خاوەن ئۆتۆمبێلێکی بێ سەرەتا: دەفتەرێک دۆلار زیانم کردووە، ئەگەر تۆمارمان بکەن بە هەموو مەرجێک رازین
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی باڵای ئەمنیی پارێزگای سلێمانی، بڕیاریدا بە دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و جامڕەش. بڕیارەکە کاردانەوەی لای خاوەن ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان لێکەوتەوە و داوا دەکەن لە شوێنی دەستبەسەرداگرتن، میکانیزمێک بۆ چارەی کێشەکە دابنرێ. لیژنەی ئەمنیی شارەکەش دەڵێت: "سوورین لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکە".
لیژنەی ئەمنیی سلێمانی، لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: " ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا، هەڵگری ژمارەی ساختە و جامڕەش خەریکی دەبێتە دیاردەیەک لەسەر شەقامەکان و رەنگدانەوەی نەرێنی دروستدەکات لەسەر ناو و ناوبانگی هەرێمی کوردستان و شاری سلێمانی و کاریگەریی خراپ و لێکەوتەی مەترسیداری هەیە."
لیژنەکە بڕیاریدا بە دەستبەسەرداگرتن و گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر هەر ئۆتۆمبێلێکی بێ سەرەتا، بەڵام دەڵێت: "بۆ خاوەنەکانیان هەیە بیبەنە دەرەوەی هەرێمی کوردستان".
بەشێکی خاوەن ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان پەیوەندییان بە رووداو کردووە و دەڵێن، دەبوو رەچاوی ئەوە بکرێت کە زۆربەی خاوەنەکانیان کەسانی کەمدەرامەتن، دەشڵێن: رازین بە دانانی میکانیزمێکی چارەسەری وەک تۆمارکردن لەلایەن حکومەتەوە.
هاوبەش حوسێن، مامەڵەکار و خاوەن سێ ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتایە لە سلێمانی، لە بەرپرسیار، گوتی: "20 رۆژە هەر سێ ئۆتۆمبێلەکەم لە هەرێمی کوردستان کڕیوە، دوای بڕیارەکە زیانی یەک دەفتەر دۆلارم پێکەوتووە، ئەم بڕیارە رەچاوی دۆخی ئێمەی نەکردووە و داوا دەکەین میکانیزمێک دابنرێت وەک تۆمارکردن و رازین بە هەموو مەرجەکان."
سەبارەت بەو میکانیزمە گونجاوەی کە دەکرێ وەک چارەسەر بۆ کێشەی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان دابنرێت، یوسف بازیانی، سەرۆکی رێکخراوی رۆشنبیری بۆ سەلامەتیی رێگەوبانی کوردستان، بە رووداوی گوت: "دەبێ لە بنەڕەتەوە رێگری لە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا بکرێن. دەبێ میکانیزمێک دابنرێت کە زیان بە خاوەنەکانیان و حکومەت نەگات، دەکرێ تۆمار بکرێن، چونکە بۆ هەردوولا سوودی هەیە، هەم لە رووی داهات و ناسینەوەی سەرپێچیکاران و بوونی تۆماری ئۆتۆمبێلەکە، بۆ خاوەنەکانیشیان چیدیکە لە دڵەڕاوکێی دەستەبەسەرداگرتن نامێننەوە."
نەجات نەجم، سەرۆکی رێکخراوی هێڵی سوور بۆ سەلامەتیی هاتووچۆ، دەڵێت، مەرجی سەلامەتی لە "زۆربەی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان نییە".
ئەو سەرۆکی رێکخراوە لە بەرپرسیار، گوتیشی: "گرتنە دەست و مامەڵەکردن بە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا نایاساییە. زۆربەی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان سووکانیان لای راستە گۆڕاون بۆ چەپ و لە پشکنینی تووند و تۆڵی دەرناچن. بابەتەکە بازرگانی و بازاڕییە و پێویست بە موجامەلە ناکات و هەموو ئۆتۆمبێلەکان دەکەینە قوربانی یەک منداڵ."
نوێنەری ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان لە سلێمانی گوتەکانی سەرۆکی رێکخراوی هێڵی سووری لە بەرپرسیار رەتکردەوە. سوارە عومەر گوتی: "70 هەزار ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا لە هەرێمی کوردستان هەن و کێشەکە تەنیا سلێمانی نییە و هەموو هەرێمی کوردستانە. مەرجی تووند و تۆڵییان تێدایە. لە 2016 وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری رەقەمکردنیانی دا. ئەگەر مەرجی تووند و تۆڵییان تێدا نەبێت چۆن بەسەر شەقام دەسووڕێنەوە. لە سنووری سلێمانی 37 هەزار ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا هەن و زۆربەیان کەمدەرامەتن و هەیانە زێڕی هاوژینەکەی فرۆشتووە بۆ کڕینی ئۆتۆمبێلێکی 45 وەرەقەیی."
لە هەرێمی کوردستان دوو ملیۆن و 400 هەزار ئۆتۆمبێل هەن. تەنیا لە هەولێر یەک ملیۆن و زیاتر لە 700 هەزار ئۆتۆمبێل هەن.
شارەزایەکی هاتووچۆ لە بەرپرسیار، رەخنە لە رێگەپێدان بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا دەگرێت. عەمیدی خانەنشینی هاتووچۆ قادر سدیق، گوتی: "ئەم ئۆتۆمبێلانە لە ئاسمانەوە نەهاتوون، لە دەروازەکانەوە داخڵ دەبن. لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 60 هەزار ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا هەن، بەشێکیان ئەوانەن کە بڕاوەن، یان بە قاچاخ هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن، یان ئەوانەی لە ئەورووپا دەگەڕێنەوە و ئۆتۆمبێلەکەیان نابەنەوە و دەبنە بێ سەرەتا."
عەمید قادر سدیق، گوتی: " هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا لە 2003ـەوە دەستیپێکرد. ئەوکات هۆشداریم دا بەڵام ئەوانەی کە بەرژەوەندییان لەو بابەتە هەبوو خەریک بوو ئازاریشم بدەن. ئەمە دیاردەیەکی ترسناکە و دەروازە سنوورییەکان تاوان دەکەن بە رێگەپێدانیان. ئێستا کە بووەتە ئەمری واقیع دەبێت حکومەت چارەیەکی گونجاو بدۆزێتەوە و ناکرێ ئەو خەڵکە بێ داهات بکرێن."
رووداو پەیوەندی کرد بە هەریەک لە قایمقام، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ و پارێزگاری سلێمانی، بەڵام ئامادە نەبوون هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو بابەتە بدەن.
پێش دەستپێکردنی بەرنامەی بەرپرسیار، لیژنەی ئەمنیی سلێمانی، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "بەهیچ جۆرێک پاشگەزبوونەوە و گۆڕانکاری بەسەر بڕیارەکەمان نەهاتووە. بڕیارێکی سەرپێیی نەبووە و زۆر بە وردی دیراسە کراوە و کۆدەنگی و هاوئاهەنگی هەیە."
راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاند: "سوورین لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکە."