پاسپۆرتی گەرمیان: لەمەودوا بەبێ هەژماری بانکی پاسپۆرت نادرێت بە هاونیشتمانییان


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری نووسینگەی پاسپۆرتی سلێمانی لە گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەمەودوا بۆ نوێکردنەوە و دەرهێنانی پاسپۆرت، پێویستە هاونیشتمانییان کارتی بانکی لەگەڵ خۆیاندا ببەن.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 03-10-2023، ریاز محەممەد، بەڕێوەبەری نووسینگەی پاسپۆرتی سلێمانی لە گەرمیان بە رووداوی راگەیاند، بۆ نوێکردنەوە و دەرهێنانی پاسپۆرت، پێویستە هاونیشتمانییان پێشوەختە کارتی بانکییان هەبێت و لەگەڵ خۆیاندا بیهێنن، چونکە پارەپێدان بە شێوەی کاش (وەصڵ) راگیراوە.
 
بەڕێوەبەری نووسینگەی پاسپۆرتی سلێمانی لە گەرمیان ئاماژەی بەوەش کرد، "پێویستە کارتە بانکییەکە لانیکەم بڕی 25 هەزار دیناری عێراقی تێدا بێت."
 
پێشتر هاونیشتمانییان بۆ نوێکردنەوە و دەرهێنانی پاسپۆرت، بە شێوەی کاش و لەنێو بەڕێوەبەرایەتی و نووسینگەکانی پاسپۆرت پارەیان دەدا، بەڵام بەگوێرەی ئەو بڕیارە نوێیەی پاسپۆرتی گەرمیان، دەبێت هاونیشتمانییان بە کارتی بانکییەوە بچنە بەڕێوەبەرایەتییەکان و مامەڵەکانیان رایی بکەن.
 
9 مانگە گرفتی کەمیی دەفتەری پاسپۆرت لە هەرێمی کوردستان هەیە. پێشتر بەڕێوەبەری نووسینگەی پاسپۆرتی سلێمانی لە گەرمیان بە رووداوی گوتبوو، پاسپۆرتی 20 هەزار هاونیشتمانییان لایە، بەڵام بەهۆی نەبوونی دەفتەرەوە، پێیان نەدراوەتەوە.