کۆمیسیۆن: وەزارەتی دارایی عێراق درەنگکەوت لە تەرخانکردنی پارە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەشێک لە هۆکاری ئەوەی کە ناتوانن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا بکەن، بۆ درەنگکەوتنی وەزارەتی دارایی عێراق لە وەڵامدانەوەیان بۆ تەرخانکردنی پارە دەگەڕێنێتەوە.
بەرپرسێکی کۆمیسیۆنەکە دەڵێت بۆ کردنی هەر هەڵبژاردنێک، 10 مانگ کاتیان پێویستە، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی تەنیا دوو مانگ ئامادەکاری کراوە. بەرپرسەکەی کۆمیسیۆن پێشبینی دەکات هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەوێتە مانگی تەمموز یان ئابی ساڵی 2024.
بەپێی نووسراوی ژمارە (خ/24/ز.م/1) کە رۆژی 2ـی کانوونی دووەمی 2024 بەناونیشانی "هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان" رەوانەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی کردووە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندووە "دەمانەوێت ئاگادارتان بکەینەوە، ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنمان دەستپێکرد و، خشتەی کارەکانیشمان ئامادەکرد و چەندین سیستەممان دانا، بڕیاربوو لە 1ـی ئابی 2023 بڕگەکانی خشتەکە دەستپێبکەین، بەڵام بەهۆی ئەوەی بڕیاری پارەدارکردن لە وەزارەتی دارایی لە رۆژی 28/12/2023 دەرچوو، بۆیە کۆمیسیۆن نەیتوانی بڕگەکانی خشتەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکات، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندییان بە گرێبەستکردن و دابینکردنی کەرەستەکانی هەڵبژاردنەوە هەیە."
لە درێژەی نووسراوەکەدا کۆمیسیۆن پێشنیاز بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات، وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریبکەن، کە بە هاوئاهەنگی بێت لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بۆ ئەوەی رێکخستن و بەڕێوەبردنی پرۆسەیەکی دەنگدانی سەرکەوتوو لە هەموو لایەنەکانەوە بکرێت.
بەرپرسێکی باڵای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە بە باشی نەزانی ناوی ببرێت، شەوی چوارشەممە، 3-1-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "پێشبینی دەکەین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەوێتە نیوەی دووەمی ساڵ، واتە مانگی تەمووز یان ئاب دەکرێت، بەڵام چاوەڕوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان."
رۆژی پێنجشەممە 3ـی ئابی 2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە دیاریکردنی 25ـی شوباتی 2024 وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
دادگەى باڵاى فیدراڵى لە 21ـی کانوونى دووەمى 2024، دانیشتنێکى دیکە دەکات بۆ تاوتوێکردنى سکاڵایەک کە لە دژی یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پێشکێش بە دادگەکە کراوە.