راپۆرتێک: لە مانگی نیساندا 31 هاونیشتمانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستگیرکراون
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، مانگی رابردوو 31 هاونیشتمانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و سڤیل لەلایەن دامودەزگە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراون.
بەپێی راپۆرتی ئەو رێکخراوە، لە نیسانی ساڵی 2023دا 22 هاونیشتمانی بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، 2 هاونیشتمانی بە تۆمەتی چالاکی ئایینی و هاونیشتمانییەک بەهۆی چالاکییە سڤیلەکانەوە دەستگیرکراون. زانیاری لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنی 6 کەسەکەی دیکە لە راپۆرتەکەدا نەهاتووە.
22 کەس لەوان لە پارێزگای ورمێ، 6 کەس لە پارێزگای سنە، لە پارێزگای ئیلام کەسێک و 2 کەسیش لە ئێران دەستگیرکراون و ئاماژە بەوەشکراوە، زۆرینەی دەستگیرکراوەکان لەلایەن ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستگیرکراون.
هاوکات رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی رۆژی سێشەممە 2-5-2023 بڵاویکردەوە، چوار هاونیشتمانی لە تەممووزی 2022ەوە دەستگیرکراون و مەترسی ئەشکەنجە و مامەڵەی ناشایستە بەرامبەریان لەسەرە و ترسی ئەوەش هەیە لە دادگەیەکی نادادپەروەرانەدا سزای سێدارەیان بەسەردا بسەپێنرێت.
پژمان فاتحی، وەفا ئازەربار، محەممەد فەرامەرزی و موحسین مەزڵووم ئەو چوار هاونیشتمانییەن کە تەممووزی ساڵی 2022 لە ورمێ دەستگیرکران. ئەوان تۆمەتبارن بەوەی "پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل هەبووە" و هەوڵیانداوە لە ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێراندا تەقینەوە بکەن.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دەڵێ، ئەو چوار هاونیشتمانییە بۆ کاری رێکخستن و سیاسی لە ورمێ بوون و هیچ پەیوەندییەکیان بە ئیسرائیلەوە نییە.
بەگوتەی کەسوکاریان، دەسەڵاتی ئێران تاوەکو ئێستا رێگەی بە کەسوکار یان پارێزەریان نەداوە چاویان پێیان بکەوێ.