رشانەوە و زبڵ و خاشاک بە هەموو شوێنێکی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار بڵاوبووەتەوە
رووداو - کەلار
لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار رشانەوە و زبڵ و خاشاک لە هەموو شوێنێک بڵاوبوونەتەوە. چوار رۆژە پاککەرەوەکانی نەخۆشخانەکانی گەرمیان مانیان گرتووە، چونکە دوو مانگە مووچەیان پێنەدراوە.
بۆنی ناخۆش و بێزارکەر هەموو شوێنێکی نەخۆشخانەکەی پڕکردووە، بە شێوەیەک کە بە ئاسانی ناتوانیت لەنێو هۆڵەکانی نەخۆشخانەکە بمێنیتەوە.
هەژار ئەحمەد، خزمەتگوزار دەڵێت، "لە مانگی شووباتەوە گرێبەستی کۆمپانیا تەواو بووە، بڕیار بوو بە جێبەجێکردنی راستەوخۆ (تەنفیز موباشیر) مووچەمان پێبدەن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ مووچەیەکمان پێنەدراوە و دوو مانگە دەوام دەکەین."
رێباز ساڵح، خزمەتگوزار ئاماژە بەوە دەکات، "هەموومان خەڵکی فەقیرین، هەر ئەم مووچەیەمان هەیە، هەمانە نەخۆشیی شێرپەنجەی هەیە و کرێی خانوو دەدات، خێزاندارە، ناتوانین بێ مووچە دەوام بکەین."
بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەی گشتیی کەلار هۆشداری دەدات ئەگەر کێشەکە چارەسەر نەکرێت، ناچار دەبن نەخۆشخانە دابخەن.
ئەرکان محەممەد، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی گشتیی کەلار رایگەیاند، "وەکو رێگە چارەیەکی سەرەتایی، تەندروستیی گەرمیان چەند کارگوزارێکمان لە بەشی نەشتەرگەریی گشتی و گورچیلە و منداڵان داناوە، بۆئەوەی ئەو بەشانە پاکبکرێنەوە و دەوام نەوەستێت."
بەپێی نەخۆشخانەی گشتیی گەرمیان، رۆژانە زیاتر لە 10 تۆن زبڵ و خاشاک لەنێو نەخۆشخانەکانی گەرمیان لەلایەن 128 کارمەندی پاککەرەوە کۆدەکرێنەوە، بۆ مووچەی مانگانەشیان تەندروستیی گەرمیان پێویستی بە 39 ملیۆن دینارە لە مانگێکدا.