بوومەلەرزەیەک لە مەڵەتیی باکووری کوردستان روویدا
رووداو دیجیتاڵ
بوومەلەرزەیەک لە مەڵەتیی باکووری کوردستان روویدا، کە گوڕەکەی 4.2 پلە بووە بە پێوەری رێختەر.
سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا (ئافاد) بڵاویکردەوە، بوومەلەرزەکە کاژێر 01:56ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 03-11-2024) لە شارۆچکەی بەتاڵگازی لە پارێزگای مەڵەتیی باکووری کوردستان روویداوە.
ئافاد دەڵێت، بوومەلەرزەکە بە قووڵایی 10.52 کیلۆمەتر بووە. هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بوومەلەرزەکە هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە.
لە شەشی شوباتی 2023، دوو بوومەلەرزە بە گوڕەکانی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر لە پارێزگای مەڕەشی باکووری کوردستان روویاندا؛ بوومەلەرزەکان 10 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانیان هەژاند. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، 53 هەزار و 500 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستدا و 107 هەزار 204 کەسی دیکە بریندار بوون. هەروەها نزیکەی 5 هەزار کەسیش لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا گیانیان لەدەستدا.
لە دوای بوومەلەرزەکانی 6ـی شوباتەوە زیاتر لە 20 هەزار بوومەلەرزە و پاشلەرزە لە باکووری کورستان و تورکیا تۆمارکراون، کە گەورەترینیان لە پارێزگای هاتای بووە، بە گوڕی 6.4 پلە.