قەدەخەی هاتووچۆ لە شارۆچکەی بەرواریی سێرت راگەیێندرا

 
رووداو دیجیتاڵ

لەدوای بڕیاری قەدەخەکردنی خۆپێشاندان لە وان و بەدلیس، پارێزگای سێرت قەدەخەی هاتووچۆی لە شارۆچکەی بەرواریی پارێزگاکەی راگەیاند.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی پارێزگای سێرت، کە کاژێر 02:06ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 03-04-2024 بڵاویکردووەتەوە، هاتووچۆ لە شارۆچکەی بەرواری و تەواوی گوندەکانی سنوورەکەی لە کاژێر 01:00ی بەرەبەیانی چوارشەممەوە تاوەکو دەرچوونی بڕیاری تازە قەدەخەیە.
 
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە بەهۆی بڕیاری پێنەدانی بەڵگەنامەی دەستبەکاربوون بە بەربژێری براوەی دەم پارتی لە وان، لە چەند شوێنێک خۆپێشاندان کرا.
 
پێشتر قەدەخەی خۆپێشاندان لە پارێزگاکانی وان و بەدلیس راگەیێندرابوو.
 
لە راگەیێندراوەکەی پارێزگای وان، کە کاژێر 11:32ی شەوی رابردوو بڵاویکردەوە، ئەوە هاتووە، "لە سنووری پارێزگای وان لە رۆژی 03-04-2024 تاوەکو درەنگی شەوی 17-04-2024 خۆپێشاندان و چالاکییە هاوشێوەکان قەدەخەن، جگە لەوانەی پارێزگا و قایمقامی وان رێگەیان پێدەدەن."
 
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا کە رۆژی 31-03-2024 بەڕێوەچوو، عەبدوڵڵا زێدان، بەربژێری دەم پارتی بە رێژەی 55.4% بەرامبەر 27.14% و بە جیاوازیی نزیکەی 150 هەزار دەنگ، پۆستی گەورەشارەوانیی وانی بردەوە، بەڵام دادگە بڕیاریدا بەڵگەنامەی دەستبەکاربوون بە بەربژێرەکەی ئاکپارتی بدرێت، نەوەک عەبدوڵڵا زێدان.
 
بەگوێرەی دادگە، هۆکارەکە یاساییە و عەبدوڵڵا زێدان تۆمەتی لەسەرە، لەکاتێکدا بەرپرسانی دەم پارتی و بەشێکی پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن باس لەوە دەکەن، زێدان پێش ئەوەی خۆی بەربژێر بکات، نووسراوی ئەستۆپاکی وەرگرتووە، بەڵام رۆژی هەینی و 15 خولەک بەر لە کۆتاییهاتنی کاتی کار، بە بریارێک لە وەزارەتی دادەوە تۆمەتەکان گەڕێندراونەتەوە سەر زێدان.
 
دەم پارتی بڕیاری داوە سەردانی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بکات و لەوێ مافی زەوتکراوی خۆی وەربگرێتەوە.