لێدانی لۆگۆ، شریت و لەزگەی تەکسی تاوەکو 1-12-2021 درێژکرایەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند لە کۆی نزیکەی 83 هەزار تەکسی 27 هەزار تەکسی لەزگە و لۆگۆ و شریتییان لێدراوە. گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای هەولێریش دەڵێت: "بەپێی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن وادەی لێدانی لۆگۆ و شریت بۆ 1-12-2021 درێژکراوەتەوە".
 
سەڵاح جەوهەر، بەڕێوەبەری گشتی گواستنەوە لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەکۆی 35 هەزار تەکسی لە پارێزگای هەولێر 16 هەزاریان لەزگە و لۆگۆ و شریتییان لێدراوە. لە پارێزگای سلێمانی لە کۆی 27 هەزار تەکسی 5 هەزار تاکسی و لە پارێزگای دهۆکیش لە کۆی 27 هەزار تەکسی 5 هەزارییان لەزگە و لۆگۆ و شریتییان لێدراوە".
 
هەروەها فازڵ حاجی، گوتەبێژی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەپێی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەوەی بەشێکی شۆفێری تەکسییەکان مامەڵەکانیان لە جێبەجێکردندایە و بۆ ئەوەی دەرفەتێکی دیکە بدرێتە شۆفیرەکان بۆ تەواوکردنی کارەکانیان، وادەی لێدانی لەزگە و  لۆگۆ و شریت و دەرهێنانی کارتی زانیاری تاوەکو رۆژی 1-12-2021 درێژکراوەتەوە".
 
رۆژی 1-8-2021 کۆتایی ئەو وادەیەبوو کە وەزارەتی ناوخۆ بۆ خاوەن تاکسییەکانی دیاریکردبوو بۆ لێدانی لۆگۆ و لەزگەی تەكسی، لەسەر پێشنیازی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بۆ 3 مانگی دیکە ئەو وادەیە بۆ شۆفێرانی تەکسی درێژکرایەوە.
 
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن وەزارەتەکە پێشنیازی کردبوو وادەی لێدانی كارتی زانیاری و لۆگۆ و لەزگەی تەكسی تاوەکو 01-11-2021 درێژبکرێتەوە. 
 
بەپێی نووسراوەکەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، لە دوای ئەو کاتەی کە دیاریکرابوو هەر شۆفێرێک سەرپێچی لە بڕیارەکە بکات 500 هەزار دینار سزا دەدرێت و بۆ هەر مانگێک دواکەوتنیش 500 هەزار دیناری دیکە سزا دەدرێت.
 
رۆژی چوارشەممە 15ی ئەیلوولی 2021 ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن پێشوازیی لە نوێنەری سەندیکای کرێکاران و شۆفێرانی تەکسی کرد، لە کۆبوونەوەیەکدا وەزیری گواستنەوە و گەیاندن ئاماژەی بەوە کردووە، پرۆژەی لێدانی لۆگۆ و لەزگەی تەكسی "بۆ بەرژەوەندی و سەلامەتیی شوفێری تەكسی و سەرنشینەكانە".
 
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، شۆفێرانی تەكسی داواکارییەکیان ئاراستەی وەزیری گواستنەوە و گەیاندن كردووە بۆ مەبەستی درێژكردنەوەی وادەی كۆتایی كە بڕیارە لە 1ی تشرینی دووەمی 2021 كۆتایی بێت و لە بەرامبەردا وەزیری گواستنەوە و گەیاندن جەختی لەوە كردووەتەوە، "بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و خودی وەزیری ناوخۆ لەسەر هێڵن و ئەم پرسە بە هەند وەرگیراوە و بەڵێنیدا ماوەكەیان بۆ درێژبكاتەوە، تەنانەت سزای پێبژاردنەكەش دوادەخرێت".