نێچیرڤان بارزانی: هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە لەمە زیاتر هەڵبژاردن دوانەخرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، کێشەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام وەکو سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەوڵیان داوە کێشەکان چارەسەر بکەن و ببنە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی لایەنە سیاسییەکان. دەشڵێت، بەغدا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان مامەڵە دەکات کە لە بەشی زۆری حیزبەکان پێکهاتووە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیداری عێراق لە بەغدا بەشداری لە پانێڵی "هەرێمی کوردستان لایەنێکی کارا لە گۆڕەپانی نیشتمانیدا" کرد، لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە رایگەیاند، "من ئەرکی خۆمم بەجێگەیاندووە و داوام لە لایەنە سیاسییەکان کردووە کە پابەندی ئەو کاتە بن کە دیاریکراوە، هەموو هەوڵێکمان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە ئەو هەڵبژاردنە زیاتر دوانەخرێت."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا باسی لە کێشەکانی نێوان حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، کێشەی سیاسی لەنێوان لایەنە سیاسییەکان هەیە، "بەڵام ئێمە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە کە سەرۆکایەتی ببێتە چەترێک بۆ ئەوانەی کێشەیان هەیە و بەردەوامیش دەبین لەو رۆڵەمان."
نێچیرڤان بارزانی لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی حکومەت لەلایەن تیمی یەکێتییەوە گوتی، دەرچوونی تیمی یەکێتی لە حکومەت، "هەنگاوێکی راست نەبوو، چونکە یەکێتی پێکهێنەرێکی سەرەکیی ئەم حكومەتەیە". سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە "جەنابی سەرۆک مام جەلال و سەرۆک بارزانی دوای ئاشتبوونەوە، هەنگاوی زۆر گەورەیان ناوە" بەڵام پێیوایە کە یەکێتی بە چوونە دەرەوەی لە حکومەت، "نە خزمەتی بە یەکێتی و نە گەلی کوردستانیش نەکردووە."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشتر داوای گەڕانەوەی تیمی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکانی حکومەت کردووە و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش چەند جارێک ئەو داوایەی کردووە، بۆیە نێچیرڤان بارزانی دووبارە داوای کردەوە کە تیمی یەکێتی بگەڕێنەوە نێو کۆبوونەوەکان و بۆ ئەوەش داوای کرد محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆڵی خۆی لەو چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بگێڕێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووبارە پشتیوانی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و رایگەیاند، عێراق بەوە سەرکەوتوو دەبێت کە هەموو پێکهاتەکان لە وڵاتەکە خۆیان بە خاوەنی بڕیار بزانن و هەموو پێکهاتەکان دەبێ ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵگرن، چونکە دوای چەندین ساڵ؛ گەلی عێراق چاوەڕێی ئەوەیە کە خۆشگوزەرانی ببینێت.
نێچیرڤان بارزانی باسی لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغداش کرد و گوتی، گەشبینە بەوەی کە ئەو رێککەوتنە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت. باسی لەوەش کرد کە عێراق "عومقی ستراتیژیی هەرێمی کوردستانە و کێشەکانی ئێمەش لە بەغدایە و لە هیچ شوێنێکی دیکە نییە."
لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش بۆ تورکیا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، تیمێکی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ تورکیا لەسەر هێڵن و گەشبینە کە بەمزووانە هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە، ئەوەش دوای چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکان.
نێچیرڤان بارزانی پێیوایە هیچ بڕیارێکی سیاسی نییە بۆ رێگری لە هەناردەکردنەوەی نەوت و گوتی، هەندێک بابەتی تەکنیکی ماوە و چاوەڕێن ئەو بابەتانە یەکلاببنەوە، بۆیە گەشبینە کە پێش دوو هەفتەی داهاتوو ئەو پرۆسەیە دەستپێبکاتەوە. گوتیشی، راگرتنی هەناردەکردنی نەوت تەنیا پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە هەموو عێراقەوە هەیە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت ئەو کێشەیە بەزوویی چارەسەر بکرێت، چونکە مانگێکە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە نەکراوە، ئەوەش کێشە بۆ دابەشکردنی مووچە دروست دەکات و بارگرانییەکی زیاتر دەخاتە سەر ئەستۆی حکومەتی عێراق، چونکە عێراق دەبێ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.
دەقی پرسیار و وەڵامی نێچیرڤان بارزانی لە دیداری عێراق:
پرسیار: لەم ماوەی دواییدا زوو زوو سەردانی بەغدا دەکەن. بە هەموو پێوەرەکانەوە تەواوی سەردانەکانتان سەرکەوتوون، بەڵام ماوەیەک قسە و باس هەبوو بەتایبەتی لە کۆبوونەوە و باسوخواسی نێوان دەستەبژێرانی سیاسییدا، گوایە بەڕێزتان دەتانەوێ ببنە سەرۆکی هەموو عێراقییەکان. لەم سۆنگەیەدا نێچیرڤان بارزانیی کێیە، کە ئێوە دەتانەوێ بەرامبەر هەموو عێراق پێناسەی بکەن؟
نێچیرڤان بارزانی: سەرەتا زۆر سوپاستان دەکەم بۆ ئەم دەعوەتە، زۆر سوپاس. یەکەم شت هاتنی ئێمە بۆ بەغدا، بەغدا پایتەختی عێراقە، پایتەختی ئێمەیە و وەکو وەزیفەش بەپێی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم، ئەرکی سەرشانی منە کە بەردەوام هەوڵبدەم پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا بەرەو باشتر بڕوات. وەکو هەر عێراقییەک، شانازییە ئەگەر سەرۆککۆماری ئەم وڵاتە بم، بەڕاستی هاتنی من بۆ بەغدا کە سەرۆکوزیرانیش بووم هاتبووم، کە سەرۆکی هەرێمیشیم هاتوومەتە بەغدا. هاتنی من بۆ بەغدا زۆر زۆر ئاساییە، بەهۆی ئەوەی ئێمە لە چوارچێوەی ئەم وڵاتەدا دەژین پێی دەڵێن عێراق، بە بەردەوامیش دێین بۆ بەغدا. بوونی سەرۆککۆماریش وەک هەر عێراقییەک شانازییەکی گەورەیە، بەڵام ئەوە لە بەرنامەی شەخسی مندا نییە وەک ئێستا. سوپاس بۆ خوا هەڵبژاردن کراوە و ئێستا ئێمە سەرۆککۆمارمان هەیە و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین.
