لە رووبەڕووبوونەوەی ئاسایشی سلێمانی و تۆمەتبارێکدا منداڵێک گیانی لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ 

قایمقامی قەزای بازیان دەڵێت، لەکاتی رووبەڕووبوونەوەی نێوان ئاسایشی سلێمانی و تۆمەتبارێکدا منداڵێک "لە ترسا" گیانی لە دەستدا.
 
رۆژی شەممە، 02-12-2023، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی داواکراوێکی "لەیاسا هەڵاتووی" راگەیاند و گوتی، "لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، لە رۆژی 02-12-2023 تۆمەتباری لەیاسا هەڵاتوو (مەریوان کەریم تۆفیق) لە قەزای بازیان دەستگیرکرا".
 
ئیسماعیل ئەحمەد، قایمقامی بازیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تۆمەتبارەکە لە دەرەوەی بازیان بووە و هاتووەتە نێو یەکێک لە کۆڵانەکانی سەنتەری قەزاکە. لە کۆڵانەکەدا پێکدادان لەنێوان ئۆتۆمبێلی ئاسایش و تۆمەتبار روویداوە و منداڵەکە ئەوەی بینیوە و لە ترسا گیانی لەدەستداوە".
 
بە گوتەی قایمقامی بازیان، "دیار نییە منداڵەکە نەخۆشی هەبووە یان نا، ئەوەی هەیە لە ترسا گیانی لەدەستداوە، چونکە هیچ گوللەیەکی بەرنەکەوتووە و رەوانەی دادپزیشکی سلێمانی کراوە".
 
سەرچاوەیەکیش لە پۆلیسی سلێمانییەوە بە رووداوی گوت، "منداڵەکە کچە و تەمەنی هەشت ساڵە".
 
ئاسایشی سلێمانی لەبارەی دەستگیرکردنی داواکراوەکە دەڵێت، "دەستگیرکردنی ئەم داواکراوە لە کاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا چەند ئاژاوەگێڕێک لە سنووری قەزای چەمچەماڵ لە ناحیەی شۆڕش تەقەیەکی زۆریان کرد و بوونە هۆی مەترسی و بێزاری هاووڵاتییانی سنوورەکە".
 
تۆمەتباران بەپێی مادەی (15) لە یاسای چەک فەرمانی گرتنیان بۆ دەرکرا. ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، دوای گەیشتنی هێزەکانی ئاسایش و کۆماندۆی کوردستان بۆ شوێنی رووداوەکە، تۆمەتباران بەچەک رووبەڕووی هێزەکان بوونەوە و تۆمەتبار (مەریوان کەریم تۆفیق ) هەڵهات و پاش ماوەیەک لە خۆ حەشاردان و خۆشاردنەوە، ئەمڕۆ لە قەزای بازیان دەستگیرکرا. 
 
دەستگیرکردنی مەریوان کەریم تۆفیق لە کاتێکدایە، رۆژی 12-09-2023، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکان و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی سەر بە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، شەش چەکداریان دەستگیر کرد کە "تەقەکەر و ئاژاوەگێڕ بوون و لە ناحیەی شۆڕشی سنووری چەمچەماڵ لە باخێکدا تەقەیان دەکرد"، ئەوەش ببووە هۆی بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ.