وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق: ئەم کابینەیە تەواو جیدییە لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق وەڵامی قسەکانی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەداتەوە کە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی حکومەتی فیدراڵیی عێراقی بەوە تۆمەتبار کرد ''زۆر نابەرپرسانە'' مامەڵە لەگەڵ پرسی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان دەکات و گوتی، "ناتوانم ئاوارەکان لە خێوەتەکانیان دەربهێنم، چونکە بڕیارەکە بەدەستی من نییە".

رۆژی پێنجشەممە، 4-5-2023، ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە پانێڵێکدا لە دیداری عێراق بۆ سەقامگیری و خۆشگوزەرانی کە لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، وەڵامی قسەکانی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانی دایەوە کە عێراقی بە جێبەجێنەکردنی ئەرکەکانی بەرامبەر بە ئاوارە و پەنابەران تۆمەتبارکرد.
 
وەزیرەکەی عێراق رایگەیاند، "گوتارەکەی برای خۆشەویستم رێبەر ئەحمەدیان بۆ ناردم، دوو سێ مانگ دوای وەرگرتنی وەزارەت، ئەو تیمێکی ناوەندی قەیرانەکان و رێکخراوی بارزانی (کە من زۆر رێزیان دەگرم) نارد بۆ لام، قەڵخان و نووسراوی سوپاسگوزاریی بۆ خۆم و بۆ وەزارەتیش نارد، بۆیە بەیانییەکەی سێڵفییەکم لەگەڵ گرتن، گوتم بۆی دەنێرم، چونکە ئەوە دژ بەیەکە، تۆ پێش چەند مانگێک قەڵخان و نووسراوی رێز و سوپاسم بۆ دەنێریت بەهۆی ئەو پشتیوانییە زۆرەم بۆ ئەو ئاوارانەی لە هەرێمی کوردستانن، کەچی ئەمڕۆ لێدوانی دیکە دەدەیت."
 
رۆژی پێنجشەممە 05-04-2023، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی کردنەوەی ناوەندی تۆمارکردن و پاراستنی پەنابەران لە شاری هەولێر، بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاریی زیاتر بە پەنابەر و ئاوارەکان، داوای لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانی خێرخواز کرد، ئەم ئەرکە تەنیا بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی جێنەهێڵن و گوتی، ''راستە عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە، بودجەیەکی زۆری هەیە، بەڵام بەداخەوە لە بواری کاروباری ئاوارە و پەنابەراندا وەکو پێویست ئەرکی خۆی جێبەجێ ناکات''.
 
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەبارەی دۆخی گەڕانەوەی پەنابەر و ئاوارەکان بۆ وڵات و شارەکانی خۆیان گوتی، دۆخەکە هێشتا ئاسایی نییە و رێکارەکان وەکو پێویست نین ''بەڵام تا ئەو کاتەی پەنابەران لێرە بن، خەڵکی کوردستان، حکومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، ئەوەی لە توانایاندا بێت، لە هاوکاریکردنیان درێخی ناکەن".
 
ئیڤان فایەق پێیوایە قسەکانی رێبەر ئەحمەد "پاڵنەری سیاسییان" لەپشتەوەیە و دەڵێت، "بەهۆی هەندێک لەو لێدوانانەی من داومە و گوتوومە دەبێت رێککەوتننامەی شنگال بە هەموو تەوەرەکانییەوە جێبەجێ بکرێت [بۆیە ئەو قسانە کراوە]، گرنگ ئەوەیە ئیرادەیەکی راستەقینەمان هەبێت بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال و دەبێت ئاوەدانبکرێتەوە بۆ ئەوەی خێزانەکان بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان."
 
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق باسی لەوەش کرد، "لە هەموو سەردانەکانم بۆ کەمپەکان، دەڕۆم لەگەڵیان دەخۆم و دەخۆمەوە و لەگەڵیان دادەنیشم، ئەوە خۆی لە خۆیدا بە داوای لێبووردنم لێیان دەزانم، چونکە ناتوانم لە خێوەتەکانیان دەریانبهێنم، چونکە بڕیارەکە بەدەستی من نییە، لایەنی سیاسیی هەن کۆنترۆڵی هەموو ئەو کەمپانەیان کردووە کە ماونەتەوە، بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ دەتوانم لە رێگەی ئەو چالاکییانەی لە کەمپەکان دەیانکەم داوای لێبووردنێکە، بەڵام من پشتیوانییان دەکەم و ئامادەم و بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداری هیچ ئاوارەیەک نابم، سەرباری ئەوەی لەماوەی رابردوو رووبەڕووی زۆر هەوڵی خستنی سیاسیی بوومەوە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک نابێتە تەگەرە یان رێگرییەک لەبەردەمم بۆ ئەوەی کارەکانم بکەم، من بەردەوامم و چی لە رێگەی سەردانەکانمەوە، چی لە رێگەی هەندێک لەو لیژنانەی لەگەڵ ئاوارەکان پێکهێنراون و پشتیوانییان دەکەین و یارمەتییان دەدەین و هەموو پێداویستییەکانیان پڕدەکەینەوە و ئەوە بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و مرۆییە و هیچ پەیوەندییەکی بە سیاسەتەوە نییە."
 
لەبارەی پرسی ئاوەدانکردنەوەی شنگالیش، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، "ئەم حکومەتە یەکەم کابینەیە کە رژدبێت لەسەر ئاوەدانکردنەوەی شنگال، بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی بڕی 500 ملیار دیناری بۆ ئەو بابەتە تەرخانکردووە، سەرباری ناڕازیبوونی هەندێک لایەنی سیاسی، ئەوە هەنگاوێکی ئەرێنییە، چونکە سەرجەم حکومەتەکانی پێشوو رووبینیی ئەو لایەنە سیاسییەیان دەکرد کە دەیگوت پێویستە هەموو رێککەوتننامە سیاسییەکە لەسەرەوە بۆ خوارەوە جێبەجێ بکرێت لەسەر حیسابی ئەو گوناهانە، بۆیە ئەوەش نیازێکی سیاسیی تێدابوو، بەڵام ئەم حکومەتە بە تاپۆکردنی زەوییەکانی شنگال پێموایە تەواو جیدییە بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، بەڵام پێموانییە ئێستا بێت، رەنگە دوای هەڵبژاردن بێت."