پزیشکیان: سعودییەکان برای ئێمەن

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆککۆماری ئێران و وەزیری دەرەوەی سعودیە لە پەراوێزی کۆڕبەندی هاوکاریی ئاسیا کۆبوونەوە. پزیشکیان دەڵێت، "سعودییەکان برای ئێمەن".
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3ی تشرینی یەکەمی 2024، مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە، لە پەروێزی کۆڕبەندی ئاسیا کۆبوونەوە.
 
مەسعود پزشکیان، خۆشحاڵیی خۆی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات دەربڕی و رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران هیواخوازە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعودیە لە هەموو بوارەکاندا بەرەو پێش ببات.
 
پزشکیان گوتی، "ئێمە وڵاتانی ئیسلامی لە نێویاندا سعودیە بە برای خۆمان دەزانین و بە پێویستی دەزانین جیاوازییەکانمان وەلا بنێین و جەخت لە هاوکاری و یەکگرتن بکەینەوە، چونکە باوەڕمان وایە ئەوەی بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی زیاتری ئیسلام لە جیهان یەکگرتوویی و برایەتییە لەنێو موسڵماناندا".
 
فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە، جەختی لەسەر ئیرادەی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران کردەوە و گوتی، "ئێمە دەمانەوێ لاپەڕەی جیاوازی بیروڕا لە نێوان ئەو دوو وڵاتە بۆ هەمیشە دابخەین وەکو دوو وڵاتی دۆست و برا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بەرەو پێشبردنی پەیوەندی نێوانمان هەوڵ بدەین".
 
سعودیە و ئێران لە 10ـی ئاداری 2023 بە نێوەندگیریی چین لە پەکینی پایتەختی ئەو وڵاتە رێککەوتن پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان دەستپێبکەنەوە کە لە ساڵی 2016ـەوە پچڕابوون؛ هەروەها رازیبوون کۆنسوڵخانە و باڵیۆزخانەکانیان لە وڵاتەکانی یەکدی بکەنەوە و دەست بە کارکردن بە رێککەوتنە ئەمنییەکانی نێوانیان بکەن کە لە ساڵی 2001ـەوە واژۆکراون. 
 
ساڵی 2016، دوای لە سێدارەدانی شێخ نەمر نەمر، پیاوی ئایینی شيعە لە لایەن ریازەوە، خۆپێشاندەران لە ئێران هێرشیان کردە سەر نێردە دیپلۆماسییەکانی سعودیە و پەیوەندیی نێوان دوو وڵاتەکە پچڕان.