تیمەکانی بەرگریی شارستانی هەولێر بەهۆی مەترسی لافاوەوە خرانە ئامادەباشییەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند، لە بەحرکە و دارەتوو لافاو دروستبووە، لە هەندێک شوێنی دیکەش بەهۆی بارانبارینەوە ئاو چووەتە نێو حەوشەی ماڵان. بەهۆی مەترسی دروستبوونی لافاو تیمەکانیان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە
کاژێر 1:00ـی دوانیوەڕۆی رۆژی هەینی، 03-11-2023، بارانبارین لە هەولێر و دەوروبەری دەستیپێکرد و بەهۆیەوە لە هەندێک ناحیە و گەڕەکی هەولێر لافاو دروستبووە.
کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستاینی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوای ئەوەی بارانبارین لە هەولێر دەستیپێکرد لە ناحیەکانی بەحرکە و دارەتوو لافاو دروستبووە، لە گەڕەکی ئازادی و شادیش ئاو هەڵكشاوە و چووەتە نێو حەوشەی ماڵان.
بە گوتەی گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر تیمەکانیان 24 کاژێر خراونەتە ئامادەباشییەوە و دەشڵێت، تیم بۆ زۆربەی ئەو شوێنانە نێردراوە کە لافاوی لێدروستووە، یان ئاستی ئاو بەرزبووەتەوە، وەکو گەڕەکەکانی نەورۆز، ئازادی، شادی و ناحیەکانی بەحرکە و دارەتوو.
کاروان میراودەلی گوتیشی، پێشتر بەشی کەشناسی ئاگاداری نەکردبوونەوە کە بە دیاریکراوی 03ـی تشرینی دووەمی 2023 باران لە هەولێر دەبارێت، بەڵام پێشتر کەشناسیی پێی راگەیاندوون، کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە ئەگەری لێزمەباران هەیە، هەر بۆیە تیمەکانیان خراونەتە ئامادەباشی.