پرسیار: هەرێمی کوردستان کە بەڕێزتان سەرۆکین، هەمیشە لە گەشەسەندن و پێشکەوتندایە. ئەم جیاوازییە هەموو کەس دەیبینێت و بەدی دەکات کاتێک سەردانی بەغدا دەکات و دواتر سەردانی هەولێر دەکات بەدڵنیاییەوە هەست بە جیاوازییەکە دەکات. حکومەتەکەتان کاری دەکرد بۆ راکێشانی سەرنجی وەبەرهێنانی بیانی، راستە لەم بوارەدا لەگەڵ عێراقدا جیاوازن، بەڵام کۆکن لەسەر ئەوەی ناکۆکیی سیاسی لەم نێوەندەدا هەیە کە بە خنکێنەر ناسراوە. ئێوە پێشتر سەردانی بەغداتان دەکرد، لە کوردستان ناکۆکی و کێشەی حیزبی و سیاسیتان هەبوو، بەڵام کە دەهاتنە بەغدا بەیەکگرتوویی دەهاتن. بۆچی ئەمڕۆ ئەم لێکترازانە لەنێوان سەرکردەکانی کورد بەدی دەکرێت و چۆن دەکرێت ئەم بۆشاییانە پڕ بکرێنەوە؟
نێچیرڤان بارزانی: با من لەم راستییەوە دەستپێبکەم، ئەو ئاوەدانییەی لە هەرێمی کوردستان کراوە، بێگومان بە بەراورد لەگەڵ شوێنەکانی دیکەی عێراق ئێمە زووتر دەستمان پێکردووە. ئێمە لە ساڵی 1991ـەوە بناخەمان دانا دوای ئەوەی رژێمی رابردوو دامەزراوەکانی خۆی لە هەرێمی کوردستان کشاندەوە، ئێمە لەو کاتەوە ئیدارەیەکمان دانا. راستە بەرزی و نشێوی و کێشەی هەبوو، بەڵام ئەوکاتە ژینگەیەکی نوێ هەبوو کە توانیمان هەندێک خزمەتگوزاریی بکەین، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیێنێت کە هەرێمی کوردستان زۆر جیاوازە لە شوێنەکانی دیکە. ئێستاش لە هەرێمی کوردستاندا ئێمە نەهامەتیی زۆرمان هەیە لە بابەتی ژێرخانەکاندا، کێشەی گەورە هەیە و ئێستاش کێشەی کارەبا لە هەرێمی کوردستان هەیە. ئێستاش ئەو پێوەرانەی کە لە وڵاتانی جیهاندا پێی دەگوترێت پێوەری پێشکەوتن و ئەگەر بەراوردی بکەین لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هێشتا ئێمە بە شێوەیەکی گشتیی لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش زۆرمان ماوە بگەینە ئەم پێوەرانە.
دوای 2003یش ئەو کێشانەی بەداخەوە لە شوێنەکانی دیکەی عێراق هەبوو، هەرێمی کوردستان تائاستێکی دیاریکراو ئەم کێشە ئەمنییانەی هەبوو، بەڵام ئێستا خۆشحاڵین بەوەی ئێمە دەبینین لە هەموو شوێنەکانی عێراق دوای چەندین ساڵ لە شەڕی دژ بە تیرۆریستان و ئەو کێشانەی لە عێراقدا هەبوون، دەبینین لە هەموو شوێنەکانی عێراق وردە وردە بەرەو ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی دەڕوات. سەبارەت بە ئێمە لە هەرێمی کوردستان هیچ جیاوازییەک لە نێوان بەغدا و بەسرە و سلێمانی و هەولێر و دهۆک نییە. هەر پێشکەوتنێک لە هەر شوێنێکی عێراق ببینین، ئێمە بە پێشکەوتنی خۆمانی دەزانین. هەر پرۆژەیەکی باش لە هەر شوێنێکی عێراق بیبینین ئێمە دڵخۆش دەبین. هەروەها کاتێک دەبینین دۆخی خەڵک باش نییە، ئێمەش دڵگران دەبین. ئەو خاڵەی بەڕێزتان باستان کرد، بەدڵنیاییەوە کێشە لە هەرێمی کوردستان هەیە و من ناتوانم بڵێم ئێمە هیچ کێشەیەکمان نییە و هەموو شتێک تەواوە. کێشەی سیاسیی لەنێوان حیزبەکاندا هەیە، کێشەی سیاسیی لەناو هەرێمی کوردستاندا هەیە، بەڵام ئێمە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکمان ئەوەیە ئەو کێشانەی هەن، لەژێر چەتری سەرۆکایەتیی هەرێم چارەسەر بکرێن. لە سەرۆکایەتیی هەرێم دوو جێگرم هەیە یەکیان یەکێتین و ئەوی دیکەیان گۆڕانە. ئێمە پێکەوە هەموو لایەکمان کاردەکەین کە سەرۆکایەتیی هەرێم ببێتە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی هەموو نەیاران و ئەوانەی کێشەیان هەیە. هەمیشە وەک سەرۆکایەتیی هەرێم رۆڵ دەگێڕین بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان.
پرسیار: هەمووان شایەتیت بۆ دەدەن، کە بەڕێزتان سەرجەم لایەنەکان لە مێزی گفتوگۆ کۆدەکەنەوە. دوو رۆژ بەر لەئێستا کۆبوونەوەیەک لە نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان ئەنجامدرا، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەنەبوو. هەوڵەکانتان بۆچی چارەسەریی هەمیشەیی بەدوادا نایێت؟ هاوکات ئێوە هاوکاریی بەغداش دەبن بۆ ئەوەی ناچار نەبن لەگەڵ دوو تیمی جیاواز کۆببنەوە و دیدار بکەن. ئێستا حکومەتی بەغدا مامەڵە لەگەڵ دوو لایەنی جیاوازی کوردی دەکات جیاواز لە بیروبۆچوونی سیاسیی و رەنگە لە ئاراستەی چوونیش بۆ بەغدا جیاوازییان هەبێت؟
نێچیرڤان بارزانی: خۆی بەغدا مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات. مامەڵەی بەغدا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە تاوەکو ئێستاش حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لایەنە سیاسییەکانی وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان و پێکهاتەکانی دیکە پێکهاتووە، واتە حکومەتی هەرێمی تەنیا لە یەک لایەن پێکنەهاتووە. مامەڵەی بەغداش لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانە. سەبارەت بە کۆبوونەوەی نێوان یەکێتیی نیشتمانی و گۆڕان، ئێمە پێمانخۆشە هەر رێککەوتنێک لەنێوان حیزبەکان بکرێت، کارەکانی من لە سەرۆکایەتیی هەرێم و دڵنیام لەوەی کارەکانی بەڕێز سەرۆکوەزیرانیش لە بەغدا ئاسانتر دەکات، کاتێک لایەنە سیاسییەکان یەکبگرن و لێکتێگەیشتنیان هەبێت. ئێمە هەر جموجووڵێک لەنێوان ئەم حیزبانەی کە دەیانەوێ لەگەڵ یەکدی پێکبێن و دیالۆگ لەنێوانیان هەیە، ئێمە پشتگیرییان دەکەین.
پرسیار: پێتانوایە هەڵبژاردنی خولی شەشەم لە مانگی تشرینی دووەم لە هەرێمی کوردستان دەکرێت؟
نێچیرڤان بارزانی: خۆی من وەک ئەرکی دەستووریم، ئەو ئەرکە دەستوورییەی لەسەر شانمە وەک سەرۆکی هەرێم، رۆژی هەڵبژاردنم دەستنیشانکردووە. داوام لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە پابەندی ئەو تەوقیتە بن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکرێت. ئێمە ناتوانین خۆمان لە هەڵبژاردن بدزینەوە، هەڵبژاردن پرۆسەیەکی دیموکراسییە لە وڵاتی ئێمە. ئەم پرۆسەیە دەبێ بکرێت و هەموو هەوڵێکی ئێمە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەوەیە ئەو هەڵبژاردنە لەمە زیاتر دوانەخرێت، چونکە ئەمە مافێکی دەستوورییە، بەپێی دەستووری عێراق و مافی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە کە دەبێ بکرێت و هاوکات پرۆسەیەکی دیموکراسیشە کە دەبێ هەڵبژاردن بکرێت و هیوادارم بکرێت.
