هەوڵی رزگارکردنی ئەو بەندکراوە مەریوانییە دەدرێت لە رووداوی هاتووچۆدا کەسوکاری لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ 

کەسایەتی و چالاکڤانانی مەریوان هەوڵدەدەن بەندکراوێکی ئەو شارە لە لەسێدارەدان رزگار بکەن، کە چوار کەس لە ئەندامانی خێزانەکەی دوای چوون بۆ چاوپێکەوتنی لە گرتووخانە، بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا.
 
دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، 29-11-2023 لە رووداوێکی هاتووچۆ لە رێگەی سنە- مەریوان چوار کەس گیانیان لەدەستدا کە ئەندامی یەک بنەماڵە بوون. غەفوور کەریمی لەگەڵ کچێکی بە ناوی رەنگین ئەمانی و هەروەها زاوا و نەوەکەی بە ناوەکانی محەممەد و شاهان مەحموودی گیانیان لەدەستدا. 
 
لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا هاوژینی غەفوور کەریمی و کچێکیشی بە ناوی سارا کەریمی هەبوون و بریندار بوون. سارا کەریمی هاوژینی محەممەد و دایکی شاهان مەحموودییە.
 
ئەوان لە چاوپێکەوتنی کوڕێکی غەفوور کەریمی بە ناوی یاسر دەگەڕانەوە کە نزیکەی دوو ساڵ پێش بە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە و لە گرتووخانەی سنە بەندکراوە.
 
دوای گیانلەدەستدانیان، بەرپرسانی گرتووخانەی سنە رێگەیاندا رۆژی پێنجشەممە تەرمی قوربانییەکان ببردرێتە نێو گرتووخانە بۆ ئەوەی یاسر ماڵئاوایی لە تەرمەکانیان بکات. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وا بڵاوکراوەتەوە، بڕیار بووە رۆژی چوارشەممە یاسر لەسێدارە بدرێت و کەسوکارەکەی بۆ بینینی سەردانیان کردبوو، بەڵام بە پێی ئەو زانیارییانەی لە کەسوکاری نزیکییانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداو گەیشتووە، بڕیار نەبووە یاسر کەریمی لەسێدارە بدرێت و هەر بۆ چاوپێکەوتنی ئاسایی، کەسوکاری چووبوونە گرتووخانەی سنە.
 
دوای ئەو رووداوە، ژمارەیەک لە کەسایەتی و چالاکڤانان مەریوان هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی بنەماڵەی کوژراوەکە لە یاسر کەریمی خۆش بن.