ژاپۆن 4.5 ملیۆن دۆلار بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ و تاڵاوەکان تەرخان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە ئێران رایگەیاند، حکومەتی ئەو وڵاتە بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ و ئەو دەریاچە و تاڵاوانەی مەترسیی وشکبوونیان لەسەرە، هاوکاریی حکومەتی ئێران دەکات، بۆ ئەو مەبەستە بڕی 4.5 ملیۆن دۆلار وەکو هاوکاری دارایی تەرخان دەکات.
لە رێوڕەسمێکدا کە رۆژی دووشەممە (2-12-2024) لە باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە تاران سازکرا، حکومەتی ژاپۆن و بەرنامەی پەرەپێدانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێران، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان بۆ جێبەجێکردنی "پڕۆژەی پەرەپێدانی سیستمی پاراستنی تاڵاوەکان لە دەریاچەی ورمێ واژۆ کرد.
بەرنامەی پەرەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، "حکومەتی ژاپۆن بڕی 690 ملیۆن یێنی ژاپۆنی بۆ باشترکردنی دۆخی تاڵاوەکان و دەریاچەی ورمێ، شادگان، پەریشان و ئەنزەلی تەرخان کردووە."
پڕۆژەکە بە هاوبەشی و هاوکاریی رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران و رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (FAO) لەنێوان ساڵەکانی 2024 تاوەکو 2028 جێبەجێ دەکرێت.
لە رێوڕەسمەدا، تسوکادا تاماکی، باڵیۆزی ژاپۆن لە تاران رایگەیاند "حکومەتی ژاپۆن بڕیاری داوە بڕی 690 ملیۆن یێنی ژاپۆنی (4.5 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی) بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی پەیوەست بە پەرەپێدانی پاراستنی تاڵاوەکان لە دەریاچەی ورمێ و ناوچەکانی دیکە تەرخان بکات. ئەم پڕۆژەیە بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە هاوکاریی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (FAO) جێبەجێ دەکرێت."
بەگوتەی تاماکی، لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، حکومەتی ژاپۆن لە رێگەی رێکخراوی جایکا، پشتیوانی لە هەوڵەکانی حکومەتی ئێران بۆ پاراستنی دەریاچەی ورمێ کردووە، بۆ ئەو مەبەستەش هاوکاریی رێکخراوە پەیوەندیدارەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانیشی کردووە.
ئەحمەدڕەزا لاهیجانزادە، جێگری سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران بۆ کاروباری ژینگە دەریایی و تاڵاوەکان، لە رێوڕەسمەکەدا سوپاسی هاوکارییەکانی ژاپۆنی بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ کرد و رایگەیاند، ژاپۆن لە ساڵانی رابردوودا بڕی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ دەریاچەی ورمێ تەرخان کردووە.
دەریاچەی ورمێ دەکەوێتە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان و لە ساڵی 2005ـەوە وشکبوون و بچووکبوونی رووبەری دەریاچەکە دەستپێکردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی ژینگەی ئێران رایگەیاندووە، ئێستا رووبەری دەریاچەکە بۆ کەمتر لە 800 کیلومەتری چوارگۆشە بچووک بووەتەوە، لەکاتێکدا لە ساڵی 1998ـدا رووبەری دەریاچەکە نزیکەی شەش هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە بووە.