وان لە ریزی هەژارترین پارێزگاکانی تورکیایە و خەڵک نۆرە بۆ گۆشتی هەرزان دەگرن
رووداو دیجیتاڵ
لە شارۆچکەی رێگەی ئاوریشم لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان، دەیان کەس لە بەرەبەیانەوە لەبەردەم دامەزراوەی گۆشت و شیر، بۆ کڕینی گۆشت نۆرەیان گرتووە؛ دامەزراوەکە سەر بە کەرتی گشتییە، بەرهەمەکانی بە 50% کەمتر لە بازاڕ دەفرۆشێت.
هاونیشتمانییەک دەڵێت، "وەڵڵا دیار نییە، جاری وا هەیە نایەت، رەنگە پێمان بڵێن نەماوە، بڕۆن."
لە بازاڕ و مارکێتەکانی وان نرخی کیلۆیەک گۆشتی مانگا بە 600 لیرەیە، کە دەکاتە 17 دۆلار و کیلۆیەک قیمە بە 500 لیرەیە، کە دەکاتە 14 دۆلار.
هاونیشتمانییەکی دیکە دەڵێت، "لە کاژێر 07:00ی بەیانییەوە لێرەم، هاوڕێکانم لەدوای نوێژی بەیانییەوە هاتوون، نازانم قیمەمان دەدەنێ یان گۆشت، دۆخمان باشتر نابێت و بەرەو خراپتر دەڕوات."
هەڵاوسان و هەژاری تەنگی بە هاونیشتمانییانی وان هەڵچنیوە. بەپێی دامەزراوەی ئاماری تورکیا، کە دامەزراوەیەکی فەرمیی حکومەتە، لە 2024دا وان لە ریزی هەژارترین پارێزگاکانی تورکیا بووە.
بەپێی داتاکانی ئەو دامەزراوەیە، لە مانگی کانوونی یەکەمی 2024دا هاوڵاسانی مانگانە 1.03% بەرزبووەتەوە و لەسەر ئاستی ساڵانەش بۆ 44.38% دابەزیوە.