وەزیرێکی پێشووتری حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆچی دواییکرد
رووداو دیجیتاڵ
وەزیرێکی پێشووتری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پشکی حیزبی شیوعیی کوردستان لە نەرویج کۆچی دواییکرد. سکرتێری ئەو حیزبەش دەڵێت، لە هەولێر مەراسیمی تایبەتی بۆ رێکدەخەن.
رۆژی پێنجشەممە 04-05-2023، د. کاوە مەحموود، سکرتێری حیزبی شیوعی کوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ـی راگەیاند، حەیدەر فەیلی، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعی کوردستان و وەزیری پێشووتری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەیانی ئەمڕۆ لە نەرویج بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دواییکرد.
بەگوتەی سکرتێری حیزبی شیوعی کوردستان، ماوەیەک بووە بارودۆخی تەندروستی باش نەبووە و بۆ وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانەیەکی نەرویج لە ژێر چاودێری چربووە.
د. کاوە مەحموود دەڵێت، بۆ مەراسیمی کۆچی دوایی چاوەڕوانی هەواڵ و زانیاری خێزانەکەین و بە دڵنیاییەوە دوای ئەوە لە هەولێریش مەراسیمی تایبەتی بۆ رێکدەخرێت.
حەیدەر شێخ عەلی غوڵام ناسراو "بە حەیدەر فەیلی" لە ساڵی 1947 لە شاری بەغدا لەدایکبووه، ئامادەیی و پەیمانگای زانستی پیشەسازی هەر لە بەغدا تەواوکردووه.
حەیدەر فەیلی، لە کابینەی چوارەمی حکومەتی هەرێمی كوردستاندا لە ساڵی 1999 تاوەکو 2006 وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بووە.