پرسیار: دوای ئەوەی بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی ئەرکی سەرۆکایەتیی حکومەتی عێراقی پێ سپێردرا، شەش مانگ بەر لەئێستا ئێوە یەکەم کەس بوون پیرۆزباییتان لێکرد. ئەمڕۆ چۆن هەڵسەنگاندن بۆ ئاراستەی حکومەتەکەی دەکەن کە تەمەنی بووەتە شەش مانگ؟
نێچیرڤان بارزانی: لە راستیدا من با لەوە دەستپێبکەم شەش مانگ زۆر کەمە بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ ئەدای حکومەتێک یان سەرۆکوزیران بکرێت. شەش مانگ ماوەیەکی زۆر کەمە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا با ئێمە بێین سەیری ئەم شەش مانگە بکەین کە جەنابی سەرۆکوەزیران ئەو ئەرکەی وەرگرتووە وەکو سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەگەر ئێمە بە ژمارە قسە بکەین، دەبینین کەشێکی زۆر باشتر لەنێوان هەولێر و بەغدا و لەنێوان عێراقییەکان بەشێوەیەکی گشتیی هەیە. ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە دەیبینین، سەرۆکوەزیران کە من دوای سەردانی یەکەمم و پێش ئەوەی بۆ جاری دووەم بگەڕێمەوە بەغدا، پرسیاریان لێکردم جیاوازیی چییە؟ گوتم جەنابی سەرۆکوەزیران بە ژمارە قسە دەکات. کاتێک لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیران دادەنیشیت، ماوەیەک باسی سیاسەت دەکات، بەڵام تەرکیزی لەسەر ئەوەیە چۆن خزمەتگوزاریی بۆ خەڵک دابین بکات، چۆن پڕۆژەی گەورە لە عێراقدا دروست بکات؟ چۆن هەوڵ بدات وەبەرهێنانی دەرەوە بهێنێتە وڵات. ئەوەی ئێمە هەستمانکرد، ئەم جیاوازییە بوو. ئەمە جیاوازییەکی گەورەشە، با موجامەلە نەبێت کە جەنابی سەرۆکوەزیران دانیشتووە، بەڵام بەڕاستی ئەوەی کە من دەبینم، هەموو هەوڵێکی سەرۆکوەزیران ئەوەیە کە عێراق بەرەو قۆناخێکی نوێ ببات.
ئەوەی کە جیاوازە ئەمجارە لە جارەکانی دیکەش ئەوەیە، ئێمە بۆ یەکەمجار لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی عێراق پێکەوە لەژێر چەتری هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کاخەزێکی سیاسییمان هەیە کە هەموو لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەت واژۆیان لەسەرکردووە. لەم کاخەزەدا نەخشەرێگە دانراوە بۆ ئەوەی کارەکان چۆن بکرێت؟ چ پڕۆژەیەک ئەولەویەتی هەیە و بەچ شێوازێک جێبەجێ بکرێت. بەڕاستی ئەوەی ئێمە دەیبینین، نەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ هەموو عێراق جەنابی سەرۆکوەزیران هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی ئەم پرۆگرامە و ئەم ئەجێندایە جێبەجێ بکرێت. ئەمەش مایەی دڵخۆشییە بۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستان و جێی دڵخۆشییە بۆ هەموو عێراق. ئێمە با باسی پڕۆژە گەورەکان بکەین، با باسی رێککەوتنی بەمدواییە بکەین کە لەگەڵ تۆتاڵ کراوە. ئەمە عێراق بە قۆناخێکی زۆر گەورەوە بەرەوپێشەوە دەبات. ئەمە ئەو زمانە نوێیەیە دوای چەندین ساڵ لە عێراقدا ئێستا گوێمان لێ دەبێت. گەلی عێراق شایستەی ژیانێکی باشترە. کاتێک دەڵێم گەلی عێراق، مەبەستم لە زاخۆ تا فاوە.
ئەم زمانەی ئەمڕۆ لە بەغدا گوێمان لێ دەبێت، لە زمانی ژمارەکان و زمانی خزمەتگوزارییەکان و زمانی چۆنێتیی بەرەوپێشبردنی وڵات، زمانی چۆنێتیی هێنانی وەبەرهێنانی بیانی بۆ وڵات، زمانی چۆنێتیی گەیاندنی هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەکان بۆ تەواوی عێراق دەبیستین. ئەو زمانە کە بەڕاستی ئێمە لە دوای 2003یەوە تاوەکو ئێستا نەبووە، ئێستا سوپاس بۆ خوای گەورە ئەم زمانە دەبیستین و ژمارەکان دەبینین لە عێراقدا دەستیان پێکردووە. بەش بەحاڵی خۆمان لە چوارچێوەی ئەم سیاسەتەدا مەسەلەیەکی کەسیی نییە لەگەڵ سەرۆکوەزیران. ئێمە هیچ شتێکی کەسیمان لەگەڵ سەرۆکوەزیران نییە، مەسەلەی ئێمە کارنامەی حکومەتە و ئێمە بەهەموو هێزە سیاسییەکانیشەوە پشتگیری بەرنامەی حکومەتی نوێی عێراق بەسەرۆکایەتیی برای ئازیزمان محەممەد شیاع سوودانی دەکەین. پشتگیریی ئێمە لە چوارچێوەی پشتگیرییە لە هەموو عێراق و لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنە سیاسییەیە کە هەموو هێزەکان پێکەوە واژۆیان کردووە و هیوادارین ئەو نەخشەرێگایە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.
