دایە شەمێ: لە کەمپدا دۆخمان لە دۆخی مەڕی دەشتەکان خراپترە
رووداو دیجیتاڵ
گریان بۆ ئازارێک کە نۆ ساڵە رەشپۆشی کردوون، ئەو کچانەی سەرەتای ڤیدیۆکە دەیانبینن کوردی ئێزدین و رزگاربووی دەستی داعشن لە ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی بەشێکیان چیرۆکی خۆیان بۆ رووداو دەگێڕنەوە.
زینە عەباس تەنیا 16 بەهاری ژیانی بینیوە و لە تەمەنی 7 ساڵی کەوتووەتە دەستی داعش، ساڵێک لەژێر دەستی چەکدارانی داعشدا ماوەتەوە. ئەو جگە لە خۆی چوار خوشکی لە خۆی گەورەتریشی کەوتوونەتە دەستی داعش و سیانیان رزگارکراون، هێشتا خوشکێکی سۆراخی نییە.
زینە لە رێوڕەسمی تایبەت بە ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی ئامادەبوو کە لە رێوڕەسمەکە سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکێشکرد و گوتی، تاوەکو یەک کوردی ئێزدی لەژێر دەستی داعش مابێت، نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی بەردەوام دەبن لە کارەکەیان.
هەر لە رێوڕەسمەکە چوومە لای زینە و قسەم لەگەڵی کرد، گوتی، "بە سەتان کچی ژێر دەستی داعش لە کەمپەکان هەن، بۆ نموونە لە کەمپی هۆڵ ناتوانن بڵێن ئێمە ئێزدین، چونکە دەترسن، ئێمە داوا لە کوردستان دەکەین و لە حکومەتی عێراق دەکەین ئەگەر دەتوانن ئەو ئێزدیانەی لە کەمپەکانن رزگاریان بکەن بۆ وڵاتانی دیکە."
دایە شەمێ لە تاو دڵی پڕ ئازاری باوەش بە نێچیرڤان بارزانیدا دەکات، ئەو دایکە 33 منداڵ و نەوەی کەتوونەتە ژێر دەستی داعش و 15 کەسیان گیانیان لەدەستداوە. بە رووداوی گوت: "ئەوە نۆ ساڵە لە نێو خێمەداین، هەر یەکێکمان چوار مەتر نایلۆنیان پێداین، کفنەکەشمان ئەو چوار مەتر نایلۆنەیە هەر نازانین چ کات ئاگرمان تێبەردەبێت، لە رەوشی ئێمە خراپتر و رەزیلتر نییە، دۆخمان لە دۆخی مەڕی دەشتاییەکان خراپترە."
جگە لە گوتاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دیپلۆماتان، دوو پانێڵیش لەسەر رەوشی ئێزدیەکان بەڕێوەچوون.
مژاری گرنگی پانێڵەکان، رزگارکردنی ئەو ئێزدیانەبوو کە لە ژێر دەستی داعشدا ماون و دابینکردنی ژیانێکی شایستەیە بۆیان. لە بەرپرسانی نێوخۆیی و بیانیم پرسی تاکەی ژیانی ئێزدیەکان لەم کولـلەمەرگییەدا دەبێت و بۆچی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال خەریکە وەک خەونی لێدێت.
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان پێی گوتم، ئەوەش بەستراوەتەوە بەوەی کە ئەو ناوچانە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقیدایە، بۆیە حکومەتی عێراق پێویستە بە زووترین کات ئاوڕ بداتەوە.
جێنین پلاسخارت، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراقیش بە رووداوی راگەیاند، "چەند لایەنێکی زۆر هەن لە نێوخۆ و لە دەرەوەدا هەوڵدەدەن کە بەربەستی زیاتر دروستبکەن. دەزانم کە پابەندییەکی گشتی هەیە لە هەردوو لایەنی بەغدا و هەرێمدا، بەڵام ئێستا، هەروەکو ئەو بەیانییە کە لە بەغدا و ئەم نیوەڕۆیە لە هەولێر باسم کرد، ئەوان [هەولێر و بەغدا] هیچ کاتیان نییە تاوەکو بەفیڕۆی بدەن و دەبێت رێککەوتنەکە جێبەجێبکرێت."
بەگوێرەی داتاکان تاوەکو ئێستا زیاتر لە 135 هەزار کوردی ئێزدی هێشتا لەنێو کەمپەکاندا ماڵئاوایی لە رۆژەکانی ژیانیان دەکەن.