فڕۆکەکانی تورکیا چیای خێریان لە ناحیەی ئەترووش بۆردوومان کرد
رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکەکانی تورکیا دووجار لەسەریەک گەلی تاوکێیان لە زنجیرە چیای خێرێی سەر بە ناحیەی ئەترووش لە قەزای شێخان بۆردوومان کرد.
عەبدولستار مێرسیدی، دانیشتوویەکی سنووری ناحیەی ئەترووشە و بە رووداوی گوت: بۆردوومانەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام ترس و دڵەڕاوکێی لای دانیشتووانی ناوچەکە دروستکردووە.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، جگە لەو ناوچەیە، لە شەوی رابردووەوە هەریەک لە گوندەکانی سێرێ، رەشاڤە، زێروە و کارە لە ناحیەی دێرەلووک بۆردوومانکراون.
هەروەها بەهۆی بۆردوومانەکانەوە، دەیان دۆنم زەوی لەو ناوچانەدا ئاگریان تێبەربووە و تاوەکو ئێستا لە سنووری نێروەرێکان ئاگرەکە بەردەوامە.