پرسیار: پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لە ماوەی رابردوودا گرژی و ئاڵۆزی بەخۆیەوە بینی بەتایبەتیش لە بابەتی یاسای نەوت و گازدا. ئایا هیواتان هەیە لە سەردەمی ئەم حکومەتەدا چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ ئەم بابەتە بکرێت؟
نێچیرڤان بارزانی: با من بەشێوەیەکی دیکە باسی بکەم. پێموایە هەمیشە لە عێراقدا زمانی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن نەبووە، هەمیشە غائیب بووە. ئێستا پرسیاری سەرەکیی ئەوەیە، لە دوای ساڵی 2003 تاوەکو ئێستا ئێمە هەموو لایەکمان هەڵەمان کردووە. نابێ بڵێین ئێمە لە هەرێم هیچ هەڵەمان نەبووە یان هەڵە لە بەغدا رووینەداوە. ئێمە هەڵەمان کردووە و زۆر هەڵە لەلایەن بەغداوە کراوە، بەڵام ئەوەی گرنگە دەبێ پەند لە رابردوو و لەم هەڵانە وەربگرین. پرسیاری گەوهەری ئەوەیە، ئێمە چ عێراقێکمان دەوێت؟ ئەمە پرسیارە گەوهەرییەکەیە، ئێمە دەمانەوێ عێراق بەرەو کوێ بڕوات؟ ئایا ئێستاش لۆژیک ئەوەیە کێ بەهێز و لاوازە لە عێراق؟ بەمشێوەیە دەسەڵاتداری لە عێراق دەکرێت؟ من بەدڵنیاییەوە دەڵێم ئەگەر بەم لۆژیکە فەرمانڕەوایی عێراق بکرێت ئێمە هەموومان دۆڕاوین. مێژووی عێراقیش پیشانی داوین، عێراق ئەو کاتە سەرکەوتوو دەبێت کە هەموو پێکهاتەکانی ناو عێراق خۆیان بە بەشدار بزانن لە پرۆسەی سیاسیی لە عێراقدا. ئێمەش شان دەخەینە ژێر ئەم بەرپرسیارێتییە و برایانمان لە شیعەش دەبێ بەرگەی ئەم بەرپرسیارێتییە بگرن و برایانی سوننەش بەهەمان شێوە دەبێ شان بخەنە بەر ئەم بەرپرسیارێتییە و برایان لە پێکهاتەکانیش هەریەکە و بەگوێرەی تواناکانیان دەبێ پشک لەم بەرپرسیارێتییەو وەرگرن و ئەرکەکانیان بەجێ بگەیێنن.
دوای چەندین ساڵ گەلی عێراق چاوەڕوانی ئەوە دەکەن کە دۆخەکە بەرەو باشتر بچێت، چاویان لەوەیە کە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر باشتر ببن. ئەوەی وەک سەرۆکی هەرێم دەمەوێ بیڵێم ئەوەیە، قووڵایی ستراتیژیی ئێمە بەغدایە. چارەسەری کێشەکانی ئێمەش هەر لە بەغدان، لە هیچ شوێنێکی دیکە نییە، گرنگ ئەوەیە ئێمە لەسەر مۆدێلێک رێکبکەوین کە پێکەوە لە جوگرافیایەک بژین کە پێی دەگوترێت عێراق. ئەوە گرنگە، هەموو پێکهاتەکانی عێراقیش خۆیان بە بەشدار بزانن لە پرۆسەی سیاسییدا. لەم چوارچێوەیەدا لە 2003یەوە لە قۆناخی راگوزەردا بووین لە عێراق، بەڵام پێموایە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە هەموو پێکهاتەکانی عێراق بیر لەوە بکەنەوە ئیدی تەواو، ناتوانین بە گەلی عێراق بڵێین دەرفەتمان پێبدەن. تا کەی دەرفەتمان پێبدەن؟ ئێمە دەبێ زۆر راشکاوانە بین لەگەڵ یەکدی و لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشین و هەوڵ بدەین ئەو کێشانەی لەناو عێراقدا هەیە چ لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا چ کێشەکانی دیکەی عێراق ئێمە هەموو ئەمانە چارەسەر بکەین و بەرەو ئاییندە هەنگاو بنێین. بەڕاستی من نایشارمەوە ئێمە بەئومێد و هیوایەکی زۆرەوە بەشداریمان لەم حکومەتە کردووە. لە ساڵی 2003یەوە بەهەموو هێزمان بەشداریمان لە دروستکردنی عێراقی نوێ کرد بۆ ئەوەی ئێمە پێکەوە ئەم عێراقە نوێیە دابمەزرێنین. ئێستاش پێموایە نەچووە بچی، ئێستاش پێموایە دەبێ هەموومان لەگەڵ یەکدی دیالۆگ بکەین و هەموومان پێکەوە بەشداربین کێشەکان چارەسەر بکەین، بەڵام دیسان دەڵێم ئێمە وەک هەرێمی کوردستان دیدی ئێمە روونە. دیدی ئێمە و ستراتیژییەتی ئێمە بەغدایە و بەغدا قووڵایی ستراتیژییەتی کوردستانە.
پرسیار: ئەم پەیامانە زۆر جوانن، فەخامەتی سەرۆک. بەمدواییانە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی رێککەوت کاتێک بەڕێز مەسرور بارزانیی سەرۆکی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدای کرد و لەبارەی هەناردەی نەوت رێککەوتنی کرد دوای ئەوەی عێراق دۆسیەی راگرتنی هەناردەی نەوتی لە رێگەی بۆرییەکان بۆ تورکیا لە دادگە بردەوە. لەسەر چ رێککەوتن کرا و ئەم رێککەوتنە تەواو گونجاوە بۆ ئەوەی هەولێر و بەغدا نووسراو پێشکێشی ئەنقەرە بکەن بۆ ئەوەی بۆرییەکانی نەوت بکاتەوە؟ ئایا هەولێر و بەغدا سازانی کۆتاییان کردووە؟
نێچیرڤان بارزانی: یەکەم شت بەڕاستی جێی خۆیەتی سوپاسی جەنابی سەرۆکوەزیران بکەین بۆ ئارامگرتن و بەردەوام بەدواداچوون و چاودێریکردنی بۆ ئەم بابەتە. کاتێک سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کاک مەسرور هاتە بەغدا، رێککەوتنێکی باش بە سوپاسەوە بۆ جەنابی سەرۆکوەزیران، رێککەوتنیکی باش کراوە. هەڵبەتە ئەم رێککەوتنە کێشەی خۆی هەیە، بەڵام ئایا بابەتی سیاسی رێگربووە بۆ ئەوەی ئەم رێککەوتنە جێبەجێ نەکرێت؟ بە قەناعەتی من نەخێر. هەندێک بابەتی تەکنیکی هەن کە دەبێ چارەسەر بکرێن. هەندێک بابەتی تەکنیکی رێگرن ئەم رێککەوتنە بە تەواوەتی وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە، بەڵام ئێمە لە هەرێمی کوردستان زۆر دڵنیاین لەوەی بابەتی سیاسیی نییە. واتە هیچ بڕیارێکی سیاسی لە بەغدا ئێمە هەستی پێناکەین بڕیارێکی سیاسیی هەبێت بۆ ئەوەی کێشە دروست بکات لە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە. هەندێک کێشە و رێگری تەکنیکی هەن کە من دڵنیام بە هەوڵ و پاڵپشتی و ئیدارەدانی بەڕێز جەنابی سەرۆکوەزیران کە بەردەوام کەسی خۆی لەسەر هێڵە و هەموو ئەمانە جێبەجێ دەکرێن. من زۆر جار گوتوومە، بۆ عێراق زۆر گرنگە دوو یاسا جێبەجێ بکرێن، عێراق بگاتە قۆناخی سەقامگیریی سیاسی. یەکەمیان یاسای بودجەیە کە ئەمە ئێستا لە پەرلەمان خەریکی گفتوگۆن و ئیشاڵڵا من هیوادارم ئەمە جێبەجێ بکرێت.دووەمیشیان یاسای دابەشکردنی داهاتەکانە، ئەمانە هەمووی ئەو یاسا گرنگانەن کە سەقامگیریی سیاسی بۆ عێراق بەرهەم دەهێنن. زۆر زۆر گرنگە لەم ماوەیەدا تەرکیز بخەینە سەر ئەم یاسایانە کە سەقامگیریی سیاسیی و ئابووری بۆ عێراق دەگەڕێننەوە.
