دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران هەشت بڕیار بۆ زیادکردنی داهاتەکانی وەزارەتی پەروەردە دەردەکات

رووداو دیجیتاڵ

دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان هەشت بڕیار بۆ زیادکردنی داهاتەکانی وەزارەتی پەروەردە دەدات، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیانیش دەڵێت "بەشێک لە بڕیارەکان، بارگرانی بۆ قوتابیان دروستدەکەن.''
 
بەپێی بڕیارەکان کرێی بڕوانامەی دەرچوون بۆ دەرەوەی وڵات لە 15 هەزارەوە بۆ 35 هەزار دینار زیادکراوە، هەروەها کرێی بەشداریکردنی قوتابیانی دەرەکی لە ئەزموونەکان لە 25 هەزارەوە بۆ 50 هەزار دینار زیادکراوە، لە هەمان کاتدا نرخی پەرتووکەکانی خوێندن لەسەر قوتابخانە ئەهلییەکان دووهێندەکراوە. 
 
لە نووسراوی ژمارە 9650 کە رۆژی 6ـی ئابی 2023، دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ وەزارەتی پەروەردە بەناونیشانی "پێشنیازی زیادکردنی داهات"ـی ناردووە، وەڵامی نووسراوی ژمارە 11906ـی وەزارەتی پەروەردە دەداتەوە. لە نووسراوەکەدا دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران روونیکردووەتەوە کە ئەم بڕیارانە دراوە:
 
- کرێی بڕوانامەی دەرچوون بۆ دەرەوەی وڵات لە بری 15 هەزار دینار بۆ 35 هەزار دینار زیادبکرێت.
 
- کرێی بەشداریکردنی قوتابیانی دەرەکی لە ئەزموونەکانی کۆتایی بە بڕی 25 هەزار دینار، بۆ 50 هەزار دینار زیادبکرێت.
 
- بەکرێدانی گۆڕەپانی وەرزشی "شەش یاریزانی" کە بەشێوازی نوێ دروستکراون، بەمەرجێک دوای قوتابخانەکان لە پشوودابن، بۆ ئەو مەبەستە بڕ و پێشنیازەکان لەسەر بنەمای یاسایی رەوانەی سەرۆکایەتیمان بکرێت.
 
- دووهێندەکردنی نرخی پەرتووکەکانی خوێندن لەسەر قوتابخانە ئەهلییەکان. بۆ ئەو مەبەستە بڕ و پێشنیازتان رەوانەی سەرۆکایەتیمان بکرێت.
 
- چاپخانەکانی وەزارەت هەندێک پۆستەر وەکو "نەخشەی کوردستان، نەخشەکانی مێژوو، جوگرافیا" دروستبکەن و لە بازاڕ بیفرۆشن. بۆ ئەو مەبەستە بڕ و پێشنیازتان رەوانەی سەرۆکایەتیمان بکرێت.
 
- دەستکردن بە دروستکردنی چاپخانەیەکی حکومی سەردەمییانە، بۆ ئەوەی کتێبەکانی نێوەندەکانی خوێندنی تێدا چاپبکرێت. بۆ ئەو مەبەستە بڕ و پێشنیازتان رەوانەی سەرۆکایەتیمان بکرێت.
 
- بەڕێوەبەرایەتییەکانی هۆیەکانی فێرکردن، ئەو هۆیانە بە قوتابخانە ئەهلییەکان بفرۆشن لەبری ئەوەی لەبازاڕ بە نرخی بازرگانی بیکڕن کە دروستکراوی وڵاتانی بیانین، بۆ ئەو مەبەستە بڕ و پێشنیازتان رەوانەی سەرۆکایەتیمان بکرێت.
 
- دۆزینەوەی سپۆنسەر بۆ تەلەڤیزیۆنی پەروەردەیی و ریکلامکردن بە نرخێکی گونجاو، بۆ ئەو مەبەستە بڕ و پێشنیازتان رەوانەی سەرۆکایەتیمان بکرێت.
 
رۆژی سێشەممە، 3-10-2023،  دارا ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان، لەبارەی بڕیارەکانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند" بڕیارەکان بەشێکیان بارگرانی دروستدەکەن، بەتایبەت کە دۆخی مووچە تەواو جێگیر نییە، جگە لەوە ئەو قوتابییانەی بەشداریی تاقیکردنەوەی دەرەکی دەکەن، بەشێکیان کاریان نییە و دایک و باوکیان خەرجییان دەگرنە ئەستۆ، ئێستا کرێی بەشداریکردنیان دەکرێت بە 50 هەزار دینار، بۆیە داوامانکردووە چاوخشاندنەوە بەو بڕیارەدا بکرێت."
 
هەروەها ئەوەشی گوت، دروستکردنی هۆیەکانی فێرکردن و دامەزراندنی چاپخانەیەک بۆ لەچاپدانی کتێبی خوێندن لەنێوخۆ 'کارێکی باشە و پێویستە کتێبی خوێندن لەنێوخۆ دروستبکرێت و پارەکە نەچێتە دەرەوە".