کاروباری کۆمەڵایەتی: 446 کەس لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسێدارەدانیان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی قەرەباڵخیی چاکسازییەکان، بڕیاریان داوە ئەم مانگە چاکسازییەکی نوێی گەوران لە قەزای کفری بکەنەوە. دەشڵێت، "ئێستا 5091 کەس لە چاکسازییەکان دەمێننەوە کە 446 کەسیان بڕیاری لەسێدارەدانیان هەیە و 1038 کەسیان بە مادەی هۆشبەر سزادراون."
ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیارمانداوە چاکسازییەکی نوێ لە قەزای کفری بکەینەوە و هەوڵەکانمان بۆ ئەوەیە کە ئەم مانگە هەموو کارەکان تەواو بکەین، چونکە شوێنمان دیاریکردووە و نزیکەی 200 فەرمانبەرمان دەوێت کە ئێستا نزیکەی 50ـمان هەیە."
لە هەرێمی کوردستان سێ چاکسازیی گەوران لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک هەن. هاوکات سێ چاکسازیی ژنان و منداڵان لە هەرسێ شارەکەدا هەن. ئیحسان عەبدولڕەحمان گوتی، "چاکسازییەکان قەرەباڵخ بوون، بۆیە هەوڵدەدەین چاکسازیی گەورانی نوێ بکەینەوە، کە لە قەزای کفری کرایەوە، ئەو کەسانەی خەڵکی ئەو سنوورەن و لە چاکسازییەکانی دیکەن، دەگوازرێنەوە بۆ ئەو چاکسازییە". ،گوتیشی کار دەکەن لە سۆرانیش چاکسازییەکی دیکە بکەنەوە.
لەبارەی ئامارەکانی ئەو کەسانەی سزادراون و لە چاکسازییەکانن، ئیحسان عەبدولڕەحمان باسی لەوە کرد، "بەگوێرەی دوایین ئامار، لە هەر شەش چاکسازییەکان پێنج هەزار و 91 کەس هەن کە 446 کەسیان بە لەسێدارەدان سزادراون و 1038 کەس بە مادەی هۆشبەر سزادراون."
بە گوتەی ئیحسان عەبدولڕەحمان، لە چاکسازیی گەورانی هەولێر 1707 سزادراو، سلێمانی 1455 و دهۆک 1403 سزادراو هەن، لە چاکسازیی ژنان و منداڵان دهۆک 103 بەندکراو؛ لە هەولێر 300 و لە سلێمانی 123 بەندکراو هەن.