پرسیار: فەخامەتی سەرۆک، ئێوە پەیوەندیتان لەگەڵ تورکیا باشە. سەبارەت بە بۆریی نەوت، هیچ پەیوەندییەک لەنێوان ئێوە و بڕیاربەدەستانی تورکیا هەبووە سەبارەت بەم بابەتە؟ کێشەکە چییە؟ ئەوان چ دەڵێن؟
نێچیرڤان بارزانی: ئێستا تیمی ئێمە لەگەڵ بەغدا یەک تیمن و پێکەوە لەگەڵ تورکیا لەسەر ئەم بابەتە کار دەکەن. تیمی جیاوازمان نییە لەگەڵ ئەم بابەتە بۆ تورکیا. وەک باسمکرد، هەندێک بابەتی تەکنیکی هەیە تاوەکو ئێستا ئەمانە جێبەجێ نەکراون. ئەم بابەتانەش دڵنیام کە چارەسەر دەکرێن. پێش ئەوەی بێمە ئێرەش لەگەڵ فەخامەتی سەرۆکوزەیران قسەمان کردووە و باسی ئەم بابەتەمان کرد. دڵنیام ئەم کێشانە لەو جۆرە نین کە رێگربن و جێبەجێ دەبن و دڵنیام دەگەینە لێکتێگەیشتن.
پرسیار: هیچ جۆرە سازشێک پەسند دەکەن، بەغدا لە بەرامبەر تورکیا پێشکێشی بکات؟
نێچیرڤان بارزانی: ئێمە ئەم رێککەوتنەمان لەگەڵ یەکدی کردووە. ئەم بابەتە لەنێوان ئێمەدا تەواو بووە، ئێمە ئێستا وەک یەک تیم لەگەڵ بەغدا چ لەگەڵ تورکیا و تەنانەت لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوتیش گفتوگۆ کراوە و لەلایەن سۆمۆ بەپێی ئەو بڕیارەی دراوە، رێککەوتنەکە واژۆکراوە لەگەڵ کۆمپانیاکانیش. تەنیا ئەو بابەتانە ماون تورکیا ئاگادار بکرێتەوە و نامە بنێردرێت. هەندێک کێشەی بانکی هەیە دەبێ هەموو ئەمانە چارەسەر بکرێن و رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت.
پرسیار: پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا پەیوەندییەکی ئاڵۆزە، ئاساییبوونەوە هەیە و پەیوەندیی ئابووری و بازرگانیی باش هەن و هاوکات پەیوەندیی ئەمنی سەخت هەیە لەگەڵ هەرێم. بەمدواییانە بۆردوومانی تورکیا هەبووە بۆ خاکی هەرێمی کوردستان و لە رێگەی درۆنەکانیش بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ بە ئامانجکردنی کەسایەتییەکی کوردی وەک مەزلوم عەبدی. ئایا لەمبارەیەوە قسە لەگەڵ تورکیا دەکەن؟ ئەو وەڵامە چییە کاتێک باس لەم پێشێلکارییانە دەکەن کە لە دژی سەروەریی خاکی هەرێم دەکرێت؟
نێچیرڤان بارزانی: دەبێ مرۆڤ لەم بابەتەدا واقیعی بێت. واقیعییەکەش ئەوەیە تورکیا هەندێک بابەتی ئەمنی هەیە کە پێویستە لەلایەن عێراقەوە زۆر بە جدی ئەو بابەتە ئەمنییانە رەچاو بکرێت. کێشەی ئەمنی هەیە. تورکیا ئێمە کە باسی بۆردوومانی شوێنەکان دەکەین، دەبێ باسی هۆکارەکانیشی بکەین. بۆ ئەم کارە دەکرێت هۆکار چییە؟ بابەتی سەروەریی عێراقە ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دەکرێت بابەتەکە هەرێمی کوردستان نییە، ئەوەی دەکرێت بابەتی سەروەرییە و پەیوەندی بە سەروەریی عێراقەوە هەیە بەشێوەیەکی گشتی، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا دەبێ ئەم هۆکارانە وەلانێین کە دەبنە هۆکاری ئەوەی ئەم بۆردوومانانە دەکرێت. واتە تورکیا مافی خۆیەتی وەکو وڵاتێک ئەو چاوەڕوانییەی لە عێراق و لە هەرێمی کوردستانیش وەک بەشێک لە عێراق هەبێت کە ناکرێت گرووپێکی چەکداری لەناو عێراقدا، لەناو هەرێمی کوردستاندا بچێتە تورکیا و چالاکیی سەربازیی بکات و بگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان. ئەمە بۆ ئێرانیش هەروایە، هیچ مەعقوول نییە ئێمە لە هەرێمی کوردستان یان لە عێراق ببینە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ دراوسێیەکانمان. زۆر بەداخەوە ئەوەی ئێستا دەکرێت هۆکارەکانی ئەمانەن، ئەگەر بوونی پەکەکە لە سنوورەکان نەبێت، بۆ تورکیا بۆردوومانی هەندێک شوێن بکات؟ ئەگەر بوونیان نەبێت، جا لە هەر شوێنێک بێت.
ئێران هەندێک شت دەکات ئەگەر بوونی هێزی سەربازیی ئۆپۆزیسیۆنی لە هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان نەبێت، ئێرانیش بۆردوومان ناکات، ئەگەر بۆردوومانیش بکات ئێمە ئەو کات دەتوانین بەرخوردێکی دیکەیان لەگەڵ بکەین. کەواتە ئێمە یەکەم شت دەبێ ئەم هۆکارانە چارەسەر بکەین. ئەوانەی دەبنە هۆکاری ئەوەی کە هەم تورکیا هەم ئێران ئەوانەی کە بۆردوومانی هەرێمی کوردستان دەکەن. من دەزانم جەنابی سەرۆکوەزیران لەم بابەتەدا زۆر جدی بووە هەم لەگەڵ ئێران هەم لەگەڵ تورکیاش لەسەر ئەم بابەتە. ئێمە پێکەوەش بەردەوام لەسەر خەتین و هەنگاوی باش بەرەوپێشەوە چووین تا ئەم کاتە. ئەوەی گرنگە ئێمە دەمانەوێت بەردەوام فاکتەری سەقامگیریی بین لە ناوچەکەدا. نامانەوێ ببینە فاکتەری دروستکردنی کێشە بۆ دراوسێکانمان. ئێمە دەمانەوێ باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ تورکیا هەبێت. ئێمە دەمانەوێ باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ سووریا هەبێت. ئێمە دەمانەوێ باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ سعودیە هەبێت. ئێمە دەمانەوێ باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ ئێران هەبێت. بۆ ئەمەش نەک وەک هەرێمی کوردستان، بەڵکو ئەمە سیاسەتی عێراقە و هەرێمی کوردستانیش وەک بەشێک لە عێراق پابەندی ئەم سیاسەتە دەبین.
