پووتین بۆ بەرپرسانی سەربازی: درۆنەکان بە تەکنەلۆجیای ژیریی دەستکرد بەهێزبکەن


رووداو دیجیتاڵ 

ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا داوا لە بەرپرسانی بەرگریی وڵاتەکەی دەکات درۆنە شەڕکەرەکانی سوپای وڵاتەکەیان بەهێزبکەن و بەرەوپێشیان ببەن، بە تایبەتیش لە رێگەی بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای ژیریی دەستکرد یاخود (AI) ئەی ئای. 
 
لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ بەپرسانی باڵای بەرگریی وڵاتەکەی، پووتین گوتی سوپاکەیان زیاتر لە دوو هەزار درۆنی بەردەستی هەیە. پووتین بە جەنەراڵەکانی گوت، "پێویستە کاری زیاتر لەسەر ئەمە بکرێت. بەتایبەتیش لە رێگەی بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای ژیریی دەستکرد و نوێترین داهێنانە زانستی و تەکنەلۆجییەکان."
 
درۆنەکان بە گوتەی پووتین، سەرکەوتنی خۆیان لە ململانێکانی ئەم دواییەدا سەلماندووە و رووسیاش توانیویەتی بەرگریی خۆی لە دژی درۆنەکانی دژبەرەکانیان بەهێزبکات، لەنێویشیاندا دژی ئەو دۆرنانەی کە پووتین دەڵێت لە "هێرشە تیرۆریستییەکانی" سووریا بەکارهێندراون.
 
پووتین گوتی، "ئێمە فێربووین کە چۆن ئەو هێرشانە پووچەڵبکەینەوە و سەرکەوتووانەش ئەو کارە دەکەین."
 
پەرەپێدانی درۆنەکان بەشێکە لە هەوڵەکانی پووتین بۆ بەهێزکردنی جبەخانەی سوپای وڵاتەکەی کە لە ماوەی دوو دەیەی دەسەڵاتەکەیدا هێزی سەربازیی رووسیای گەیاندووەتە ئاستێکی باڵا. 
 
پێشتر و هەر لە ئەمساڵدا، نەوەیەکی نوێی فڕۆکە شەڕکەرەکانی سوخۆی خرایەڕوو کە جۆرێکە لەوانەی رادار هەستی پێناکات. 
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو فڕۆکەیە ئەوەیە کە دەتوانێت درۆن هەڵبگرێت و لە دژی ئامانجی دیاریکراو لە ئاسمانەوە بیانخاتە کار و ئاراستەیان بکات. 
 
رووسیا هەروەها لە پەرەپێدانی مووشەکە دەنگبڕەکان پێشەنگە، کە ئەو جۆرانە دەتوانن بە خێرایی پێنج هێندەی خێرایی دەنگ گەشت بکەن، ئەوەش وایان لێدەکات دۆزینەوە و بەرپەرچدانەوەیان لە لایەن رادار و سیستەمەکانی بەرگریی مووشەکەوە ئاسان نەبێت.
 
تورکیا و ئیسرائیل لە ماوەی رابردوودا درۆنیان فرۆشتووەتە رووسیا کە لە سەرکەوتنی ئازربایجان بەسەر ئەرمینیادا لە شەڕی هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ ساڵی رابردوو دەستێکی باڵایان هەبوو. 
 
مانگی رابردوو، رووسیا نیگەرانیی خۆی دەربڕی لە بەرامبەر یەکەمین هێرشی درۆنیی ئۆکراینا بۆ سەر جوداخوازەکانی لایەنگرانی مۆسکۆ کە لە رێگەی درۆنێکی تورکی لە جۆری بایراکتار TB2ئەنجامدرا بوو.
 
مۆسکۆ لەو بارەیەوە گوتی، ئەوە دەکرێت بەرەکان لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا "ناسەقامگیر بکات."