یەکەم نابینا لە هەرێمی کوردستان بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێنا

 
رووداو - هەولێر

لەپێش چاوی حەسەن هەموو شتێک تاریکە، بەڵام چرۆی ئاواتی سەرکەوتن لە ناخیەوە رووناکیی پێی بەخشیوە، ئەو تەمەنی 40 ساڵە و باوکی حەوت منداڵە. لە کۆڕەوەکەی ساڵی 1991 کە تەمەنی 11 ساڵان بووە، گولـلە هاوەنێک پێیدا دەتەقێتەوە و دەستێک و هەردوو چاوەکانی لەدەستدەدات.
 
حەسەن یوسف، نابینایە و دەڵێت "لە ساڵی 1994 کە زانیم پەیمانگەی رووناکیی نابینایان هەیە، پەیوەندیم بەوێ کرد و دەستم بە خوێندن کرد. لە ساڵی 2004 لە کۆلێژی زمان لە زانکۆی سەڵاحەددین لە بەشی کوردی وەرگیرام و لە کۆی 75 قوتابیی چاوساخ بە پلەی نایاب دەرچووم".
 
گوێگرتنی بەردەوام بۆ رادیۆ و تێکەڵبوونی بە شیعری کوردی وایکرد دەستبەرداری خوێندن نەبێت. ساڵی 2008 بە پلەی نایاب ماستەر لە ئەدەبی کوردی وەردەگرێت. بەهۆی دانەمەزراندنیەوە بیری لە خۆکوشتن کردووەتەوە، بەڵام هەر زوو خۆی کۆدەکاتەوە و هەوڵی وەرگرتنی دکتۆرا دەدات.
 
حەسەن یوسف دەڵێت "کەوتمە نێو جیهانی ئەدەبیات و توێژینەوە لە ئەدەبیات و جیهانێکی دیکە کە زۆر خۆش و چێژبەخش بوو، هەر بەو هۆیەوە بوو تاوەکو ئێستا دەستبەرداری نەبووم و چ بە نووسین بێت چ بە تێزێک ئەکادیمی بەردەوام بوومە لە ئەدەبیات".
 
رەنج مەجید مامۆستای قۆناخی سەرەتایی حەسەن یوسف بووە و رۆلی بەرچاوی لە خوێندنەوەی کتێب و نووسینی دکتۆرانامەی قوتابییەکەی هەیە.
 
رەنج مەجید دەڵێت "لە ستۆدیۆ و بە هاوکاریی مامۆستایانی پەیمانگە 140 کتێبمان تۆمارکرد بۆ مامۆستا حەسەن تاوەکو لە دکتۆراکەی کەڵکی لێوەربگرێت".
 
تێزی دکتۆراکەی مامۆستا حەسەن لەسەر رۆڵی بگێڕەوە لە رۆمانەکانی حیسام بەرزنجی بوو، دوای پێنج کاژێر گفتوگۆ و بەرگری،  بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێنا. بەمەش بوو بە یەکەم نابینا کە لەسەر ئاستی زانکۆکانی هەریمی کوردستان بڕوانامەی دکتۆرا بەدەستدێنێت.
 
حەسەن یوسف دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەی دکتۆرا گوتی "دڵخۆشم کە بڕوانامەی دکتۆرام بە پلەی باڵا پێیبەخشرا، دیارە ئەرکی من قوورستر دەکات بۆ قۆناخەکانی داهاتوو لە خوێندنی پڕۆفیسۆری و هەوڵدەدەم لە توێژینەوە بەردەوامبم و ئەوە هاندەرێکی باش بوو".
 
هەرچەندە لە 11 ساڵییەوە هیچکات نەیتوانیوە خوێنەربێت، بەڵام ساڵانێکە گوێگرێکی باشە و رۆژانە بە 14 کاژێر گوێگرتن لەو کتێبانەی بە دەنگ بۆیان تۆمارکردووە، خەونەکانی بەدیهێناوە.