پرسیار: پەیوەندییەکانتان لەگەڵ ویلایە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەهەمان شێوە پەیوەندییەکی باش و ئەرینییە. بەمدواییانە باربەر لیڤ، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی بەغدا کرد، چاوی بە بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران کەوت و دواتر لە هەرێم لەگەڵ بەڕێزتان کۆبووەوە. ئەم پەیوەندییە باشە لەگەڵ ئەمریکا و ئەم پێشخستنی پەیوەندییانەی ئەمریکا لەگەڵ بەغدا، دەتوانم بڵێم ئێوە کێبڕکێ دەکەن بۆ باشکردنی پەیوەندییەکان. ئێوە وەک هەرێم پێتان باشە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق باش بێت بەراورد بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێم؟
نێچیرڤان بارزانی: لە راستیدا ئێمە سەیری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا بە جیاواز لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ عێراق سەیری ئەم بابەتە ناکەین. ئەگەر سەیری ئەم وێستگانە بکەین، ئەمریکا یارمەتیی عێراقی داوە، لە ساڵی 2003 بەبی پشتیوانیی ئەمریکا، رژێم نەدەڕووخا، ئەمە واقیعە. هێزەکانی عێراق کە لە تاران کۆبوونەوە و رێککەوتن، بەڵام پشتیوانی سەرەکیی بۆ عێراقییەکان ئەمریکا بوو.
کاتێک داعش هات، ئەمریکا وڵاتی سەرەکی بوو لەم بابەتە کە یارمەتیی عێراقی دا. هەرێمی کوردستانیش لە چوارچێوەی عێراقدا یارمەتیی ئێمەیانداوە. ئەوەی کە ئێمە و ئەمریکا کە دەڵێم ئێمە مەبەستم عێراق و ئەمریکا بەیەکتر دەگەیێنێت، رێککەوتنی ستراتیژییە. رێککەوتنێکی ستراتیژی کە لە نێوان ئەمریکا و عێراق واژۆکراوە. هەرێمی کوردستانیش لە چوارچێوەی ئەم رێککەوتنە ستراتیژییە، سەیری پەیوەندیی خۆی لەگەڵ ئەمریکا دەکات. بەبۆچوونی من، عێراق کە سەیری ئەم رێککەوتنە دەکات تەنیا لایەنی سەربازی و ئەمنی دەبینێت. بەڕاستی ئەم رێککەوتنە زۆر گرنگە، رێککەوتنێکی یەکجار زۆر گرنگە و عێراق دەتوانێت یەکجار یەکجار زۆر سوود لەم رێککەوتنە بکات. لە رووی ئابوورییەوە، لە رووی کولتوورییەوە و دەرفەتێکە یەکجار زۆر گرنگە بۆ عێراق بتوانێت پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئەمریکا بەرەو پێشەوە ببات. شاراوەش نییە، پەیوەندیی عێراق لەگەڵ ئەمریکا پەیوەندییەکی ستراتیژییە و ئێمەش بەش بەحاڵی خۆمان وەک هەرێمی کوردستان کە بەشێکین لە عێراق سوپاسی ئەمریکا دەکەین بۆ هەموو پشتگیرییەکانی ئەمریکا لە هەموو روویەکەوە، چ لە رووی سەربازییەوە، چ لە رووی سیاسیشەوە.
پرسیار: کاتێک دەسەڵات لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەگۆڕێت، پەیوەندییەکان لەگەڵ بەشێک لە وڵاتانی رۆژهەڵات سست دەبێتەوە. سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، گۆڕینی دەسەڵات لەنێوان دیموکرات و کۆمارییەکان کاریگەریی دەخاتە سەر پەیوەندییەکانتان؟ رەنگە بە گۆڕانی دەسەڵات ئاست و قەبارەی هاوکارییەکان و پاڵپشتییەکان گۆڕانکارییان بەسەردابێت. بۆ نموونە لە سەردەمی جەنگی دژ بە داعش و پڕچەککردنی هێزەکانی پێشمەرگە و پێدانی پاڵپشتی لۆجیستی. ئەم پەیوەندییە بەندە بە گۆڕینی کەسەکانی ناو کۆشکی سپی؟
نێچیرڤان بارزانی: خۆی پاڵپشتییەکانی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان بەپێی ئەو رێککەوتنە سەربازییە بووە کە لەگەڵ عێراق کردوویەتی. شتێکی جیاوازمان نەبووە، ئەمریکا هەرچی پاڵپشتیی سەربازیی بۆ هەرێمی کوردستان هاتووە، یەکەمجار هاتووەتە بەغدا و لەوێشەوە هاتووەتە هەرێمی کوردستان. هیچ شتێکی جیاواز نەبووە، ئێمە بەجیاواز وەکو هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا وەرماننەگرتووە و زۆر روونە بۆ شەڕی داعش بووە. ئەوەی ئێمە بەشێوەیەکی گشتیی لە واشنتن دەیبینین، مومکینە هەندێکجار گەرم بن، هەندێکجار ساردبن، ئینجا چ کۆمارییەکان بن یان دیموکراسییەکان بن. بەڵام بەشێوەیەکی گشتیی پاڵپشتیی بۆ عێراق هەیە، دەیانەوێ پاڵپشتیی عێراق بکەن. پاڵپشتییەکانیش لە هەموو روویەکەوە من دیسان دەیڵێم، بە ئەزموونی خۆم ئەو رێککەوتنە ستراتیژییەی لە نێوان عێراق و ئەمریکا هەیە دەرفەتێکی گەورەیە بۆ عێراق کە بتوانێت لە هەموو روویەکەوە سوودی گەورە وەربگرێت.
پرسیار: ئێوە ئێستا بە سەردانێک لە بەغدان، ئایا کامە سیاسەتڤانی عێراقی بە هاوڕێ و نزیک لە خۆتان دەبینن؟ بەراورد بە سیاسەتڤانەکانی دیکە، یان هەر هاوڕێتانن؟
نێچیرڤان بارزانی بە پێکەنینەوە: من خۆم شەخسی پێموایە لە زۆرینەی سیاسەتڤانانی عێراق نزیکم و هەندێکیان رەنگە 30 ساڵ دەبێت دەیانناسم، 30 ساڵ زیاتریش. بەڵێ ئێمە دۆستین، ئێمە هاوڕێین، ئێمە هەوڵیش دەدەین کە ئەم پەیوەندییانە رۆژ بە رۆژ بەرەو باشتر بڕوات. من پێموایە بۆ نموونە ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیران هەمانە، من ئەگەر بۆ هەر سەفەرێک بچم، لەگەڵ جەنابیان تەنسیق دەکەم. سەردانی هەر شوێنێکیش بکەم، نوێنەرایەتیی عێراقیش دەکەم. ئەو هاوئاهەنگییەی لەگەڵ حکومەتی ئێستا و لەگەڵ سەرۆکوەزیران ئێمە ئەم هاوئاهەنگییەمان زۆر هەیە و بەردەوامیش دەبێت. لەگەڵ هەموو هێزەکانی عێراقیش زمانی دیالۆگ و لەیەکدی تێگەیشتن و دۆستایەتی هاوڕێیەتیشمان ئیشاڵڵا بەردەوام دەبێت بۆ خێری هەموو عێراق.
