لە 4 تاوەکو 22ـی ئەم مانگە فۆرمی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ نیڤشکانان پڕدەکرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان رایگەیاند، لە سبەی یەکشەممەوە تاوەکو 22ـی شوبات کەمئەندامانی شاری سلێمانی دەتوانن فۆرمی یەکەی نیشتەجێبوون پڕبکەنەوە و دواتر بەگوێرەی مەرجەکان ناویان دەچێتە تیروپشک و "ئەوەی ناوی دەربچێت یەکەی پێدەدرێت."
 
رۆژی شەممە، 03-02-2024، سامان حوسێن، سەرۆکی یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پڕۆژەکە دەکەوێتە ناوچەی قولەرەیسی لە شاری سلێمانی و توانیویانە لە کۆی هەزار یەکەی نیشتەجێبوون، مۆڵەتی 240 واتا 24٪ـی پڕۆژەکە وەربگرن بۆ ئەوەی بدرێتە کەمئەندامان."
 
بە گوتەی سەرۆکی یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان، ماوەی دوو ساڵە کار لەسەر ئەو پڕۆژەیە دەکەن. دەشڵێت: "لە سبەی یەکشەممەوە فۆرم پڕکردنەوە دەستپێدەکات و تاوەکو 22ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، بۆیە هەر کەسێک دەیەوێت دەبێت سەردانی یەکێتییەکە بکات بۆ ئەوەی فۆرم وەربگرێت."
 
بەگوێرەی ئەو مەرجانەی یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان دیاریکردووە، دەبێت ئەندامی یەکێتییەکە بێت، تەمەنی لە سەرووی 18 ساڵ بێت، لە خانووی کرێدا بێت و پێشتر یەکەی نیشتەجێبوونی وەرنەگرتبێت. سامان حوسێن دەڵێت: "هەر کەسێک فۆرمی پڕکردەوە و مەرجەکانی تێیدا بوو ئەوە دواتر ناوی دەچێتە تیروپشکەوە."
 
لقی سلێمانی یەکێتیی کەمئەندامان پێنج هەزار ئەندامی هەیە. سامان حوسێن دەڵێت، پڕۆژەکە دوو ساڵی دیکە تەواودەبێت و رووبەری یەکەکان 140 مەترە و قیستی مانگانە بە بڕی 150 هەزار دینار لە کەمئەندامان وەردەگرێت.