کۆمیسیۆنی عێراق دەست بە تۆمارکردنی پارت و هاوپەیمانێتییەکان دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

لەگەڵ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە چڕی دەستی بە تەواوکردنی رێکارەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە.
 
سێ لیژنە پێکهێندراون و لە رۆژی 5ـی ئادارەوە لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک دەست دەکرێت بۆ تۆمارکردنی پارت و هاوپەیمانێتییەکان و تاوەکو 14ـی مانگ بەردەوام دەبێت، ئەمە دوا وادەیە و درێژناکرێتەوە.
 
هەیمان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی پارت و رێکخراوەکان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت: "ئێمە لیژنەمان پێکهێناوە، بۆ هەر شارێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، دوو فەرمانبەری خۆمانمان ناردووە کە سەر بە فەرمانگەی کاروباری پارت و رێکخراوەکانن."
 
دەشڵێت، "بۆ هەولێر دوو فەرمانبەر، بۆ دهۆکیش دوو فەرمانبەر لەبەر ئەوەی لە هەڵەبجە نوسینگەی کۆمیسیۆن نییە بۆیە قەرەبووی ئەوەمان کردووەتەوە بۆ سلێمانی سێ فەرمانبەرمان ناردووە. ئەم لیژنانە کاری خۆیان دەکەن، هەر پارتێکی سیاسی یان ئەوانەی ئەیانەوێت هاوپەیمانێتی پێکبهێنن بۆیان هەیە سەردانی نوسینگەکانی کۆمیسیۆن بکەن بۆ خۆ تۆمارکردن لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان."
 
سەبارەت بە کارتی دەنگدانیش، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق 600 هەزار کارتی نوێی رەوانەی هەرێمی کوردستان کرد بۆ ئەوانەی پێشوەخت رێکارەکانی نوێکردنەوەی کارتی دەنگدانیان تەواوکردووە، کە لە رێگەی 173 بنکەوە هاونیشتمانییان دەتوانن وەریان بگرنەوە.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆن دەڵیت، "دابەشکردنی کورسییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پشت نابەستێت بە ژمارەی دەنگدەران بەڵکو پشت بە ژمارەی دانیشتووان دەبەستێت کە بۆ هەر 100 هەزارێک کورسییەک دیاریکراوە، بۆیە پەرلەمانی کوردستان خاوەنی 100 کورسیی پەرلەمانییە."
 
دەشڵێت، "ئەم کورسیانە دابەشمانکردوون بەسەر چوار پارێزگا کە دهۆک، هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە دەگرێتەوە، هەروەها میکانیزمی ئەم هەڵبژاردنەی کوردستان هاوشێوەی هەڵبژاردنی پێشووی عێراق دەبێت." 
 
لە رۆژی 12ـی ئادارەوە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەست دەکات بە تۆمارکردنی ناوی بەربژێرەکان.
 
بۆ ئەم هەڵبژاردنە هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی دابەشکراوە، ئەمجارەیان بەبێ کورسیی کۆتا پرۆسەکە ئەنجام دەدات.