کەمیی کارەبای نیشتمانی بازاڕی پەرەمێزی گەرم کردووە

رووداو دیجیتاڵ  

کەمیی کارەبای نیشتیمانی، وایکردووە خواستی خەڵک لەسەر سۆپای نەوت، فانۆس و پەرەمێز زیاد بکات. پەرەمێزە نوێیەکان بە گاز کاردەکەن و نرخیان هەشت هەزار دینارە. 
 
یەعقووب رەئووف، فرۆشیاری پەرەمێزە لە هەولێر و بەهۆی کەمیی کاژێرەکانی پێدانی کارەبا، بازاڕی باشە. ئەو دەڵێ " پەرەمێزەکە هەم ژوورەکە گەرم دەکات و هەم ئاوەکەش گەرم دەکات، ئەگەر کارەبا هەبێت خەڵک، داوای ناکات بەڵام ئێستا خەڵک زۆر داوای دەکات."
 
بازاڕی هیتەرفرۆشانیش گەرموگوڕە، بەڵام خواست تەنیا لەسەر یەک جۆری هیتەر زۆرە. 
 
شێرزاد خالد، فرۆشیاری هیتەر دەڵێ "خەڵک دێت داوای هیتەرێک دەکات کارەبای کەم پێویست بێت، هیتەریش یەک میلی یەک ئەمپێر کارەبای دەوێت، هەندێش هاتوون، کە یەک شەمعییان یەک ئەمپێر و نیوی دەوێت."
 
لەگەڵ هاتنی یەکەم شەپۆلی سەرما، کاژێرەکانی پێدانی کارەبا کەمبووەتەوە، لە هەندێک ناوچەی هەولێر لە 24 کاژێردا تەنیا سێ بۆ چوار کاژێر کارەبای نیشتمانی هەیە.
 
رۆژی هەینی (1-12-2023) زیاتر لە 14 کاژێر کارەبای نیشتمانیی سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کوژایەوە.
 
سوارە بیرۆکەیی، هاونیشتیمانی لە هەولێرەوە قسە بۆ رووداو دەکات و دەڵێ "ئێستا هەموو لایت و شەحنە، ئەوایش دادەبەزن و ئێوارە داهات دەبێ بڕۆینە ژێر بەتانی، ئیدی ئەوە نەماوە سەردانی میوان و خزموکەسوکار بکەین."
 
سەرتیب مەعرووف، خانەنشینە و باسی ئەوە دەکات "تاوەکو مووەلیدە بێت کێشەمان نییە، بەڵام ئیدی وا وردەوردە دەبێت فانووس و لایت بکڕین، بەس ئێستا کارەبا زۆر کەمە و ئەمڕۆ بەس دوو کاژێر هەبووە و ئاوی گەرممان نییە."
 
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 800 مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت، بەڵام لە وەرزە سارد و گەرمەکاندا خواست لەسەر کارەبا بۆ دوو هێندە بەرزدەبێتەوە و کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانیش بەو هۆیەوە کەمتر دەبنەوە، لەبەرامبەریشدا خواست لەسەر جێگرەوەکانی کارەبا زیاد دەکات.