پرسیار: بەر لە پێکهێنانی ئەم حکومەتە، ئێوە چەندین سەردانتان بۆ حەنانە و دیداری بەڕێز موقتەدا سەدر ئەنجامدا. هەواڵەکانی دەپرسن؟
نێچیرڤان بارزانی: نەخێر بەداخەوە دوایینجار سەیدمان بینی کە چووینە خزمەتی لە حەنانە، زۆر لوتفیان نواند، بەڵام دوای ئەوە، وەک هەموو لایەک ئاگادارن جەنابیان بڕیاریانداوە لە پەرلەمان کشایەوە و دوای ئەوە من خۆم شەخسییەن ئەو شەرەفەم نەبووە نە بەدیتن، واتە جەنابیانم نەبینیوە، بەڵام ئێمە رێزێکی زۆر زۆرمان بۆ جەنابی سەید هەیە لە هەر شوێنێک بین. رێزێکی زۆریشمان بۆ ئەم خێزانە تێکۆشەرە هەیە و پێموایە لە هەرشوێنێک بێت، جەنابی سەیید و رەوتی سەدر قورسایی تایبەت و سەنگی تایبەتیان هەیە. ئێمە هیوادارین پشتگیری لە حکومەت و سەرۆکوەزیران بکەن بۆ ئەوەی جەنابی سەرۆکوەزیران لە ئەرکەکەی خۆیدا سەرکەوتوو بێت. پەیامی ئێمە دوای ئەوەش کە شاندێکی سەدرییەکانمان بینی هەر ئەوە بوو، داوامان لێکردن کە پشتگیری لە حکومەتی ئێستا بکەن بۆ ئەوەی لە ئەرکەکانی خۆیدا سەرکەوتوو بێت.
پرسیارێک لە رۆیتەرز: دوێنێ وەزیری نەوتی عێراقی لەم ستەیجەدا رایگەیاند، ئەوپەڕی دوو هەفتەی دیکە لەگەڵ هەولێر دەگەنە رێککەوتنی کۆتایی بۆ هەناردەی نەوت، ئێوە چی دەڵێن لەبارەی ئەم کاتە؟
نێچیرڤان بارزانی: من پێشتر گوتم، هیچ بڕیارێکی سیاسیی نییە بۆ ئەوەی ئەم رێککەوتنە جێبەجێ نەکرێت. هەندێک بابەتی تەکنیکی هەیە، ئەوەی کە پەیوەندیی بە عێراقەوە هەیە. هەندێک بابەتی تەکنیکی هەیە، ئەو بابەتە تەکنیکییانە پێویستە تەواو بکرێن. من هیوادارم پێش دوو هەفتەش تەواو ببن، نەک دوو هەفتە بخایێنن. لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆماندا پێش ئەوەی بێینە ئەم دیدارە، جەنابی سەرۆکوەزیران ئاماژەی بە بابەتێکی زۆر گرنگدا و جەنابیان گوتی: ئێمە لە عێراق بەشێوەیەکی گشتی زەرەرمەند دەبین لەم بابەتەدا. ئێمە نزیکەی 450 هەزار بەرمیل رۆژانە هەناردەمان هەبووە. ئێستا لە داهاتی عێراقدا 450 هەزار بەرمیل نەوت کەمیکردووە. دەبێ لەم پرۆسەیە کێشەکان بەزووترین کات چارەسەر بکەین بۆ ئەوەی ئەم 450 هەزار بەرمیلە کە هی کەرکووک و هەرێمی کوردستانیشە بکەوێتە ناو بۆڕری و بچێتە دەرەوە.
ئەو بابەتە تەنیا پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە، پەیوەندیی بە هەموو عێراقەوە هەیە. هەر رۆژێک ئەم بابەتە چارەسەر بکرێت قازانجی بۆ هەموو عێراق دەبێت، چونکە لە راستیدا با راشکاوانە بڵێم، ئێستا هەرێمی کوردستان زیاتر لە مانگێکە نەوتی نەناردووە. پرسیاری گەوهەری ئەوەیە، ئایا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چۆن مووچە وەردەگرن؟ ئەمە ئەرکی بەغدایە و پێویستە جێبەجێی بکات. وەکو هاووڵاتیی عێراقی پێویستە جێبەجێیان بکات. ئەم کێشەیە هەر رۆژێک زووتر چارەسەر بکرێت، بارگرانی کەمتر دەبێت لەسەر بەغدا، بەڵام ئەگەر ئەمە هەر بەردەوام بێت، بەغدا مافێکی یاسایی و مافێکی دەستوورییە کە دەبێ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابین بکات. لەبەرئەوە من هیوادارم نەک دوو هەفتە، هیوادارم لە زووترین کاتدا ئەم بابەتە چارەسەر بکرێت.
پرسیاری ئەی ئێف پی: دوای یەکلاییکردنەوەی پرسی نەوت، دەتوانین بڵێین ئەمڕۆ پەیوەندییەکانی نێوان ناوەند و هەرێم لە باشترین دۆخدایە؟ بۆچی ئێستا لە دۆخێکی باشدایە؟ لەنێوان دوێنێ و ئەمڕۆ چی گۆڕاوە؟ هەروەها پرسیارێکی دیکەشم، لەگەڵ بەغدا چ میکانیزمێک دەگرنەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی بۆردوومانەکانی ئێران و تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێم؟
نێچیرڤان بارزانی: پێموایە هەندێک لەم بابەتانە لە قسەکانمدا وەڵامم دایەوە، بەڵام سەبارەت بە پەیوەندییەکان، بەڵێ پەیوەندییەکانی ئێستای هەولێر و بەغدا لە باشترین دۆخیدایە. ئەوەی ئەمجارە کە جیاوازە لە جارەکانی دیکە، ئێمە رێککەوتنیکی نووسراومان لەگەڵ بەغدا هەیە. ئەم رێککەوتنە هەموو لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەت واژۆیان لەسەری کردووە، ئەمە جیاوازە. سەبارەت بە تورکیا، بەڵێ ئەمە بابەتێکی سەروەرییە، بە بۆچوونی من سەرۆکوەزیران ئەوەی لەسەر شانی بووە سەرۆکوەزیرانی عێراق مەبەستمە، سەیری ئەم بابەتەی کردووە وەک بابەتی سەروەری و ئەوەی پێویست بووە و لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی، کردوویەتی.
