لە گوندێكی ئێلیهـ نەوتی خاو تێکەڵ بە ئاوی چەم بووە

رووداو دیجیتاڵ
 
لە پارێزگای ئێلیهی باکووری کوردستان، ئەو نەوتەی لە بۆری گواستنەوەوە دزەی کردووە، تێکەڵ بە ئاوی چەمی گوندەکانی سەر بە شارۆچکەی قوبین بووە و بووەتە هۆی پیسبوونی ئاوەکە.
 
ماوەی چەند رۆژێکە نەوتی خاو لە بۆری گواستنەوەی پاڵاوگەی سلیڤانکا، لە نزیک گوندی بمەر و شێدرک سەر بە شارۆچكەی قوبین دزەی کردووە و تێکەڵ بە ئاوی چەمی گوندەکانی ناوچەکە بووە. بەهۆی تێکەڵبوونی نەوتەوە ئاوی چەمەکە پیس بووە.
 
حەسەن ئەرگوناگا، سەرۆکی کۆمەڵەی خۆبەخشانی ژینگەیی ئێلیهـ و گوتەبێژی پلاتفۆرمی ژینگەیی، سەبارەت بە رووداوەکە رایانگەیاند، "نەوت دزە دەکاتە ناو سەرچاوەی ئاوەکە و کارەساتی ژینگەیی لێدەکەوێتەوە. پێویستە سەرچاوە ئاوییەکان سەلامەت بن، چونکە ئەو مادانەی لە نەوتی خاودا هەن و تێکەڵ بە ئاوەکە بوون، دەبنە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە. پێویستە ئاوەکە دەستبەجێ پاک بکرێتەوە و زیانەکانی خەڵکی گوندەکە قەرەبوو بکرێنەوە".
 
حەسەن ئەرگوناگا باس لەوە دەکات لە  چەند رۆژی رابردوودا زانیارییان لەسەر دزەکردنی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی رامانا رۆژئاڤا و شەلمۆ پێگەیشتووە.
 
ئارگوناگا داوای لە بەڕێوەبەرایەتی ژینگە و شارسازی و گۆڕانی کەشوهەوای ئێلیهـ و بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ و دارستانی ئێلیهـ و کۆمپانیای نەوتی تورکیا کرد رای گشتی ئاگادار بکەنەوە لە زیادبوونی دزەکردنی نەوت لە بۆرییەکانەوە.