بازرگانانی کورد لە هەولێر 8 نوێنەرایەتیی کۆمپانیاکانی قەزوینیان وەرگرت
رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی 50 کۆمپانیا لە پێشانگەی قەزوین کە لەنێو پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرایەوە، لەماوەی 4 رۆژدا بەرهەمەکانی خۆیان نمایش کرد.
کۆمپانیای مەکینەی دوورمانی کاچیران 40 ساڵە لە قەزوین چالاکە و بەرهەمەکانیان هەناردەی 20 وڵات دەکەن. ئەوان بەنیازن لە هەولێریش بازاڕی خۆیان پەیدا بکەن.
عاتیفە دەوڵەتشاهی، بەرپرسی بەشی هەناردەکردن لە کۆمپانیای کاچیران دەڵێ "ئەمە پێشانگەیەکی باش بوو. ئێمە ویستمان لە بازاڕەکانی هەولێر بەرچاو بین و لەگەڵ چەند کەسێک قسەمان کرد، چەند گرێبەستێکمان واژۆ کرد، لەگەڵ چەند بازرگانێک و ژووری بازرگانیی هەولێر قسەمان کرد و هیوادارین ئەنجامی هەبێت."
سەید مەهدی حوسەینی، بەرپرسی فرۆش لە کۆمپانیاکە دەڵێ "بۆ یەکەمجار بوو کە لە هەرێمی کوردستانی عێراق بەشداربووین و پێشبینییەکانمان بەدی هاتن، بۆ یارمەتی بەشێک لە بازرگانانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان چەند پەیوەندییەکمان دروست کرد. رەشنووسی گریبەستەکانمان ئامادە کردووە و بۆمان ناردوون، سوپاس بۆ خودا کاردانەوەی باشی هەبووە."
وەرگرتنی 8 نوێنەرایەتیی کۆمپانیاکانی قەزوین لە لایەن بازرگانانی کورد، واژۆکردنی 4 گریبەست، ئامادەکاری بۆ دوو وەبەرهێنانی گەورە لە بواری کارەبا، ئەنجامی گفتوگۆکانی 4 رۆژی پێشانگەکە بوو.
مەهدی عەبدیان، سەرۆکی ژووری بازرگانیی قەزوین بە رووداوی گوت "لە بواری بیناسازی چەند گرێبەستیکی باش هەبوو و بڕیار وایە دابنیشین و بە وردی قسەی لەسەر بکەین، چونکە تاوەکو دەچێتە بواری جیبەجێکردن، کاتی پێویستە و پێوسیتی بە ئامارە. بە گشتی رووداوێکی باش بوو و هیوادارم بەپێی ئەو شتەی کە لێرە بینیمان، بتوانین هەموو ساڵێک پێشانگایەکی تایبەتمان لێرە هەبێت."
پێشانگەی کەلوپەلی قەزوین یەکەمجار بوو لە هەولێر بەڕێوەچوو و دوێنێ (شەممە، 3-8-2024) دواڕۆژی پێشانگەکە بوو.
پارێزگای قەزوین لە بەرهەمهێنانی کەرەستەی خاو لەسەر ئاستی ئێران یەکەمە و لە بواری بیناسازی و خۆراکیشدا لە پلەی دووەمدایە. ژووری بازرگانی قەزوین دەیەوێت هەرێمی کوردستان بکاتە وێستگەی یەکەم بۆ هەناردەکردنی بەرهەمەکانی.