پارێزگای هەولێر: هەرکەس کێشەی کەمئاویی هەیە پەیوەندیمان پێوە بکات

رووداو دیجیتاڵ

جێگری پارێزگاری هەولێر دەڵێت، "هەولێر بۆ دابینکردنی ئاو پشت بە دوو سەرچاوە دەبەستێت؛ ئاوی ئیفراز و ئاوی بیرەکان. پڕۆژەی ئیفراز بەهۆی قەیرانی دارایی نەتواندراوە فراوان بکرێت. بەشێک لە بیرەکانیش بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە وشک بوون؛ بۆیە تەنیا سەنتەری شاری هەولێر پێویستی بە 25 بیری دیکەیە." دەشڵێت، هەر ماڵێک لە سنووری شارەوانییەکەی گرفتی ئاوی هەبوو، پەیوەندی بە ژمارەکانی شارەوانی بکات و کێشەکەی چارەسەر دەکەن.

رۆژی دووشەممە 03-07-2023 هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەولێر بۆ دابینکردنی ئاو پشت بە دوو سەرچاوە دەبەستێت کە ئەوانیش ئیفراز یەک، دوو و سێن کە ئاوی 55%ی سەنتەری شاری هەولێر دابین دەکەن. سەرچاوەی دووەم بیرەکانە. بەهۆی قەیرانی داراییەوە تاوەکو ئێستا نەتوانراوە پڕۆژەی ئیفراز گەورەتر بکرێت. بۆ نموونە، بڕیاربوو پڕۆژەی ئیفراز چوار بکرێت، بەڵام لە 2014وە بەهۆی نەبوونی بودجەوە راگیراوە."

لەبارەی سەرچاوەی دووەمی دابینکردنی ئاو کە بیرەکانە، هێمن قادر گوتی، "بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە بەشێکی زۆر لەو بیرانەی کە لە هەولێر و دەوروبەری هەن، ساڵانە وشک دەبن. کێشەیەکی دیکەی بیرەکان کاژێرەکانی کارەبایە؛ بۆیە لە ساڵی پارەوە تاوەکو ئێستا کێشەی کارەبای 227 بیرمان چارەسەر کردووە، کە بەشێک لەو بیرانە سێ سەرچاوەی کارەبایان هەیە."

لە هەولێر و دەوروبەری زیاتر لە هەزار و 300 بیر هەن. ساڵی پار بڕیاردرا بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی کەمئاوی 138 بیری نوێ لێبدرێن. هێمن قادر دەڵێت، "ئەو 138 بیرە تەواو بوون، تەنیا چەند بیرێک هەن کە هەندێک کاری بچووکیان ماوە و تەواو دەکرێن، بەڵام هێشتا هەولێر بۆ چارەسەرکردنی گرفتی ئاو پێویستی بە بیری نوێیە. بۆ نموونە، تەنیا لە سەنتەری شاری هەولێر پێویستمان بە 25 بیری دیکە،. ئیدی بیری نوێ بێت یان بیری جێگرەوە بۆ ئەو بیرانەی وشک بوون."

جێگری پارێزگاری هەولێر دەڵێت، "بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەمئاوی ئەمساڵ ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری خەرجکردنی شەش ملیار دیناری بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی دەوروبەری هەولێر بۆ مانگەکانی (7، 8 و 9) دەرکرد، جگە لەوەش لە رێگەی شارەوانیی هەولێرەوە داوامان کردووە 20 ملیار دیناری دیکە بۆ ئەو دوو بەڕێوەبەرایەتییە خەرجبکرێت کە ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیی لەسەر داوە و تەنیا خەرجکردنی پارەکە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە ماوە."

رۆژی یەکشەممە 02-07-2023 لە پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەیەک لەبارەی چارەسەرکردنی گرفتی کەمئاوی لە بەشێک لە گەڕەکەکانی هەولێر بەڕێوەچوو. جێگری پارێزگاری هەولێر کە ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو گوتی، "شەش تیمی ئەندازیاریی پسپۆڕمان لە هەر شەش بەڕێوەبەرایەتییەکەی شارەوانیی هەولێر داناوە بۆ وەڵامدانەوەی پەیوەندیی هاونیشتمانییان. هەر کەسێک لە گەڕەکەکەی گرفتی ئاوی هەبوو، پەیوەندیی بە ژمارەکانی شارەوانییەوە بکات و ئەوان سەردانی گەڕەکەکە دەکەن بۆئەوەی کیشەکە چارەسەر بکەن. لە دوایین قۆناخ ئەگەر کێشەکە زوو چارەسەر نەکرا، ئەو کاتە ئاو دەگەیێندرێتە ئەو ماڵانەی پێویستیان بە ئاوە."

ئەو ژمارە تەلەفۆنانەی راگەیاندنی پارێزگای هەولێر بڵاویکردوونەتەوە ئەمانەن:

سنوورى شارەوانیى یەک
07515250001
07515260001

سنووری شارەوانیی دوو
07515250002
07515260002

سنووری شارەوانیی سێ      
07515250003 
07505260003

سنووری شارەوانیی چوار
07515250004
07515260004

سنووری شارەوانیی پێنج
07515250005
07515260005

سنوورى شارەوانیی شەش
07515250006
07515260006