دەستەی گەشتوگوزار: نزیکەی 15٪ـی گەشتیارانی هەرێمی کوردستان گەشتیاری زستانەن


رووداو دیجیتاڵ

دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، نزیکەی 15٪ـی گەشتیارانی هەرێمی کوردستان، گەشتیاری زستانەن و ئاماژە بەوەش دەکات کە بەراورد بە رابردوو، پەرە بە پڕۆژە گەشتیارییەکانی زستانە دراوە.
 
روژی، 03-02-2023، ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان میوانی بووڵتەنی کاژێر 14:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە نمە نەبەز پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، ساڵی رابردوو زیاتر لە شەش ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
 
بەگوتەی ئیبراهیم عەبدولمەجید، 15٪ـی گەشتیاران تایبەتن بە وەرزی زستان و سەردانی ناوچە شاخاوییەکان دەکەن.
 
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە شەپۆلێکی باران و بەفربارین هەرێمی کوردستانی گرتەوە و لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بە رێژەی جیاواز باران باریوە؛ هەروەها لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکانیش بەفر باریوە.
 
گەشتیارێکی زۆر لە عێراق و ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانەوە روویان لە ناوچە شاخاوییەکان کردووە، وەک چیای کۆڕەک لە سنووری قەزای سۆران.
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، بەراورد بە ساڵانی رابردوو پەرە بە گەشتیاریی زستانە دراوە و لە هەندێک لە چیاکان، خزمەتگوزاریی گەشتیاری هەیە و پێشکێشی گەشتیاران دەکرێت. گوتیشی: ''لەبەر ئەوەی سرووشتی هەرێمی کوردستان زۆر گونجاوە بۆ گەشتوگوزاریی زستانە، دەکرێ دەیان پڕۆژەی دیکەی گەشتیاری جێبەجێ بکرێن.''
 
ئیبراهیم عەبدولمەجید باسی لە ئاستەنگەکانی بەردەم کەرتی گەشتیاری کرد و پێیوایە وەبەرهێنەران زیاتر سەرنجیان لەنێو شارەکانە و کەمتر رازی دەبن پڕۆژە دوورەدەستەکان وەربگرن و گوتیشی: ''ئێمەش بە پلان دەمانەوێت ئەم گوشارە لەنێو شارەکان کەم بکەینەوە و وەبەرهێنەران هانبدەین بۆ ئەوەی لە دەرەوەی شارەکان پڕۆژە جێبەجێ بکەن. ئەوەش دەبێتە هۆی پێشخستنی سێکتەری گەشتوگوزار.''
 
دەستەی گەشتوگوزار بڕیاری بۆ بەکارهێنانی زمانی کوردی لە شوێنە گەشتیارییەکان دەرکردووە و ئیبراهیم عەبدولمەجید ئەوە بە ''هەوڵێک لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی بۆ پاراستنی مافی دەستووریی زمانی کوردی و رێگەگرتن لە کاڵبوونەوەی لە شوێنە گەشتیارییەکان'' ناودەبات. بەگوێرەی ئەم رێنماییە، سەرجەم شوێنە گەشتیارییەکان ئاگادار کراونەتەوە کە دەبێ تابلۆی ناوی شوێنەکان و لیستی خزمەتگوزارییەکانیشیان بە زمانی کوردی بێت و ئەم بڕیارە چوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت: ''هەر هاونیشتمانییەک لە شوێنە گەشتیارییەکان بینی تابلۆی ناو و لیستی خزمەتگوزارییەکان بە زمانی کوردی نییە، دەتوانێت بەڕێوەبەرایەتییەکانمان ئاگادار بکاتەوە.''
 
بەپێی رێنماییەکە، شوێنی گەشتوگوزاری سەرپێچیکار، سەرەتا بۆ ماوەی سێ رۆژ و ئەگەر دووبارەی کردەوە بۆ ماوەی هەفتەیەک دادەخرێت، ئەگەریش پابەند نەبوو، بەیەکجاری مۆڵەتی گەشتیاری لێدەستێندرێتەوە و رێگەی پێنادرێت لە بواری گەشتیاری کار بکات.
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان باسی لە پڕۆژەیەکی گەشتیاری لە چیای گارە لە پارێزگای دهۆک کرد و گوتی: ''ئێستا لە قۆناخی جێبەجێکردندایە کە سەرجەم رێکارە کارگێڕی و یاساییەکانی تەواو بوون. ئەم پڕۆژەیە دروستکردنی تەلەفریکە لە ناحیەی سەرسەنگەوە بۆ چیای گارە و کۆمەڵگەیەکی گەشتیاری و سەرجەم خزمەتگوزارییەکان لەخۆ دەگرێت.''
 
ئیبراهیم عەبدولمەجید دەڵێت، لیژنەکانیان کە لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانن، کوالێتیی خزمەتگوزارییەکان لە شوێنی گەشتیاری کۆنترۆڵ دەکەن، هەروەها رێگری دەکەن لە بەرزکردنەوەی دڵخوازانەی نرخ لەلایەن شوێنە گەشتیارییەکانەوە، ئەگەریش پابەندی ڕێنماییەکان نەبن، بە پێبژاردن و داخستن سزا دەدرێن.