فەرەنسا سەرکۆنەی "هەڵمەتی رق و کینە" دژی کوردانی ئێزدی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "بڵاوکردنەوەی گوتاری رق و کینەی ئەم دواییە بەرامبەر ئێزدییەکان، لەوانەش بەرگریکردن لەو تاوانانەی لە لایەن داعشەوە دژی ئێزدییەکان ئەنجامدران، بە تووندترین شێوە سەرکۆنە دەکەین."
هەفتەی رابردوو، ڤیدیۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە کە دەریدەخات لە کاتی دەربڕینی ناڕەزایی دژی گەڕانەوەی چەند خێزانێکی عەرەب بۆ شنگال، ژمارەیەک منداڵ بە بەرد هێرش دەکەنە سەر مزگەوتێکی قەزاکە، ئەوەش توڕەیی هاونیشتمانییانی لێکەوتەوە کە دواتر میری ئێزدیان و بڕیاربەدەستانی دیکەی ئێزدی بێبەریبوونی خۆیان لەو جۆرە کارانە دەربڕی. بەڵام بەشێکی هاونیشتمانییان "گوتاری رق و کینە"یان ئاراستەی کوردانی ئێزدی کرد.
باڵیۆزخانەی وڵاتە ئەوروپییەکە لە بەغدا هیچ ئاماژەیەکی بە هۆکاری سەرهەڵدانی کێشەکە نەکردووە، بەڵام "جەخت لە مافی ئێزدییەکان دەکاتەوە بۆ ئەوەی لە ئاشتی، ئاسایش و شکۆمەندیدا بژین، هاوشێوەی پێکهاتەکانی دیکەی کۆمەڵگەی عێراقی."
باڵیۆزخانەکە هەروەها جەخت لە "پابەندیی کۆنکرێتیی فەرەنسا دەکاتەوە بە پشتیوانیکردنی ئێزدییەکان لە عێراق، چ مافی ژیانێکی شکۆمەندانە بێت لەو ناوچانەی کە پێشتر تێیدا بوونە ئامانجی پاکتاوکردنی داعش یانیش لە شەڕی دژی خۆدزینەوە بێت لە یاسا."
نێردە دیپلۆماسییەکەی فەرەنسا داوا لە دامودەزگاکانی حکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات "کە بەردەوام بن لە هەوڵەکانیان بۆ باشترکردنی ئاسایش، بەڕێوەبردن و ئاوەدانکردنەوە لە شنگال."
ناڕەزایی کوردانی ئێزدی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 27ی نیسان، دوای ئەوە هات کە 40 خێزانى ئاوارەى عەرەب گەڕانەوە شنگال. کوردانی ئێزدی دەڵێن، بەشێک لە ئەندامانی ئەو خێزانانە دەستیان لە هەڕەشەکردن و ئازاردانی کوردانی ئێزدییدا هەبووە لە کاتی هێرشی داعش لە ساڵی 2014دا.
هەر رۆژی هەینی 28-4-2023 لیوا ئیلیاس، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای نەینەوا گوتی، "لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وا بڵاوکراوەتەوە کە یەکێک لە مزگەوتەکانی قەزای شنگال سووتێندراوە؛ ئەو هەواڵە هیچ بنەمایەکی راستی نییە داوا لە کەناڵەکانی راگەیاندن دەکەین ورد و هۆشدار بن لە گواستنەوەی زانیارییەکان و هەواڵ لە سەرچاوە دروستەکەیەوە وەربگرن."
میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزدییانی کوردستان و جیهان رۆژی هەینی 28-4-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کاتێک داعش هێرشی کردە سەر شنگال و ئێزدییەکان، موسڵمانان دەرگەی مزگەوتەکانیان بۆ کردوونەتەوە و کەمتەرخەمییان نەکردووە؛ گوتیشی: لە ئەخلاقی ئێزدییەکاندا نییە مزگەوت بسووتێنین و هێرشی بکەنەسەر.