حدک داوا دەکات دۆسیەی تیرۆرکراوانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەگەڕ بخرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
حیزبی دیموکراتی کوردستان داوا لە دەسەڵاتی دادوەریی هەرێمی کوردستان دەکات، دۆسیەی کوشتنی چالاکڤانانی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستان بەگەڕ بخاتەوە.
دەفتەری سیاسی حدک لە راگەیێندراوێکدا بە بۆنەی سزادانی بکوژانی قادر قادری، یەکێک لە فەرماندەکانی پێشمەرگەی حیزبە لەلایەن دادگەی تاوانەکانی هەولێر سوپاسی ناوەندە ئەمنییەکان و دەزگای دادی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: "هیوادارین ئەو بڕیارەی دادگە ببێتە خاڵێکی وەرچەرخان لە هەڵدانەوە و بەگەڕخستنەوەی تیرۆری تێکۆشەرانی سیاسی دیکەش کە بەهۆی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە هەرێمی کوردستان تیرۆر کراون. هەروەها ببێتە هۆی وەستاندن و بەرگرتن بە بەردەوامیی هەوڵە تێرۆریستییەکانی رێژیم لەدژی تێکۆشەرانی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان".
لە راگەیێندراوەکەی حدکدا هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە بەپێی لێکۆڵینەوەکانی دادگە، دانپێدانانی تاوانباران و بوونی بەڵگەی تەواو، بڕیاری کوشتنی قادر قادری لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران و سوپای پاسداران دراوە و چاوەڕوانن تاوانبارانی دۆسیەکە بەپێی یاسای تیرۆر سزا بدرێن نەک یاسای کوشتنی بە ئەنقەست.
حدک دەڵێت: "کۆماری ئیسلامی ئێران لە چوار دەیەی رابردوو زیاتر لە 415 چالاکڤانی سیاسی و پێشمەرگەی رۆژهەڵاتی کوردستانی کوشتووە کە بەشی زۆریان لەنێو خاکی هەرێمی کوردستاندا بووە و لەو ژمارەیە 350 کەسیان پێشمەرگە و ئەندامی حیزبی دیموکرات بوونە".