چیرۆکی حوسێن، ئەو کەسەی بە ئاڵای کوردستانەوە لە کەرکووک شەهید کرا
رووداو دیجیتاڵ
پێش شەهیدکردنی حوسێن، ئاڵایەکی کوردستانی بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە هەڵواسیبوو و بەنێو خۆپێشاندەراندا لە شەقامێکی کەرکووک دەسووڕایەوە، دوای یەک کاژێر، هەواڵی شەهیدکردنی درایە ئەحمەدی برای و ئەو ئاڵایەی بەدەستییەوەبوو لەکاتی شەهیدکردنیدا، لە دەرگای شوێنی پرسەکەی هەڵواسرا.
حوسێن سابیر لەسەر شەقامێکی کەرکووک بەنزینی دەفرۆشت و خێزاندارە، بە شەهیدکردنیشی کوڕێکی و پێنج کچی بێ باوک مانەوە.
ئەحمەد سابیر، برای حوسێن بە گریانەوە قسە بۆ پەیامنێری رووداو دەکات و بە بکوژانی براکەی دەڵێ "خوا بتانگرێت یاخوا. خۆی ناوی حوسێن بوو، لە سوێرە لە رۆژی ئیمامی حوسێن لەدایک بوو، هەر لە چلەی ئیمامی حوسێن کوشتیان."
هەروەها باسی چۆنییەتی شەهیدکردنی براکەی دەکات و دەڵێ "نازانم بۆچی بۆ لای بەنزینەکە دەرچووە، لەوێ کەوتوونەتە دوای و لەدواوەی لێیانداوە. هێزی رەش لێیان داوە، بەڵام نازانم چ هێزێکی رەش لەوێ بووە."
تیمی رووداو لە کەرکووک چوونەتە پرسەی شەهیدێکی دیکەی خۆپێشاندانەکانی دوێنێ (شەممە، 2-9-2023)ـی کەرکووک، لەنێوان شوێنی هەردوو پرسەکەدا تەواوی کوچە و کۆڵانەکانی کەرکووک تەندراون بەهێز و سەرباز.
هەڤاڵ ستار، شەهیدێکی دیکەیە کە تەمەنی 38 ساڵ بوو، خێزاندارە و باوکی سێ کچ بوو. هەڤاڵ لەسەر جوتسایدی سەرچنار بە گوللەی دۆشکە پێکرا.
کەسوکاری هەڤاڵ لە دادگا سکاڵایان لەسەر هێزەکان تۆمارکردووە. هەردی ستاری برای دەڵێ "خۆی شووشت و گوتی دەچم ئەو کوڕانە دەهێنمەوە، کوڕی من و کوڕی برایەکی دیکەم کە لەوێ بوون (لەنێو خۆپێشاندانەکان) ئیدی رۆیشت و نەهاتەوە. گوللەیەک بە سەری کەوتووە و گوللەیەکی دیکەش لە شانی دراوە، هەردووکی گوللەی دۆشکەن."
کەسوکاری هەڤاڵ سکاڵای یاساییان تۆمار کردووە. هەردی ستار دەڵێ "سکاڵامان تۆمار کردووە، هەموو شتێکمان کردووە."
هێزە سەربازییەکان جگە لە تەقەکردن کە بەهۆیەوە چوار کەس شەهید بوون و 15ـی دیکە بریندار بوون، زیاتر لە 40 کەسیان دەستگیر کردووە.
قاسم ئەحمەد، باوکی یەکێک لەو گەنجانەیە کە کوڕەکەی لە شەوی رابردووەوە بێسەروشوێنە، سەردانی نەخۆشخانە و بنکەی پۆلیسی کردووە و هیچ زانیارییەکی لەبارەیەوە دەست نەکەوتووە.
قاسم دەڵێ "کوڕەکەی خۆم (ئەیاد قاسم ئەحمەد) لەگەڵ خەڵکە ناڕازییەکە چووبوو و لە بازاڕی رەحیماوە بینیبوویان، رۆییبوو بۆ شۆراو، لەوێ تەلەفۆنی بۆ کراوەوە و گوتوویەتی 'لەنێو خۆپێشاندانەکەم' لەدوای ئەوە، لە شەوەوە دیار نەما."
لەئەنجامی کۆی رووداوەکانی رۆژی شەممەی کەرکووک، جیا لە قوربانییە مرۆییەکان، هەشت ئۆتۆمبێل سووتێندران و زیانی زۆر بە شەقامەکان و شوێنە گشتییەکانی ئەو شارەش کەوت.