پەروین بوڵدان: نۆ رۆژنامەنووس لەسەر راست نووسین زیندانیکراون


رووداو دیجیتاڵ 

هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە لەبارەی بڕیاری زیندانیکردنی نۆ رۆژنامەڤانی کورد رایگەیاند، تاوانیان نووسینی "راستییەکان" بووە. 
 
رۆژی سێشەممە 1ی تشرینی دووەمی 2022، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا کە سێشەممەی هەموو هەفتەیەک دەکرێت، پەروین بوڵدان گوتارێکی پێشکێشکرد و ئاماژەی بە بڕیاری دادگەی سزا قورسەکانی ئەنقەرە کرد لەبارەی زیندانیکردنی نۆ رۆژنامەڤانی کورد. 
 
پەروین بوڵدان رایگەیاند، فەرمانی زیندانیکردنی نۆ رۆژنامەڤانی سەر بە ئاژانسی مێزۆپۆتامیا و ژن نیوز، تەنیا بەهۆی نووسینی راستییەکان بووە و گوتی: "تاوانی ئەم رۆژنامەڤانانە نووسین و بڵاوکردنەوەی راستییەکان بووە. زیندانیکردنیان، زەوتکردن و لێسەندنەوەی مافی هاووڵاتییە لە بەدەستگەیشتنیان بۆ زانیاریی و هەواڵی راست و دروست. هەروەها هێرشێکی راستەوخۆشە بۆسەر خەڵک." 
 
بوڵدان راشیگەیاند: "وڵات زۆر پێویستی بە کار و زانیارییەکانی رۆژنامەڤانە راستەقینەکان هەیە، نەک نووسین و هەواڵە ساختەکانی ئەو کەسانەی خۆیان بە رۆژنامەڤان دەزانن و بە رێنمایی راستەوخۆی کۆشک کاردەکەن. رۆژنامەڤانە زیندانیکراوەکان سیمبۆلی میدیا ئازاد و شکۆی دیموکراسیەتن. لێرەوە رێز و خۆشەویستی خۆم ئاراستەی یەکە بەیەکەیان دەکەم. لێرەوە پێتان دەڵێم، پێنووسی بەهاداری ئێوە مێژوویەکی پڕ شکۆ و شانازی تۆمار دەکات و ئەوانەی پێنووسەکەی ئێوەی کەلەپچە کردووە، ناویان لە مێژووی رەشدا تۆمار دەکرێت." 
 
هاوسەرۆکی هەدەپە هێرشیکردە سەر دەسەڵات و رایگەیاند، "هزری بکوژانی ئاپێ موسا [موسا عەنتەر] لەم دەسەڵاتەدا رەنگ دەداتەوە، بەڵام با خاوەنی ئەم هزرە ئەوە باش بزانن، خەبات و دیدگای موسا عەنتەرەکان و محەممەد سنجارەکان و وێدات ئایدنەکان وەک چرایەک رێگای خەباتی ئێمە رووناک دەکەنەوە." 
 
رۆژی 25ی تشرینی یەکەمی 2022، هەریەک لە بێریڤان ئاڵتان، بەڕێوەبەری نووسینی ئاژانسی مێزۆپۆتامیا؛ دەنیز نازڵم، سەلمان گوزەلیوز، هاکان یاڵچن، جەیلان شاهینلی، ئەمروڵڵا ئاجار کارمەندان و رۆژنامەڤانانی ئاژانسی مێزۆپۆتامیا و لەگەڵ حەبیبە ئەرەن، ئۆزنور دەیەر و محەممەد گونهان پەیامنێرانی گۆڤاری ژن نیوز بەتۆمەتەکانی "ئەندامبوون لە رێکخراوی تیرۆریستی، ئەنجامدانی کاری رۆژنامەڤانی بۆ بەرژەوەندی رێکخراوی تیرۆریستی و گومان خستنە سەر هێزە فەرمییەکان و تۆمەتبارکردنیان" لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لە ئامەد و چەند پارێزگایەکی تورکیا دەستگیرکران و بەبڕیاری دادوەر، گواسترانەوە ئەنقەرە. 
 
رۆژی 29ی تشرینی یەکەمی 2022، دادگەی سزا قورسەکان لە ئەنقەرە لە کۆی 10 رۆژنامەڤانە دەستگیرکراوەکە، تەنیا محەممەد گونهان بەمەرجی دادیی ئازاد کرد و بڕیاری زیندانیکردنی نۆ رۆژنامەڤانەکانی دیکەی دەرکرد.