جووتیارانی دێرسیم بەرهەمی رەشەگەنم دەدوورنەوە

رووداو دیجیتاڵ

لە گوندی سەتەری سەر بە شارۆچکەی پلەموورییەی دێرسیم لە باکووری کوردستان وەرزی دروێنەی رەشەگەنم دەستیپێکردووە.
 
حەسەن عەلی دوزگون کایا، جووتیارێکی نیشتەجێی پارێزگای ئەرزینگانی باکووری کوردستانە و تۆوی رەشە گەنمی داوەتە جووتیارەکانی سنووری پارێزگای دێرسیم و بەشدارە لە دروێنەی گەنمەکەدا.
 
ئەو شەش ساڵ پێش ئیستا کاتێک دەگەڕێتەوە گوندەکەی خۆی و دەبینێت کەس رەشەگەنم ناچێنێ، دەستدەکات بە گەڕان بەدوای بنەتۆوەکەیدا و دوای ئەوەی لە ئەرزینگان دەستی دەکەوێت، دەیچینێت. 
 
حەسەن عەلی دوزگون کایا دەڵێت "رەشەگەنم جۆرە گەنمێکە کە دەیان ساڵە لەم خاکەدا دەچێنرێ، بەڵام ئەم جۆرە گەنمە وردە وردە بەرەو لەناوچوون دەڕۆیشت. من نزیکەی 5-6 ساڵ پێش ئێستا کاتێك گەڕامەوە بۆ گوندەکەی خۆم رەشەگەنمم دەستنەکەوت. زۆر مەراقم بوو، لە دۆست و برادەرانم پرسی، لە خەڵکی گوندەکەم پرسی، لەگەڵ خەڵک قسەم کرد، بنەتۆی رەشەگەنم نەبوو و کەسیش نەیدەچاند". 
 
حەسەن کایا ماوەی 5 - 6 ساڵە سەرقاڵی ئەم کارەیە و لەگەڵ رێکخراوی "ئانکا دێرسیم" بە هاوئاهەنگی کار دەکات. تاوەکو ئێستا لە شارۆچکەکانی پێرتاگ، مازگێرد، پلوور و پلەموورییە رووبەری 250 دۆنم زەوی بە رەشەگەنم چاندووە، کە جۆرە گەنمێکی خۆڕسکی تایبەت بەو ناوچەیە و لە چەند ناوچەیەکی دیکەی کوردستانیش خۆڕسکانە دەڕوێ. ئەو گوند بە گوند دەگەڕێ و بنەتۆی رەشە گەنم دەداتە ئەو جووتیارانەی خەریکی چاندنی گەنمن. بەشێک لەو جووتیارانەی گەڕاونەتەوە گوندەکانی خۆیان دەستیانکردووەتەوە بە چاندنی ئەمجۆرە گەنمە. 
 
حەسەن فارووق ساغچۆڵاک کە تاکە ئاشەوانە لە شارۆچكەی پلەموورییە کار دەکات دەڵێ، ئاشەکانی هاڕینی گەنم هاوشێوەی جۆرەکانی گەنم بەرەو لەناوچوون دەڕۆن و خۆی و هاوڕێکانی هەوڵی رزگارکردنیان دەدەن. ئەو ئاشەوانە دەڵێت "ئێمە تەنیا لەم  شارۆچکە بچووکەماندا پێشتر 17 ئاشمان هەبوو، بەڵام ئێستا من تاکە ئاشەوانم. وەک چۆن ئاشەکان بەرەو نەمان دەچن، جۆرەکانی گەنمیش بەرەو لەناوچوون دەڕۆن. مرۆڤەکان بە خواردنی ئەو گەنمانەی لە دەرەوە هێنراون و جیناتیان تێکچووە، تەندروستی خۆیان لەدەستدا. دوای ئەوەی کار لە کار ترازا بە هەوڵی خۆم و هاوڕێکانم کار بۆ رزگارکردنی جۆرەکانی گەنم دەکەین و دەمانەوێت لەو ئاشانەدا بیانهاڕین کە بە ئاو کاردەکەن و بیانگەیێنینە خەڵک".  
 
رەشەگەنم کە وەک تۆوی هەزار ساڵەی باوباپیران ناسراوە، لە ئەنجامی چۆڵکردنی بەشێكی زۆری گوندەکانی سنووری پارێزگای ئەرزینگان و دێرسیم لە ساڵانی 1993-1994 بەهۆی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە بەرەو لەناوچوون دەڕۆیشت، تا ئەو کاتەی جارێکی دیکە بە هەوڵی جووتیارانی ناوچەکە پەرە بە چاندنی درایەوە.