لاهوور شێخ جەنگی لە هەولێر سەردانی کۆمەڵ و یەکگرتوو دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ شاندێک بە سەرۆکایەتی لاهوور شێخ جەنگی لە شاری هەولێر سەردانی کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەکات. ئەندامێکی شاندەکە دەڵێت: "کۆبوونەوەکان لەبارەی بارودۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردن دەبن".
 
رۆژی پێنجشەممە 04-05-2023 شادومان مەلا حەسەن، ئەندامی شاندەکەی لاهوور شێخ جەنگی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆبوونەوەکان پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستپێدەکەن".
 
بەگوتەی شادومان مەلا حەسەن، لاهوور شێخ جەنگی بە یاوەری شاندێکی سەرکردایەتیی یەکێتی سەردانی ئەو دوو هێزە سیاسییە دەکات کە پێکدێن لە خۆی "لیوا چەتۆ ساڵح، ژینۆ محەممەد.

 

شادومان مەلا حەسەن گوتیشی، کاژێر 11:00 لەگەڵ سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان کۆدەبینەوە و دوانیوەڕۆ لەگەڵ عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان کۆدەبنەوە. 
 
لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە شادومان مەلا حەسەن گوتی: "لە بارەی بارودۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردن دەبێت".
 
ئەمە دووەم سەردانی لاهوور شێخ جەنگییە بۆ لای لایەنە سیاسییەکان، دوای ئەوەی لە رێگەی راگەیاندنەکانییەوە خۆی وەکو "هاوسەرۆکی یەکێتی" ناساند. 
 
رۆژی یەکشەممە 19-03-2023 لاهور شێخ جەنگی، پەروین کاکەحەمە، ژینۆ محەممەد، سەردانی مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕانیان لە شاری سلێمانی کرد و لەلایەن عومەر سەید عەلی، جەمال ‌‌حاجی محەمەد، سەفین مەلا قەرە و بەختیار ئەولی پێشوازییان لێکرا.
 
رۆژی 8ـی تەممووزی 2021، ئاڵۆزییەکانی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زەقبوونەوە دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی ئەوکاتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرپرسانی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆری گۆڕی، ئەوەش نیگەرانیی لاهوور شێخ جەنگی لێکەوتەوە و دواتر پەیوەندییەکانیان گرژتربوو، تاوەکو گەیشتە ئەوەی رۆژی 15ـی تەممووز مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەسەڵاتەکانی لە لاهوور شێخ جەنگی وەکو هاوسەرۆک وەرگرتەوە.
 
دواتر لاهوور شێخ جەنگی بە تۆمەتی پێشێلکردنی پەیڕەوی یەکێتی و بڕیاری نایاسایی، لە بەغدا و سلێمانی، سکاڵای یاسایی لەدژی بافڵ تاڵەبانی تۆمارکرد.
 
رۆژی 28-08-2022 لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گفتوگۆ لەبارەی هەمواری پەیڕەوی نێوخۆی حیزبەکە کرا و پەیڕەوێکی نوێ پەسندکرا، کە تێیدا سیستمی هاوسەرۆکایەتیی هەڵوەشێنرایەوە. 
 
دواتر بافڵ تاڵەبانی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی یەكێتی بەربژێرکرد و بە دەنگی 89 ئەندامی ئەنجوومەنەکە بە سەرۆکی یەکێتی دەستنیشانکرا.
 
رۆژی 22-2-2023 لاهوور شێخ جەنگی، خۆی بە "هاوسەرۆکی یەکێتی" ناساند و لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند: "دوای ساڵ و نیوێک لە پشوودرێژی، سەرەنجام بە بڕیاری دادگا هەموو مافە سیاسییەکانمان بۆ گەڕایەوە کە بە شەرعییەتی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بە دەنگی ئەندامان و کادری دڵسۆزی یەکێتی بەدەستمان هێنابوو، هەر بۆیە لە ئەمڕۆوە وەک هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەست دەکەینەوە بە چالاکییە سیاسییەکانمان".
 
دوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی لاهوور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی، رۆژی سێشەممە 02-11-2021 سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتی بە رووداوی گوت، جگە لە لاهوور شێخ جەنگی، هەر یەک لە ئاراس شێخ جەنگی، ئاڵا تاڵەبانی، ژینۆ محەممەد و شادومان مەلا حەسەن لە سەرکردایەتیی یەکێتی دوورخراونەتەوە.