پرسیاری بی بی سی: کۆماری ئیسلامیی ئێران چەند جارێک بۆردوومانی هەرێمی کوردستانی کردووە و بانگەشەی ئەوە دەکات، تیمێکی هەواڵگریی ئیسرائیلی مەشق و راهێنان بە هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەکات و بۆ ئەم مەبەستەش بۆردوومانی چەند پێگەیەکی تایبەتی ئەم هێزانەی کردووە لە هەرێمی کوردستان. حکومەتی هەرێمیش جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ بەڵگەیەک نییە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت ئیسرائیلییەکان بنکەیان هەیە و راهێنان بەم هێزانە دەکەن. گەرەنیی چییە بۆ ئەوەی ئێران دیسان ئەم جۆرە هێرشانە نەکاتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان؟
نێچیرڤان بارزانی: من با لەوە دەستپێبکەم، یەکەم شت ئێران دراوسێیەکی گرنگە بۆ عێراق بەشێوەیەکی گشتی و بۆ هەرێمی کوردستانیش بەهەمان شێوە. ئێران لە چەندین وێستگەدا یارمەتیی هەرێمی کوردستانی داوە. ئێران وڵاتێک بووە کە بەردەوام یارمەتیی ئێمەی داوە لە هەموو ئەو وێستگانەی کە لە مێژوودا ئەگەر سەیری بکەین لە شەڕی داعش لە وەرگرتنی ئاوارەکانی کورد، لە حەواندنەوەیان لەناو ئێراندا. ئێمە هەرگیز ئەمانە لەبیر ناکەین و هەرێمی کوردستانیش لە چوارچێوەی سیاسەتی عێراقیشدا بەردەوام دەیەوێت پەیوەندیی باشی لەگەڵ ئێران هەبێت. هەر بۆ ئاگاداریتان قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و ئێران جگە لە بابەتی گاز و وزە، نزیکەی 10 تا 11 ملیار دۆلارە و زیاتر لە 60٪ـی ئەم بازرگانییانە لە هەرێمی کوردستانەوە دەکرێت. ئەمە هەمووی لە ئارادایە، جگە لە پەیوەندییە مێژوویی و کولتوورییەی لەگەڵ ئێران هەمانە.
خاڵی دووەم، بەهیچ شێوەیەک ئێمە یارمەتیی هیچ وڵاتێک نادەین دژی ئێران، نە ئیسرائیل و نە هیچ وڵاتێکی دیکە کە بیانەوێت هەرێمی کوردستان بەکاربهێنن بۆ دژایەتیکردنی ئێران، شتی وا لای ئێمە نییە. تاوەکو ئێستاش ماوەیەک لەمەوبەر لەسەر بڕیاری جەنابی سەرۆکوەزیران، من کۆبوونەوەم لە بەغدا هەبووە لەگەڵ شاندی ئێرانی. پێمگوتوون ئێمە ئامادەین، فەرموون با کۆببینەوە و هەر بەڵگەیەک هەبێت کە هەرێمی کوردستان یارمەتی هەر لایەنێکی دابێت دژی ئێران، با بەڵگەکان بهێنن و ئێمەش ئامادەین گفتوگۆیان لەگەڵ بکەین. لەم دواییانەش لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆکوەزیران رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران کراوە، هەرێمی کوردستان وەکو لایەنێک وەکو بەشدارێک لە چوارچێوەی عێراقدا پابەندی ئەو رێککەوتنەیە، ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ ئێراندا کراوە. ئەمنییەتی ئێران بۆ ئێمە گرنگە، ئەمنییەتی تورکیا وەک دراوسێیەک بۆ ئێمە گرنگە و من دڵنیاتان دەکەمەوە لە بابەتی سیاسەتی دەرەوەدا هەنگاوەکانی ئێمە بەپێی ئەو سیاسەتەن کە لە بەغداوە هەیە. سیاسەتی بەغدا پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل دروست ناکات. هەرێمی کوردستان پابەندی ئەم سیاسەتەیە. ئێمە رێگەنادەین هەرێمی کوردستان ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ دراوسێکانمان.
پرسیاری ئاڵا تاڵەبانی: بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا پەیوەندییەکی دروست بن، پێویستە لە هەرێمی کوردستانیش لێکتێگەیشتن هەبێت لەنێوان ئەو حیزبانەی کە حکومەت پێکدەهێنن. کاتێک باسی رێککەوتنی نەوت دەکەین، کە لە نێوان دوو حکومەتدا کراوە نەک لە نێوان کەس و حیزبەکاندا. ئێستاش هەمووان دەزانین تیمی یەکێتی لە دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بەڕێزتان بەتایبەتی زانیاریمان هەیە هەوڵی جدی دەدەن بۆ ئەوەی نێوانیان چاک بکەیتەوە و دۆخەکە چارەسەر بکەیت. پرسیارەکەم ئەوەیە، پێتانوایە تیمی یەکێتی بگەڕێتەوە ناو حکومەتی هەرێمی کوردستان؟ پێتانوانییە نەگەڕانەوەی یەکێتی و ناکۆکییەکان کاریگەریی نەرێنیی بەسەر خەڵکدا هەبووە و ئەگەر تیمی یەکێتی نەگەڕێتەوە کاریگەرییەکانی خراپتر دەبێت؟ بەتایبەتی لەبارەی هەڵبژاردن و کۆمیسیۆن و بابەتی پەیوەندیداری دیکە؟
نێچیرڤان بارزانی: من دەمەوێ لەوە دەستپێبکەم. بە راشکاوی پێموانییە دەرچوونی تیمی یەکێتی لە حکومەت هەنگاوێکی دروست بوو. ئەمە بۆچوونی کەسی خۆمە، ئەوان واتە یەکێتی بەشداریی سەرەکیی بووە لە حکومەت. بەشداریی سەرەکیی بووە لە پێکهێنانی ئەم حکومەتە. ئێمە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دوای ئاشتبوونەوە، هەنگاوی زۆر گەورەمان پێکەوە ناوە. کێشە هەبووە، بەڵام هەنگاوی زۆر گەورەش چووینەتە پێش. خوالێخۆشبوو جەنابی مام جەلال لەگەڵ جەنابی سەرۆک بارزانی هەنگاوی زۆر گرنگیان پێکەوە ناوە.
یەکێتیی بە دەرچوونیان لەناو حکومەتدا کە نایەنە ناو کۆبوونەوەکان، بەڕاستی نە خزمەتی یەکێتییان کردووە نە خزمەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە، چونکە کە تۆ یەکێکیت لە بەشدارە سەرەکییەکانی ناو حکومەت دەتوانیت قسەکانی خۆت لەناو حکومەت بکەیت، ئەگەر کێشەش هەیە دەتوانیت لەناو حکومەت چارەسەریان بکەیت. ئێستا ئەگەر لەمن بپرسیت، پێت دەڵێم بەڵێ خۆم داوام کردووە بگەڕێنەوە، سەرۆکوەزیرانی ئێمەش سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش داوای کردووە بگەڕێنەوە. من ئێستاش دەڵێم شوێنی چارەسەری کێشەکان ناو ئەنجوومەنی وەزیرانە. داوا دەکەم، دەبێ بەغداش یارمەتیمان بدات بۆ ئەوەی بەزووترین کات چارەسەر بکرێت. بگەڕێنەوە بۆ ناو حکومەت و ئەگەر قسەشیان هەیە هەر لەناو کابینەدا بیکەن. من حەزیش دەکەم جەنابی سەرۆکوەزیرانیش [محەممەد شیاع سوودانی] یارمەتیی ئێمە بدات بۆ ئەوەی ئەم کێشەیە چارەسەر ببێت، چونکە ئەم کێشەیە نە لە بەرژەوەندیی یەکێتییە نە لە بەرژەوەندیی کوردستانە و نە لە بەرژەوەندیی عێراقیشە.