وەزارەتی تەندروستی: سەربڕینی ئاژەڵ لە ماڵان بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون دەڵێت: "سەربڕینی ئاژەڵ لە ماڵان بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە و پێویستە لە شوێنی رێپێدراو بێت و قەسابەکانیش لەکاتی کاردا، جلی تایبەتی خۆپارێزی لەبەربکەن."
رۆژی شەممە، 03-06-2023 وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان نۆ رێنمایی بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون دەرکرد کە واژۆی سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی لەسەرە و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، سۆران، گەرمیان، راپەرین، زاخۆ و کۆیە کراوە.
لە رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان هاتووە؛ سەربڕینی ئاژەڵ لە ماڵان بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە و سەربڕینی لە شوێنی رێپێدراو دەبێت. پابەندکردنی قەسابەکان بە لەبەرکردنی کەلوپەلی خۆپاراستن بەتایبەتی لەدەستکردنی دەستکێشی لاستیک و جلی تایبەتی خۆپارێزی لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵ، گۆشت و خوێنەکەی بەشێوەی تەواو، لەکاتی سەرپێچیش بە تووندی سزادەدرێن.
بە گوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی، پێویستە دوای سەربڕینی ئاژەڵ شوێنەکەی پاکبکرێتەوە و دەڵێت: "شوێنەکە پاکژبکرێتەوە بە بەکارهێنانی گیراوەی کلۆر 5٪ دەگیرێتەوە بە بەکارهێنانی فاس بە رێژەی 6٪ و هەر بەشێک فاس بۆ 11 بەش ئاو، هەروەها بەهەمانشێوە پاکژکردنەوەی کەلوپەلی بەکارهاتوو لەکاتی سەربڕینی و پارچەکردنی گۆشتی سوور."
وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکات لە شوێنی رێگەپێدراو گۆشتی سوور بکڕن و دەڵێت: "دەستکێش لە دەست بکەن و ئاگاداربن دەستیان هیچ برینی نەبێت و تەختەی وردکردنی گۆشت جیاواز بێت لە تەختەی لەتکردنی سەوزە، پاشان شوێنی وردکردنەکە بە باشی خاوێن بکرێتەوە بە ئاوی گەرم و سابوون، دواتر پاکژکردنەوەی و کوڵاندنی گۆشت بە تەواوی."
بەشێکی دیکە لەو رێنماییانەی وەزارەتی تەندروستی بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشی تای خوێنبەربوون دەریکردووە:
- لەبەرکردنی جلی قۆڵ درێژ و رەنگی کاڵ لەکاتی سەردانی ئەو شوێنانەی گەنەکان تێیدا بڵاوە تاوەکو دیاربێت، هەروەها بەکارهێنانی کرێمی تایبەت بە دوورخستنەوەی مێروو و گەنە لە لەشی مرۆڤ.
- پێویستە بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی ڤێتێرنەری و کشتوکاڵ بکەن، دەربارەی رێكارەکانیان سەبارەت بە رشاندنی ئاژەڵان بە قڕکەر.
- جەختکردنەوە لە کاری پتەوکردنی تەندروستی بۆ پاراستنی هاووڵاتییان لەرێگەی هەڵمەتی جیاواز و بڵاوکردنەوەی رێنمایی بەمەبەستی گەیاندنی زانیاری دروست.
- جێبەجێکردنی چالاکییەکانی رشاندنی شوێنی گەنەکان و بەگوێرەی پلانی ساڵانەی کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییە گوێزراوەکان.
- پابەندبوونی کارمەندانی تەندروستی بە لەبەرکردنی کەرەستەی خۆپارێزی کەسی بەشێوەی زانستیی دروست.
دەرکردنی ئەو رێنماییانە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی لەکاتێکدایە رۆژی 31ـی ئایاری 2023 دووەم تووشبووی تای خوێنبەربوون لەمساڵدا لە پارێزگای هەولێر دوای مانەوەی دوو رۆژ لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. لەکاتێکدا یەکەم تووشبووش لەمساڵدا لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بوو.
تای خوێنبەربوون بە چەندین رێگە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ؛ دەکرێت بە سووکی تووشی بێت و هەندێکجاریش دەبێتە هۆی مردن. ئەو دوو تووشبووی ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان بە تای خوێنبەربوون گیانیان لەدەستدا یەکێکیان قەساب و یەکێکی دیکەیان بەرکەوتنی لەگەڵ ئاژەڵدا هەبووە.
ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1944 لە کریمیا دۆزرایەوە؛ هەربۆیە ناوی لێنرا تای خوێنبەربوونی کریمیا؛ لە ساڵی 1956 نەخۆشییەکی هاوشێوە لە کۆنگۆی دیموکرات دۆزرایەوە و لە ساڵی 1969 دەرکەوت کە ڤایرۆسی کریمیا و کۆنگۆ هاوشێوەن؛ بۆیە زۆرجار لەگەڵ ناوەکە ناوی هەردوو ناوچەکەی پێوە دەلکێندرێت.