرێتەوە، هەموو ئۆرگانەکانی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان لێرە کۆدەکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانن لێرەوە راستەوخۆ خزمەتگوزارییەکان پێشکێشی پەنابەران بکەن''.
 
رێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، ئەم ناوەندە، خزمەتگوزاری پێشکێش بە زیاتر لە 100 هەزار ئاوارە و پەنابەر دەکات، کە زۆربەیان نیشتەجێی هەولێرن.
 
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەبارەی دۆخی گەڕانەوەی پەنابەر و ئاوارەکان بۆ وڵات و شارەکانی خۆیان گوتی، دۆخەکە هێشتا ئاسایی نییە و رێکارەکان وەکو پێویست نین ''بەڵام تا ئەو کاتەی پەنابەران لێرە بن، خەڵکی کوردستان، حکومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، ئەوەی لە توانایاندا بێت، لە هاوکاریکردنیان درێخی ناکەن.
 
رێبەر ئەحمەد بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاریی زیاتر بە پەنابەر و ئاوارەکان، داوای لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانی خێرخواز کرد، ئەم ئەرکە تەنیا بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی جێنەهێڵن و گوتی، ''راستە عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە، بودجەیەکی زۆری هەیە، بەڵام بەداخەوە لە بواری کاروباری ئاوارە و پەنابەراندا وەکو پێویست ئەرکی خۆی جێبەجێ ناکات''.
 
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رەخنەی تووندی لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، کە بەرپرسی یەکەمی دۆسیەی ئاوارە و پەنابەرانە و گوتی ''نابەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ بابەتی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان دەکات و هەموو کات ئەم بابەتەی لە رووی سیاسییەوە سەیر کردووە، جێگەی داخە ژیانی ئاوارە و پەنابەران بۆ مەبەستی سیاسی بەکاربهێنرێت''.
 
رێبەر ئەحمەد لەگەڵ ئەوەی کە سوپاسی هەموو لایەنە یارمەتیدەر و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات کە لە پرۆسەی خزمەتگوزاریی پەنابەراندا هاوکار بوون، گلەیشییان لێدەکات ''لەبەرئەوەی دەڵێن عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە و تیرۆر کۆتایی هاتووە، کە بە رای ئێمە مەترسیی تیرۆر هێشتا بەردەوامە، پێمانوایە جێی خۆیەتی ئەم گلەییە ئاراستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتی عێراق بکەین کە وەکو پێویست بە هانای ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان نایەن''.
 
وەزیری ناوخۆ جەختی لەوە کردەوە، لەگەڵ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان بۆ وڵاتی خۆیانن، ''بەڵام هیچ کات ئەوە نابینن کە لە هەرێمی کوردستان بڕیار بدەین کەمپەکان بە رووی خەڵکێک کە پێویستی بە هاوکاری هەیە دابخرێن، بۆیە چاوەڕوان دەکەین حکومەتی عێراق، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق پیشەییانە مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا بکەن و واز لە موزایدە و لێدوانی سیاسی بێنن''.
 
بەپێی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان لە هەرێمی كوردستان، 926 هەزار و 18 ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان هەن، لەو ژمارەیە 664 هەزار و 237 کەسییان ئاوارەن و 261 هەزار و 781 کەسییان پەنابەرن، ساڵانەش بۆ خەرجی ئەو ئاوارە و پەنابەرانە، هەرێمی کوردستان پێویستی بە 866 ملیۆن دۆلارە.
 
رێبەر ئەحمەد پێیوایە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال، بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان پێویستە ''بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی لە بەغداوە بە ئاراستەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال نەنراوە''.
 
رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2020 واژۆکرا. رێککەوتنەکە لە چەند خاڵێک پێکهاتووە کە دیارترینیان دەرکردنی هەموو هێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستانە (پەکەکە)ـەیە لە شنگال؛ لەگەڵ راسپاردنی ئەرکی پاراستنی ئاسایشی شارەکە بە پۆلیس و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگریی فیدراڵی، هەروەها دانانی قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال و ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و رەخساندنی زەمینە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان.
 
وەزیری ناوخۆ رەتیکردەوە تائێستا هیچیەک لە خاڵەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێکرابێت و دەڵێت ''هێشتا پەکەکە و هێزە نایاساییەکان بوونێکی بەهێزیان لە شنگالدا هەیە و رێگری سەرەکین لەوەی ئێزدیان بگەڕێنەوە ناوچەی خۆیان، لە بری ئەوەی پۆلیسی خۆجێیی دروست بکرێت، هێزی زیاتر بۆ شنگال رەوانە کراوە".