نانەواخانەکانی هەولێر: گۆڕانکاریکردن لە ژمارە و کێشی نان قورسە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی سەموونخانەکانی هەولێر رایگەیاند، لەبارەی فرۆشتنی 10 نان و سەموون بە هەزار دینار یەکشەممە لەگەڵ بەڕێوەبەری بازرگانی کۆدەبنەوە و لەو کۆبوونەوەیە بڕیار دەدرێت. سەرۆکی ئەنجوومەنی نانەواخانەکانی هەولێریش دەڵێت، "گۆڕانکاری لە ژمارە و کێشی نان قورسە."
رۆژی پێنجشەممە، 04-01-2024 دلاوەر موحسین، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەموونخانەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێستا 10 سەموون کە کێشی 80 گرامە بە هەزار دینارە و کێشی سەموونەکان زیاد ناکەین، ئەگەر داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکرێت. بڕیار بوو حکومەت گازمان بۆ دابین بکات و ئاردمان بە 29 هەزار دینار پێ بدەن، بەڵام هیچ نەکراوە."
بە گوتەی دلاوەر موحسین، ئێستا یەک فەردەی 50 کیلۆی ئاردی تورکی بە 37500 دینارە و دەڵێت، "حکومەت باری قورس کردووین و ئێستا یەک تەن ئاردی تورکی 130 هەزار دیناری خراوەتە سەر کە بۆ هەر فەردەیەک شەش هەزار دینار دەکات، دەمانەوێت گومرگی سەر ئەو ئاردەمان بۆ لابدەن."
سەرۆکی ئەنجوومەنی سەموونخانەکانی هەولێر دەشڵێت، ئەگەر ئارد و گازیان بۆ دابین بکرێت و گومرگی سەر ئاردی تورکی لاببرێت پابەند دەبن و هەر 10 سەموونێک بە کێشی 100 گرام دەفرۆشن، "بەڵام دەبێت بزانین لیتری گازمان بە چەند پێ دەدەن ئێستا 580 دینارە و ئەگەر بە 270 دینار پێمان بدەن ئەوە کێشی سەموونەکان دەکرێتە 100 گرام."
لە پارێزگای هەولێر 3540 نانەواخانە و سەموونخانە هەن. سەرۆکی ئەنجوومەنی سەموونخانەکانی هەولێر دەڵێت، یەکشەممە لەگەڵ نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی کۆدەبنەوە و لەو کۆبوونەوەیە بڕیار لەبارەی میکانیزمی نوێ بۆ فرۆشتنی نان و سەموون دەدرێت.
"گۆڕانکاری لە فرۆشتنی ژمارە و کێشی نان قورسە"
لە هەولێر دوو جۆر نان دەفرۆشرێت، یەکێکیان چوار دانەی کە کێشی 170 گرامە بە هەزار دینارە و یەكێکی دیکەیان هەشت دانەی بە هەزارە کە کێشی 90 بۆ 100 گرامە.
تەها حەسەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نانەواخانەکانی هەولێر لەبارەی فرۆشتنی 10 نان بە هەزار دینار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیاری گۆڕینی کێش و ژمارەی نان بڕیارێکی قورسە و هێندەی سەموون ئاسان نییە، چونکە کرێ و هەقدەستی نان زۆر گرانە."
بە گوتەی تەها حەسەن، تائێستا هیچ لایەنێک ئاگاداری نەکردوونەتەوە، کە دەبێت 10 نان بە هەزار دینار بفرۆشن و دەشڵێت، "هیچ کەس و لایەنێکیش لەبارەی هیچ کۆبوونەوەیەک ئاگاداریان نەکردووینەتەوە."
سەرۆکی ئەنجوومەنی نانەواخانەکانی هەولێر دەشڵێت، "ئەگەر حکومەت ئارد و گاز کە زۆر سەرەکییە بۆمان دابین نەکەن چۆن دەتوانین ژمارەی فرۆشتنی نان زیاد بکەین؟"
نوێنەری نانەواخانەکانی سلێمانی: دەبێ ئاردمان بۆ هەرزان بکەن
عوسمان فەرەج، نوێنەری نانەواخانەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە دوو جۆر ئارد زۆر بەکاردەهێنین ئەویش تورکییە کە فەردەی بە 38 هەزارە و رووسییەکە کە ئەویش بە 32 هەزار دینارە، دەبێت 50٪ داشکاندمان بۆ بکەن بۆ ئەوەی 10 نان بکەین بە هەزار دینار، واتا ئەگەر فەردەی ئارد بە 15 هەزار دینار زیاتر پێمان بدەن ئەوە بە کەڵکی ئێمە نایەت، ئێمە ناتوانین ئارد بە 29 هەزار دینار وەربگرین و ژمارەی نان و کێش زیادبکەین."
بە گوتەی عوسمان فەرەج، بۆ کێشی نان دوو جۆریان پێباشە، ئەویش 10 نان بە هەزار دینار کێشی 135 گرام یاخود هەشت بە هەزار کە کێشی بە 145 گرام بێت. دەشڵێت، "چاوەڕوانین بزانین دەتوانن چیمان بۆ دابین بکەن، ئەگەر ئاردمان بۆ دابین بکەن بەو نرخەی ئێمە دەمانەوێت ئەو کات جێبەجێ دەکەین، بەڵام تاوەکو ئێستا لە هیچ شتێک ئاگادارنەکراوینەتەوە."
لە هەرێمی کوردستان جگە لە بەشەئاردی مانگانە، ئاردی هاوردەکراوی تورکیا، رووسیا و ئێران هەیە کە گرانترینی ئاردی تورکییە.
مانگی ئاداری 2022 لە پارێزگای سلێمانی شەش نان کرایە هەزار دینار، بەڵام کێشی لە 90 گرامەوە بۆ 100 گرام زیادیکرد ئەوەش بەهۆی گرانبوونی نرخی غاز و کارەبا و زۆریی باج و هەروەها بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئارد بەتایبەتی ئاردی تورکی.
نرخ و کێشی نان لە هەر پارێزگایەکی کوردستان جیاوازە، لە سلێمانی و هەڵەبجە شەش نانی 100 گرامی بە هەزار دینارە و لە دهۆک چوار نان بە کێشی 150 گرام بەو نرخەیە، لە هەولێریش هەشت نان بە هەزار دینارە کە کێشی ئەنگوتکەکان لە 90 بۆ 100 گرامە و جۆرێکی دیکە چواری بە هەزارە کە کێشی 170 گرامە.
لەبارەی گۆڕانکاری لە فرۆشتنی نان و سەموون، رۆژی شەممە، 30-12-2023، شوان حوسێن، سەرۆکی لیژنەی چاودێریی بازرگانی لە قایمقامیەتی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیران نووسراوی ئاراستەی چاودێری بازرگانیی سلێمانی کردووە بۆ ئەوەی 10 نان یان 10 سەموون بکرێتە هەزار دینار، بەڵام هێشتا دیاری نەکراوە کێشی نانەکە دەبێت چەند بێت.