ئاراس شێخ جەنگی: دادگەی سلێمانی ناتوانێت فەرمانی دەستگیرکردن بۆ لاهوور جەنگی دەربکات
رووداو دیجیتاڵ
ئاراس شێخ جەنگی دەڵێت: "دادگەی سلێمانی ناتوانێت فەرمانی دەستگیرکردن بۆ لاهوور جەنگی، پۆڵاد جەنگی و رێبوار حامید دەربکات، چونکە ئەوان ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانن و فەسڵ نەکراون." پارێزەرەکەشی دەڵێت، بۆ دڵنیابوونەوە لە بڕیارەکە داواکارییان پێشکێشکردووە و چاوەڕوانی وەڵامن.
دوو رۆژە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لەوە دەکرێت دادگەی سلێمانی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ هەریەک لە لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵاد جەنگی و رێبوار حامید دەرکردووە. بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، تائێستا هیچ فەرمانێکی گرتن بە پارێزەری لاهوور شێخ جەنگی نەگەیشتووە.
سەیوان سیروان جاسم، پارێزەری لاهوور شێخ جەنگی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "2ی ئەم مانگە لەوبارەوە داواکارییەکم پێشکێش کردووە 3ی ئەم مانگە دادوەر لەسەری نووسیوە و ناردوویەتی بۆ ئاسایش و ئەمڕۆ گەیشتووەتە ئاسایش، بۆ ئەوەی هەر فەرمانێک بۆ لاهوور شێخ جەنگی بورهان دەرچووبێت یان دەردەچێت ئاگاداری مەرجەعی بکرێت، لەبەرئەوەی ناوبراو سەرەڕای کاری سیاسی و حیزبی، تائێستا ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشە."
پارێزەرەکەی لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەشکرد، تائێستا وەڵامی داواکارییەکەیان نەدراوەتەوە، چونکە رێکاری یاسایی پێویستی بە دوو سێ رۆژێکە تاوەکو وەڵام دەدرێنەوە.
ئاراس شێخ جەنگی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەوبارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دروستکردنی کەیس و فەرمانی دەستگیرکردن ئاسانە، بەڵام دادگەی سلێمانی ناتوانێت فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەوان دەربکات، چونکە ئەوان ئەفسەرن و ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانن و فەسڵ نەکراون، تائێستا کاک رێبوار لەسەر هێزەکانی پاسەوانی سنوورە و ئەو دووانەی دیکەش ئەفسەر دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستانن."
بەگوتەی ئاراس شێخ جەنگی، "ئەگەر یاسا هەبێت" ئەوە ئەوان ناتوانن فەرمانی گرتن دەربکەن، بەڵکو "دەبێت دەزگای ئاسایش فەرمانی گرتنیان بۆ دەربکات."
رۆژی 8ـی تەممووزی 2021، ئاڵۆزییەکانی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زەقبوونەوە دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی ئەوکاتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرپرسانی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆری گۆڕی، ئەوەش نیگەرانیی لاهوور شێخ جەنگی لێکەوتەوە و دواتر پەیوەندییەکانیان گرژتربوو، تاوەکو گەیشتە ئەوەی رۆژی 15ـی تەممووزی 2022 مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەسەڵاتەکانی لە لاهوور شێخ جەنگی وەکو هاوسەرۆک وەرگرتەوە.