پۆلیسی سلێمانی: ئەو کەسەی بە ئۆنڵاین شامپۆی بە هاووڵاتییەک فرۆشت دەستگیرکرا

 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، ئەو کەسەیان دەستگیرکردووە کە لەرێگەی ئۆنڵاینەوە شامپۆی بە هاووڵاتییەکی شاری سلێمانی فرۆشتووە و دوای بەکارهێنانی بارودۆخی تەندروستیی تێکچووە.
 
رۆژی یەکشەممە، 04-02-2024 سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند: "دوای ئەوەی هاووڵاتییەک سكاڵای تۆماركرد كە لەلایەن كەسێكەوە شامپۆی پێفرۆشراوە و دوای بەكارهێنانی بارودۆخی تەندروستی تێكچووە، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوە و بەدواچوونەكانیان دەستپێكرد و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر توانرا لەلایەن بنكەی پۆلیسی هەواری شارەوە تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و دەستگیر بكرێت."
 
پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، ئێستا تۆمەتبار (م. ک. ح) ناسراو بە (ح. س) لەدایكبووی 1992 بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 416 لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراوە و لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بەردەوامە.
 
رۆژی شەممە، هاوونیشتمانییەکی شاری سلێمانی رایگەیاند، لە رێگەی ئۆنڵاین شامپۆیەکی کڕیوە و دوای بەکارهێنانی رووبەرووی کێشەی تەندروستی کردووەتەوە، ئەوەش کاردانەوەی زۆری بە دواداهات. 
 
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، ئەو پیاوە دوای ئەوەی شامپۆکەی بەکارهێناوە و کاریگەری خراپی لەسەری هەبووە، پەیوەندی بەو کەسەوە کردووە کە بە ئۆنڵاین شامپۆکەی لەو کڕیوە و ئاگاداری کردووەتەوە، بەڵام ئەو پێی گوتووە دیارە خۆت کێشەی دیکەت هەبووە و بەهۆی شامپۆی من نەبووە و دوای ئەوەی ئاگاداری کردووەتەوە کە سکاڵای لەسەر دەکات پێی گوتووە، چیت لەدەست دێت بیکە. 
 
بە گوتەی سەرکەوت ئەحمەد، حکومەت و داواکاری گشتی بەردەوام هاووڵاتییان ئاگاداردەکەنەوە بە ئۆنڵاین شت نەکڕن چونکە گەرەنتیی نییە. دەشڵێت، "ئەو کەسەی شامپۆکەی فرۆشتووە کاری ئۆنڵاین دەکات و جگە لە شامپۆ، شتی دیکەش بە ئۆنڵاین دەفرۆشێت."