قایمقامی رواندز: لە یەک پڕۆژەی گەشتیاریدا 200 بۆ 300 هەلی کارمان رەخساندووە
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی رواندز دەڵێت، تەنیا لە رێگەی یەک پڕۆژەی گەشتیارییەوە 200 بۆ 300 هەلی کاریان رەخساندووە، بۆیە لە بەرنامەدایە ماستەرپلانێکی نوێ بۆ شوێنە گەشتیارییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و لە نێویاندا قەزای رواندز ئامادە بکرێت کە رۆڵی دەبێت لە رێکخستنەوەی زیاتری شوێنە گەشتیارییەکان.
قهزای رواندز سهر به پارێزگای ههولێره لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران. ئەو قەزایە دەوڵەمەندە بە بوونی ژمارەیەكی زۆر شوێنی گەشتیاری و ساڵانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار بە مەبەستی بەسەربردنی کاتێکی خۆش سەردانی ناوچەكە گەشتیارییەکانی دەکەن.
لە رێگەی یەک پڕۆژەی گەشتیارییەوە 200 بۆ 300 هەلی کار رەخساون
رۆژی سیشەممە، 03-10-2023، ئەحمەد قادر، قایمقامی قەزای رواندز بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کەرتی گەشتیاری لە رواندز زۆر بەرەوپێشەوە چووە، ئەوەش بەهۆی بایەخدانی کەرتی تایبەت بە شوێنە گەشتیارییەکانی ئەم سنوورە؛ هەروەها چەند پڕۆژەیەکی ستراتیژی وەکو هەوارگەی شنگلبانە، چیای کۆرەک و چەند پڕۆژەیەکی کۆنی گەشتیاری وەکو بێخاڵ، جوندیان، وەرتێ و دۆڵی ئاکۆیان هەن".
بە گوتەی قایمقامی رواندز، بەلەبەرچاوگرتنی بایەخدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کەرتی گەشتیاری، لە بەرنامەدایە ماستەرپلانێکی نوێ بۆ شوێنە گەشتیارییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و لە نێویاندا رەواندز ئامادە بکرێت کە رۆڵی دەبێت لە رێکخستنەوەی زیاتری شوێنە گەشتیارییەکان.
ئەحمەد قادر دەڵێت، "ساڵانە دەیان هەزار گەشتیار سەردانی رواندز دەکەن. جگە لە بەهار و هاوین، ئێستا گەشتیاری زستانەشمان هەیە. گرنگی زیاتریش بە شوێنە گەشتیارییەکان دەدەین، چونکە هەلی کاریش بۆ سنوورەکە دەڕەخسێنن. تەنیا لە رێگەی پڕۆژەی هەوارگەی شنگلبانەوە نزیکەی 200 بۆ 300 هەلی کار رەخساوە."
قایمقامی رەواندز دەڵێت، لیژنەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری رواندز بەردەوام چاودێری شوێنە گەشتیارییەکان دەکەن لە رووی نرخ و کواڵێتییەوە و گوتی، ئەگەر لە هەر شوێنێکی گەشتیاریش قۆڕخکاری هەبێت، ئەوە رێوشوێنی پێویستیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر".
"گەورەترین گرفتی رواندز رێگەوبانە"
قایمقامی رواندز دەڵێت، "گەورەترین گرفتی رواندز رێگەوبانە، بەتایبەتی رێگەوبانی گوندەکان" و گوتی، "ئێستا بەشێکی کێشەکە چارەسەرکراوە و بەشێکی دیکەی لە بەرنامەدایە بۆ ئەوەی چارەسەر بکرێت، چونکە بایەخدان بە رێگەوبان بۆ سێکتەری گەشتیاریش گرنگە".
ئەحمەد قادر نموونەیەکی هێنایەوە و گوتی، "ئەمساڵ لە گوندی کەڵوێتە کە لە سنووری ناحیەی وەرتێیە پڕۆژەیەکی رێگەوبان بە گوژمەی 950 ملیۆن دینار جێبەجێکرا کە ئاسانکاری زۆری بۆ دانیشتوانی ئەو گوندە کرد و بایەخدانیش بوو بە گوندەکان."
کار بۆ دروستکردنی بەنداو دەکرێت
ئەحمەد قادر لەبارەی سەرچاوەی ئاوی رواندزەوە دەڵێت، "پڕۆژەی ئاوی بێخاڵی هەیە کە سەرچاوەیە و لە رێگەیەوە ئاو دەگاتە قەزاکە کە ماوەیەک لەمەوبەر گرفت لە ترۆمپاکانی دروست بوو، بەڵام رەوامەندی لەسەر کڕینی ترۆمپای نوێ دراوە و 80٪ـی چارەسەر بووە".
لە هەندێک شوێنی قەزای رواندز بە تانکەر ئاو دەگەیێندرێتە ماڵان. قایمقامی قەزاکە دەڵێت، "لە پلانماندایە ئەو گرفتە نەهێڵین و بە گوێرەی توانا داراییەکانی حکومەت، ئەو گرفتانەش چارەسەر بکەین، هەرچەندە لە چەند ساڵی رابردوودا کاری زۆر کراوە و گرفتە خزمەتگوزارییەکان، ئیدی ئاو بێت یان کارەبا یان رێگەوبان، زۆر کەمبوونەتەوە."
قایمقامی رواندز لەبارەی پڕۆژەی نوێ قەزاکەوە دەڵێت، "بڕیارە بەنداوی رواندز دروست بکرێت. بەنداوەکە دیزاینی بۆ کراوە و لە داهاتوودا ئاوی بێخاڵ و رووبارەکان گل دەداتەوە."