تورکیا گیانلەدەستدانی 9 شەڕڤان و هەسەدەش کوژرانی 72 سەربازی تورکیا و چەکداری نزیکی راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت، لە ئەنجامی هێرشەکانی سوپای وڵاتەکەی بۆ سەر شەڕڤانان لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، 9 شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە. هەسەدەش دەڵێت، 72 سەربازی تورکیا و چەکداری گرووپە چەکدارەکانی سووریای نزیکی کوشتووە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا، رۆژی هەینی، 3ی کانوونی دووەمی 2025، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، گیانلەدەستدانی 9 شەڕڤانی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رێگەی تۆپبارانەوە راگەیاند.
وەزارەتەکە دەشڵێت، ئۆپەراسیۆنەکانیان لە هەر دۆخێکدا بەردەوام دەبن.
هاوکات، ئەنجوومەنی سەربازیی منبج کە سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)یە، ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی هێرشەکانی دوێنێ و ئەمڕۆیان بۆ سەر سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سووریای نزیکی لە دەوروبەری منبج و بەنداوی تشرین 72 سەرباز و چەکداری ئەو گرووپانەیان کوشتووە.
ئەنجوومەنی سەربازیی منبج دەڵێت، 16 تەرمی ئەو سەرباز و چەکدارانە کەوتووەتە بەردەستی هێزەکانیان.
تورکیا سێ جار لە رێگەی ئۆپەراسیۆنەوە و بە پاساوی پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی، چووەتە نێو رۆژئاوای کوردستان و سووریا.
ئابی 2016، سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی "قەڵخانی فورات"ـی بەرەو باکووری سووریا دەستپێکرد و ناوچەکانی باب، راعی و عەزازی سەر بە پارێزگای حەلەبی کۆنترۆڵ کرد. تورکیا باسی لەوەکرد ئۆپەراسیۆنەکەی لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعش کردووە.
رۆژی 20ـی کانوونی دووەمی 2018، تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی ئەو کاتی سووریا لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە ناوی ''چڵە زەیتوون'' لەشکرکێشیی کردە سەر عەفرینی رۆژئاوای کوردستان. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ماوەی 58 رۆژ بەرگری لە خاکی عەفرین کرد، بەڵام دواجار سوپای تورکیا بە هاوکاریی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای نزیکی، عەفرینی داگیرکرد.
سوپای تورکیا و هێزە نزیکەکانی رۆژی 9ـی تشرینی یەکەمی 2019 لە ئۆپەراسیۆنێک دا بە ناوی "کانیی ئاشتی" هێرشیکردە سەر گرێسپی و سەرێکانی لە رۆژئاوای کوردستان و ئەو دوو شارۆچکەیەشی خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆی.