دەمیرتاش ماڵپەڕێکی بە چوار زمان کردووەتەوە، کوردیی تێدا نییە


رووداو دیجیتاڵ 

سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە ماڵپەڕێکی بە چوار زمان کردووەتەوە و بۆکسێکی تێدایە بۆ وەرگرتنی بۆچوون و پێشنیازەکان؛ زمانی کوردیی لە نێو زمانەکانی ماڵپەڕەکەدا نییە. 
 
سەلاحەدین دەمیرتاش کە لە زیندانی ئەدیرنە بەندکراوە لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، ماڵپەڕێکی کردووەتەوە و دەڵێت، "دەتوانن پێشنیازەکانتان بنووسن. هەر بۆچوونێک کە دەیگەیێنن لەلایەن پارێزەرەکانمەوە دەگەیێندرێت بە من. دڵنیابن لەوەی بە وردی هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکەم. با دەستپێبکەین. بەختێکی باش، با رێگەکەتان و رێگەکەمان کراوە بێت." 

 

 
ئەو ماڵپەڕەی کە دەمیرتاش بۆ وەرگرتنی بۆچوون و پێشنیازەکانی کردوویەتییەوە، زمانەکانی تورکی، ئەڵمانی، فەرەنسی و ئینگلیزیی تێدایە، بەڵام زمانی کوردیی تێدا نییە. بەشێک لە بەکارهێنەرانی سۆشیالمیدیا رەخنەیان لێگرتووە و ئاماژەیان بەوەداوە، پێویستە کوردییش بخرێتە نێو زمانە بەکارهێندراوەکانی ماڵپەڕەکە.