بانکە پسپۆڕییەکانی وەزارەتی دارایی: هەتا 19ـی ئاب هەرکەس قەرزی پێشینە نەگەڕێنێتەوە لە مووچەی کەفیلەکەی دەبڕدرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی بانکە پسپۆڕییەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دوو مانگ لەبەردەستی ئەو کەسانەدایە کە قەرزی پێشینەیان نەگەڕاندووەتەوە، دوای ئەو دوو مانگە یەک لەسەر پێنجی مووچەی ئەو فەرمانبەرە دەبڕدرێت کە بووەتە کەفیل.
 
رۆژی دووشەممە 03-07-2023 شیرین حوسێن، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی بانكه‌ پسپۆڕییه‌كان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو دوو مانگەی کە پێویستە تێیدا هاونیشتمانییان قەرزی پێشینەکانیان بگەڕێننەوە لە 19ی حوزەیرانەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو 19ی مانگی ئاب دەبێت؛ دوای ئەو کاتە، هەرکەس قەرزەکە نەگەڕێنێتەوە، لە مووچەی کەفیلەکەی دەبڕدرێت."
 
بەڕێوەبەری گشتیی بانکە پسپۆڕییەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "بانکەکان 4.024 تریلیۆن دیناریان لە رێگەی ئەو پێشینانەوە بە قەرز داوەتە هاونیشتمانییان، بەڵام 1.9 تریلیۆن دینار لەو پارەیە گەڕێندراوەتەوە بۆ بانکەکان و 2.054 تریلیۆن دینار لای هاونیشتمانییان ماوە."
 
له‌ هه‌رێمی كوردستان 28 بانكی پسپۆڕی هه‌یه‌ كه‌ پێشینه‌یان بە هاونیشتمانییان داوە کە بریتین له‌ بانكی خانووبه‌ره‌، پیشه‌سازی، كشتوكاڵ و نیشته‌جێكردن.
 
پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان 15% داشکاندنی بۆ ئەو کەسانە کردبوو کە قەرزی پێشینەیان دەگەڕاندەوە؛ هاوکات لە 10% سزای دواکەوتنی گەڕاندنەوەی قەرزەکانیان خۆش دەبوو، بەڵام شیرین حوسێن دەڵێت، "ئێستا ئەو داشکاندنە نەماوە؛ ئەو کەسانەش کە بەسەر کاتی گەڕاندنەوەی قەرزەکەیان تێپەڕیوە، دەبێت سزای 10% بدەن کە بە مانای ئەوە دێت لەگەڵ هەر دواکەوتنێک 10% زیاتر دەچێتە سەر قەرزەکەیان. بۆئەوەی ئاسانکاری بۆ هاونیشتمانییان بکەین و لێخۆشبوونی 15% بگەڕێتەوە و سزای دواکەوتنەکەیان نەمێنێت، نووسراومان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران کردووە و چاوەڕوانی وەڵامی ئەوانین."
 
لەبارەی رێکارەکانی دانەوەی قەرزەکان، شیرین حوسێن دەڵێت، "هەر کەسێک لە كام‌ بانك پێشینه‌ی وه‌رگرتبێت‌، پێشینه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ هه‌مان بانك، چونكه‌ دۆسیه‌كه‌ی له‌وێیه‌؛ ئه‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ له‌گه‌ڵ خۆی بیبات، ئه‌و كارته‌یه‌ كه‌ به‌ر له‌ وه‌رگرتنی پێشینه‌كه‌ی بۆی كراوه‌ بۆئه‌وه‌ی پێشینه‌كه‌ی پێ وه‌ربگرێت، كه‌ ئه‌و كارته‌ ناوی سیانی و ژماره‌ی دۆسیه‌ی تێدایه‌. ئه‌گه‌ر کەسێک ئه‌و كارته‌ی نه‌مابێت یان لای نه‌بێت، ئه‌و كات بانكه‌كان به‌ سیستمی كۆمپیوته‌ری ناوه‌كه‌ی ده‌دۆزنه‌وه‌ و كاره‌كانی بۆ جێبه‌جێ ده‌كه‌ن؛ ئاساییه‌ به‌ كارتی نیشتمانی یان ناسنامه‌ی باری شارستانیی ئه‌و كاره‌ی بۆ ده‌كرێت. هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی وه‌كاله‌تیان بۆ كه‌سێك كردووه‌، ده‌بێت ئه‌و كه‌سه‌ وه‌كاله‌تنامه‌ی لابێت."
 
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەری بانکە پسپۆڕییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا 231.474 كه‌س لە پێشینەکانی قەرزی نیشتەجێبوون، قەرزی بچووک، خانووبەرە، هاوژینی، کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتیاری سوودمه‌ند بوون کە له‌ پارێزگای هه‌ولێر 72 هەزار و 181 كه‌س له‌ پێشینه‌كان سوودمه‌ند بوون و ئەوانە بڕی 1.4 تریلیۆن دیناریان دراوەتێ و لەو بڕە 597 ملیار دینار گەڕێندراوەتەوە و 811 ملیار دیناریش ماوە.
 
له پارێزگاکانی‌ سلێمانی و هەڵەبجە 107 هەزار و 230 كه‌س له‌ پێشینه‌كان سوودمه‌ند بوون؛ 1.5 تریلیۆن دیناریان وه‌كو پێشینه‌ پێدراوە؛ 857 ملیار دینار گەڕێندراوەتەوە و 735 ملیار دیناریش ماوە.
 
له‌ پارێزگای دهۆک 52 هەزار و 63 كه‌س له‌ پێشینه‌كان سوودمه‌ند بوون؛ 1.04 تریلیۆن دیناریان وەکو پێشینە وەرگرتووە؛ 335 ملیار دینار گەڕێندراوەتەوە و 684 ملیار دیناریش ماوە.