117 هەزار و 364 قوتابی بەشداری لە تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12دا دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی شەممە، رۆژی دەستپێکردنی هەستیارترین تاقیکردنەوەی خوێندن بوو، لە پلەی گەرمای نزیکەی 40 پلەی سیلیزی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 ئامادەیی بۆ ساڵی 2022-2023 لە کاژێر 7:30 بەیانی دەستیپێکرد.
قوتابیانی بەشی زانستی یەکەم تاقیکردنەوەیان وانەی زیندەزانی و قوتابیانی وێژەییش تاقیکردنەوەی وانەی مێژوویان هەبوو.
خوناو عەلی، قوتابی پۆلی 12 یە و دەڵێت، " کەشوهەوای ژوورەکە زۆر خۆشبوو، فێنک بوو، بەڵام پرسیارەکان زۆر قورس بوون". سانتا نەبیل یوسف، قوتابییەکی دیکەیە و باس لەوە دەکات، " ستافەکە زۆر باشبوو بۆ خۆی، بەتایبەت بەڕێوەبەری هۆڵەکە زۆر بەڕێز و هێمن بوو. وابزانم هیچ کەس هەوڵی گزی نەدا."
بروسک بەشدار، قوتابییەکی دیکەی پۆلی 12 و ئاماژە بەوە دەکات، "پرسیارەکان هەمووی هزری بوون. هەمووی دەبوایە بە کاژێرێک بەس لەپێش پرسیارەکاندا دابنیشیتەوە."
تاقیکردنەوەکان بڕیارە هەموو شەممە و سێشەمەیەک تاوەکو 26 ئەم مانگە بەردەوامبن.
لە هەرێمی کوردستان هەزار و 675 هۆڵ تاقیکردنەوەیان تێدا ئەنجامدەدرێت.
ئەمساڵ 117 هەزار و 364 قوتابی بەشداری لە تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 دا دەکەن. لەو ژمارەیەش، 75 هەزار و 239یان زانستین و 39 هەزار و 113یان وێژەیین و سێ هەزار و 12ی دیکەشیان پیشەیین.
بۆ ئەمساڵیش وەزارەتی پەروەردە ئامادەکاری کردووە تاوەکو لە کەشێکی ئارام و گونجاو تاقیکردنەوەکان بەڕێوە بچن.
لوقمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر دەڵێت، " هەفتەیەک پێش دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکان، چەندین لیژنەی هوونەریمان پێکهێنا لەسەر ئاستی پەروەردەی قەزاکان، بۆ ئەوەی لە هۆڵەکان چاودێری بکەن ئایا فێنککەرەوەکان بەتەواوی ئیشدەکەن، تاوەکو کەشێکی ئارام بۆ قوتابیانمان بڕەخسێنین لە ناو هۆڵەکاندا. لیژنەیەکمان پێکهێناوە بۆ حاڵەتێکی نەخوازراو."
بۆ رێگری کردن لە دزە پێکردنی پرسیاری تاقیکردنەوەکان چەند رێکارێکی تووند دانراون. یەک لەوانەش بڕینی هێڵی ئینتەرنێتە لە کاژێر 6 بەیانی تاوەکو 8:30ی بەیانی. هەرچەندە، لە یەکەم رۆژی تاقیکردنەوە پێش کاژێر 8 ئینتەرنێت بەردەستبوویەوە کە بە گوتەی بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردە هۆکاری هەبوونی تاقیکردنەوەیەکی ئۆنڵاینی نێودەوڵەتی بوو، بۆیە ناچاربوون ئەمڕۆ زووتر ئینتەرنێت بگەڕێننەوە، بەڵام بۆ رۆژانی داهاتوو بەپێی رێنماییەکان تاوەکو کاژێر 8:30 ئینتەرنێت بەردەستنابێت.