کەشناسی: سبەی بەفر و باران دەبارێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەشی کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەپێی پێشبینییەکان ئەمڕۆ نمەباران دەستپێدەکات و سبەی هەینی لە سنووری پارێزگای دهۆک، ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی راپەڕین بارانبارین بە شێوەی پچڕ پچڕ دەبێت و لە ئێوارەدا ئاستی دابارین زیاد دەکات. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 04-01-2024، بەشی کەشناسیی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن رایگەیاند، بەپێی پێشبینییەکان ئەمڕۆ ئاسمان نیمچەهەور دەبێت و لە هەندێک ناوچە هەورى تەواو دەبێت. لە دوای نیوەڕۆ نمەباران دەبارێت، لە سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانی پاشان لە کاتەکانی شەودا کاریگەرییەکەی درێژدەبێتەوە بۆ سەر ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر.
 
کەشناسی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە درەنگی ئەمشەو لەسەر لووتکەى شاخەبەرزەکان بەفرێکی کەم دەبارێت و ئەگەری دروستبوونی تەم هەیە و پلەی گەرماش بەراورد بە دوێنی 1 بۆ 2 پلە بەرزتر دەبێتەوە.
 
لەبارەی کەشوهەوای سبەی هەینی، بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی ئاسمان بە گشتی هەور دەبێت، لە سنووری پارێزگای دهۆک، ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی راپەڕین بارانبارین بە شێوەی پچڕ پچڕ دەبێت، لە ئێوارەدا لەم ناوچانە ئاستی دابارین زیاد دەکات. 
 
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، سبەی لەکاتەکانی دوای نیوەرۆ لە بەشێک لە سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و کەرکووک نمە باران دەبێت هەروەها لە ناوچە سنوورییەکان بەفر دەبارێت و  پێشبینی دروستبوونی تەمێکی کەم دەکرێت بە درێژایی کاتەکانی سبەی.
 
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەی هەینی بەمشێوەیە دەبێت:
 
هەولێر: 16 پلەى سیلیزى
سلێمانی: 16 پلەى سیلیزى
دهۆک: 10 پلەى سیلیزى
کەرکووک: 18 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە: 16 پلەى سیلیزى
زاخۆ: 11 پلەى سیلیزى
گەرمیان: 19 پلەى سیلیزى
حاجی ئۆمەران: 3 پلەى سیلیزى
سۆران: 10 پلەى سیلیزى