لە ئەرزینجان 25 کۆچبەری ئەفغانی دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئەرزینجانی باکووری کوردستان 25 کۆچبەر دەستگیرکران و دوو کەسیش بەتۆمەتی قاچاخچێتیی بە کۆچبەرانەوە خرانە زیندانەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە لەلایەن پارێزگای ئەرزینجان بڵاوکراوەتەوە، رۆژی پێنجشەممە، 2ـی تشرینی دووەمی 2023، تیمەکانی هۆبەی دەروازە سنوورییەکان و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتیکردن بە کۆچبەران سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی ئەرزینجان لە بازگەیەکدا گومانیان لە شوفێری بارهەڵگرێک کردووە و بارهەڵگرەکەیان راگرتووە.
دوای پشکنینی بارهەڵگرەکە، 25 کۆچبەری ئەفغانیان دەستبەسەر کردووە، دوای گرتنەبەری رێکاری یاسایی، کۆچبەرە ئەفغانییەکان رادەستی فەرمانگەی کۆچی پارێزگا کران.
هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی ئەرزینجان، دوو کەسیان بە ناوەکانی "ئا. د." و "ئۆ. ب." کە بەتۆمەتی قاچاخچێتیکردن بە کۆچبەران دەستبەسەرکردووە، دوای وەرگرتنی گوتەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش، رەوانەی دادگەی ئەرزینجان کران و بە بڕیاری دادگە خرانە زیندانەوە.
لە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات، کۆچکردنی ئەفغانییەکان زیادی کردووە و بەردەوامیشە، ئەو کۆچبەرانە دوای ئەوەی خۆیان دەگەیێننە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، هەوڵی پەڕینەوە بۆ تورکیا و باکووری کوردستان دەدەن، بەڵام بەشی زۆریان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستگیردەکرێن و دیپۆرتدەکرێنەوە.