دوای راپۆرتێکی رووداو، لە هەولێر هەڵمەتی قەدەخەکردنی فرۆشتنی ڤەیپ دەستیپێکرد


رووداو دیجیتاڵ 

راپۆرتێکی تۆڕی میدیایی رووداو لەسەر فرۆشتنی ڤەیپ بە کەسانی خوار 18 ساڵ و فرۆشتنی ڤەیپی ماوە بەسەرچوو، هەڵمەتی قەدەخەکردنی فرۆشتنی ڤەیپ و دەستبەسەرداگرتنیانی لێکەوتەوە. بەشێوەیەک قایمقامیەتی هەولێر لە دوو رۆژدا نۆ شوێنی داخستووە و بە هەزاران ڤەیپ و نێرگەلەی ئەلیکترۆنی دەستیان بەسەرداگیرا. 
 
دیار، دوای ئەوەی بەڵێننامەی نەفرۆشتنی ڤەیپی پێ پڕکرایەوە، لەبەردەم قایمقامیەتی هەولێر چاوەڕێ بوو کلیلی دووکانەکەی وەربگرێتەوە. 
 
دیار مەجید، فرۆشیارێکی ڤەیپە و بە رووداوی گوت، "بەبڕی 300 بۆ 400 هەزار دۆلار ڤەیپمان هەبوو، نازانین چارەنووسیان چی لێدێت، جگەرەی بە قوم هەیە ئەوە زیاتر وڵاتی چین دروستی دەکات، بەس کوالێتی باش و خراپ هەیە، خراپەکە لە رێگەی ئاوی و بە قاچاخ دێت، باشەکە فەرمییە و لە رێگەی فڕۆکەخانەوە دێت، هەمووی بەڵگەی هاوردەکردنی لەگەڵە و گومرگی دراوە."   
 
ئەو ڤەیپەی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، لە وڵاتەکانی چین، تورکیا و ئێران دەهێندرێن، بۆیە فرۆشیارێکی ڤەیپ پێشنیاز دەکات، ئەگەر حکومەت دەیەوێت ڤەیپ قەدەخە بکات، با سەرەتا هاوردەکردنی بەشێوەیەکی فەرمی لە فڕۆکەخانەکان رابگرێت. 
 
فرۆشیارێکی ڤەیپ کە نەیوست رووخساری لەبەردەم کامێردا دەربکەوێت، بە رووداوی گوت، "هەمووی لە فڕۆکەخانەوە دێت، ئێستا بڕۆ فڕۆکەخانە کۆمەڵێک هەن دەیهێنن، حکومەت دەبێت لە فڕۆکەخانەوە دەستپێبکات، لە بازگەکانەوە دەستپێبکات و قەدەخەی بکات کە نەیەتە ژوورەوە، ئەوکاتە نامێنێت." 
 
قەدەخەکردنی ڤەیپ و نێرگەلەی ئەلیکترۆنی بەهۆی زیانە تەندروستییەکانیان، بڕیاری وەزارەتی تەندروستی، داواکاری گشتی و چاودێریی بازرگانییە و سەرتاسەریی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.